٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

میدیاكانی جیهان كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەرز دەنرخێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  لە میانەی سەردانێكیاندا بۆ كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان و ئاوارەكانی شاری مووسڵ، تیمی كەناڵی BBCـی بەریتانی بەدواداچوونێكی تایبەتی بۆ ئەو رێكخراوانە كردووە كە هاوكاریی بەردەوامی پەناخوازان دەكەن كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كامپەكاندا نیشتەجێ كراون، بۆ ئەو مەبەستەیش كار و چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەهاناوەچوونی پەنابەران و دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان، بەرز دەنرخێنن.

رۆژی 20/6/2014 هەر دوو بەشی عەرەبی و ئینگلیزیی كەناڵی BBCبە مەبەستی بە دواداچوونی رەوشی پەنابەرانی مووسڵ سەردانی كامپی خازریان لە هەولێر كرد، لەو سەردانەیاندا تیمەكانی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)ـیان بینی كە هاوكاریی بەردەوام پێشكەشی پەناخوازان دەكەن، ئەمەیش سەرنجی راكێشان و لە رێپۆرتاژێكدا چۆنیەتیی هاوكاریكردنی پەناخوازان لە لایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)ـیەوە خرایە روو.

لە رێپۆرتاژەكەدا BBCئاماژە بەوە دەدات كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرەڕای هەبوونی رێگرەكانی وەكو نەبوونی ئامارێكی دروستی پەناخوازان، رۆژانە لە كۆگاكانییەوە سێتی خواردن ئامادە دەكات و لە رێگەی ئۆفێسەكانییەوە بەسەر پەناخوازانی مووسڵدا دابەشی دەكات. هەر لە رێپۆرتاژەكەی BBCـدا ئاماری هاوكارییەكانی دەزگا بۆ پەناخوازانی مووسڵ دەخاتە روو كە رۆژانە 2000 بوتڵ ئاو، 4000 بسكێك و 1500 قوتوو شیری منداڵ بەسەر پەناخوازانی مووسڵ دابەش دەكات.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2005 دامەزراوە و رۆژانە هاوكاریی خەڵكی هەژار و لێقەوماوان دەكات و ئۆفێسی لە كەمپەكانی پەناخوازان لە كوردستاندا هەیە و تاكە دەزگای خێرخوازییە كە میدیاكانی جیهان گرنگی بە كار و چالاكییەكانی دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار