٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

كوردستان دەبێتە یەكێك لە پێشكەوتووترین و دەوڵەمەندترین هەرێمەكانی جیهان

سەرچاوە: zagros tv

ڕۆژنامەی "گەڵف نیوز"ی ئیماراتی: ماتیۆ فاگۆتۆ

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی - Zagros Tv

 

"گەشەی ئابووریی ئەم هەرێمە زۆر لە گەشەی دوبەی خێراترە. كوردستان لە ماوەی 4 ساڵ تا 5 ساڵ داهاتوودا ئەو پێشكەوتنە بەدەست دەهێنێت، كە بەرپرسانی ئیمارات لە ماوەی 20 ساڵدا توانییان بەدەستی بهێنن. تاكو پێنج ساڵی دیكە ئەم هەرێمە ئەوەندە پێش دەكەوێت، كە هیچ كەسێك باوەڕ ناكات".

ئەمانە قسەی جەم سەفارین. سەفاری لە ئوتێلێكی 23 نهۆمی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا ئیش دەكات و دەڵێت:"ئێرە ژینگەیەكی زۆر گونجاوە بۆ گەشەی ئابووری.

ئەو كەسانەی لەم جۆرە ژینگەیەدا پێشەنگ دەبن، لە پاشاندا سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنن". ئەو لە نهۆمی سەرەوەی ئوتێلەكەوە سەیری هەولێر دەكات و بە شانازییەوە باس لەو بڕیارە دەكات، كە وای كرد كۆتایی بە ئیشی خۆی لە لەندەن بهێنێت و لە هەرێمی كوردستان دەست بە ئیشكردن بكات.

پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستان
سەفاری بەڕێوەبەری یەكەی پێشخستنی ئیش و كاری ئوتێلی "دیوان"ـە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

ئەم ئوتێلە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا كرایەوە و بە یەكەمین پرۆژەی ئەو گرووپە توركییە دادەنرێت لە دەرەوەی توركیادا. "دیوان" 228 ژووری هەیە و كرێی مانەوەیش لە ژوورەكانیدا بۆ ماوەی 1 شەو لە 500 دۆلاری ئەمەریكییەوە دەست پێدەكات تاكو 15 هەزار دۆلار دەڕوات.
بەرپرسانی ئوتێلەكە دەیانەوێت بە باشترین شێوە خزمەتی ئەو كەسانە بكەن، كە لە وڵاتانی دیكەوە ڕوو لە كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی كاری وەبەرهێنان لەو هەرێمەدا ئەنجام بدەن، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە یەكێك لە شوێنە زۆر پێشكەوتووەكانی جیهان لە بواری ئابوورییەوە.

جیهان ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی ئابووری گەورە بووەتەوە، بەڵام گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 8% زیادی كردووە. كوردستان لە بواری نەوت و غازەوە زۆر دەوڵەمەندە و پێشبینی دەكرێت بڕی 45 ملیار بەرمیلی نەوتی یەدەكی تێدا بێت.
سیاسەتی حكوومەتی هەرێمیش بۆ سوودوەرگرتن لەم سامانە سرووشتییە ڕۆڵێكی گەورەی لەو پێشكەوتنەدا گێڕاوە، كە كوردستانی گرتووەتەوە.

كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەر تاكەكەسێك لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 6 هەزار دۆلاری ئەمەریكییە و ئەمەیش بەڕێژەی 50% لە ئاستی عێراق زیاترە.

هەولێر لەم پێشكەوتنەدا پشكی شێری بەركەوتووە.
ئەم گەشە خێرایەیش وای كردووە نرخی زەوی لەو شارەدا بەشێوەیەكی پێشبینینەكراو بەرز بێتەوە.

ئەگەر لە شارەكەیش بچیتە دەرەوە، ئەوا دەیان كۆمەڵگای تایبەت بە نیشتەجێبوون دەبینیت و نرخی هەندێكیشیان لە سەروو 1 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییەوەیە. شابازاڕەكان بوونەتە هۆی ئەوەی هەولێر زیاتر بڕازێتەوە و ئێستایش مۆدێلە تایبەتییەكانی ئۆتۆمبیلی وەكو "پۆرش" لە شارەكە دەبینرێن.
بڕیارە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوویشدا بۆرسەی هەولێر لەگەڵ تاوەرێكی نوێی تایبەت بە بیزنیز و چەندین ئوتێلی گەورە بكرێنەوە.

كوردستان و نازناوە سەرنجڕاكێشەكان

ئەم پێشكەوتنەی هەولێر وای كردووە، نازناوی "دوبەی نوێ"ـی پێ ببەخشرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پێیانخۆشە كوردستان بە "عێراقەكەی دیكە" ناو بهێنرێت، ئەمەیش وەكو هێمایەك بۆ ئەو ئارامی و ئاشتییەی لە هەرێمەكەیاندا هەیە- نابێت ئەو ڕاستیەمان لەبیر بچێت، كە تاكو ئێستایش كوشتن لە سەر بنچینەی تائیفی و تەقینەوە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا بەردەوامە.
چاودێران پێیان وایە ئەو ئارامی و ئاسایشەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی دابینی بكات، ڕۆڵێكی زۆر كارا و گرنگی لەو پێشكەوتنەدا بینیوە، كە هەرێمەكەی گرتوەتەوە. كوردستان هێزی ئاسایشی تایبەت بە خۆی هەیە و ئارامی و ئاسایشی ئەو هەرێمەیش وای كردووە هاووڵاتیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوو لە كوردستان بكەن و لەوێ بژین.

مێژووی ئۆتۆنۆمیی سەربازی و سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ پاش شەڕی یەكەمی كەنداو لە ساڵی 1991ـدا دەگەڕێتەوە، ئەوەیش كاتێك ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاری ناوچەی دژە فڕینی بە سەر ئەو هەرێمەدا ڕاگەیاند بۆ مەبەستی پاراستنی كوردەكان لە هێرشە وەحشیگەرەكانی سەدام حوسێن. بەڵام گەشەی ئابووریی هەرێمەكە لە پاش هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر عێراق لە ساڵی 2003دا دەستی پێكرد.
ڕاوێژكاری پەیوەندییە ئابوورییەكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان فاتح عەلی مودەریس دەڵێت:"لە ساڵی 1991ـدا كوردستان تەنیا گوندێكی گەورە بوو. ئێمە نە ئامێری تایبەت بە پەیوەندی و نە ڕێگا و بانێكی ئەوتۆمان هەبوو. تەنیا خاوەنی 2 نەخۆشخانە بوین".

هەبوونی کونسووڵگەری و زانكۆ و فڕۆكەخانە

ئێستا کونسووڵگەری و نووسینگەی نوێنەرایەتیی زیاتر لە 17 وڵاتی جیهان، 7 زانكۆ و 2 فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و لە هەرێمەكەدا هەن و ئەمەیش ئەوە پیشان دەدەن، كە پێشكەوتنی ئابووریی ئەم هەرێمە واتای گەورەی هەیە.
فڕۆكەخانەكان شارەكانی هەولێر و سلێمانی بە ڤیەننا و فرانكفۆرت و ستۆكهۆڵمەوە دەبەستنەوە. سەرەڕای ئەوەیش، ڕێگا و بان لە هەرێمی كوردستاندا گرنگیی تەواوی پێدراوە و نموونەیەكی زۆر سادەی ئەم پێشكەوتنەش ئەو ڕێگایەیە، كە شارەكانی هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ئێستا هەولێر تەواوی خەسڵەتەكانی شارێكی مۆدێرنی تێدایە. 7 شابازاڕی گەورە لەم شارەدا هەن و جوانترین و سەرنجڕاكێشترین مۆدێلەكانی جل و بەرگیش لەم شابازارانەدا دەست دەكەون.
لە شوێنە جیاوازەكانی شارەكە چێشتخانەی چینی و پیزاری هەن و ئەگەریش سەردانی پاركەكانی ئەو شارە بكەیت، لەوانەیش پاركی "شانەدەر"، ئەوا هەست بەو ئازادییە دەكەت كە گەنجەكانی ئەو هەرێمە هەیانە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی سەركەوتووی بۆ گەشەی ئابووریی هەرێمەكە هەیە و ئێستایش كار لە سەر بەرەو پێشبردنی كەرتی گەشتوگوزاری كوردستان دەكات. قەڵای هەولێر بە دێرینترین شوێن دادەنرێت، كە بە درێژایی مێژوو خەڵكی تێدا ژیابێت و بە سەر بازاڕ و سەنتەری شارەكەدا دەڕوانێت.
ئێستا ئەم قەڵایە نۆژەن دەكرێتەوە و پاش تەواوكردنی نۆژەنكردنەوەكەش خانووە كۆنەكانی ناو قەڵاكە دەكرێنە مۆزەخانە و ڕیستورانت و گالەری هونەری.

توركیا و ئێران و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا
وڵاتانی دراوسێی عێراق، بە تایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و توركیا، بە پەرۆشەوە كاریان كردووە و هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی سوود لەم پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان وەربگرن

زانیارییەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەو ڕاستیە دەردەخەن، كە ئێستا زیاتر لە 1000 كۆمپانیای توركی و زیاتر لە 300 كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستاندا خەریكی كاری وەبەرهێنانن.

هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی لای توركیا هەیە و هەربۆیەیش ئەو وڵاتە لە هەموو بوارێكەوە لەو هەرێمەدا كاری وەبەرهێنان دەكات، ئیدی هەر لە بواری ئاوەدانكردنەوەوە بیگرە تا دەگاتە وەبەرهێنانی بواری نەوت و خشڵ و بەرهەمی خۆراك. فاتح عەلی مودەریس دەڵێت: "بۆ ماوەی چەندین دەیە سزای ئابووری بە سەر عێراقدا سەپێنرا. كاتێكیش ئەم سزایە هەڵگیرا، ئیدی پێویستیمان بە هەموو شت هەبوو و توركیایش ئامادە بوو ئەم پێداویستیانە دابین بكات".
توركیا لە ساڵی 1996ـەوە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەكات، ئەوە سەرەڕای ئەو ڕاستییەی كە بەرپرسانی توركیا دژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردین.

تاكو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەری جیهان هاوشێوەی شوێنەكانی دیكەی عێراق سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ توركیا جیاوازە و كۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنەرانی توركیا خەریكی دروێنەكردنی ئەو بەرهەمەن، كە پاش چەندین ساڵ لە وەبەرهێنان لەو هەرێمە بەدەستیان كەوتووە.
سیاسەتی سەركەوتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

هەوڵی تاكو ئێستای بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەبووە. هەوڵی ئەوان بۆ ئەوە بووە، هەرێمەكەیان لە بواری ئابوورییەوە پێش بخەن.

لە چەندین بوارەوە، پسپۆڕی شارەزا لە كوردستاندا نین و ئەمەش بەرپرسانی هەرێمی ناچار كردووە كەسانی بیانی بهێننە ناو كوردستانەوە و كارئاسانیشیان بۆ بكەن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەست بێت، كە مەبەستە ئەویش پێشكەوتن و بوژاندنەوەی هەرێمی كوردستانە، لەوانەش وەرنەگرتنی باج لە كۆمپانیاكان بۆ ماوەی 10 ساڵ و فرۆشتنی زەوی بۆ ئەو پرۆژانەی تایبەتن بە بواری وەبەرهێنان و ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئابووریی تەندروست بە جۆرێكی وەها فەلسەفەی موڵكدارییەتی ڕژێمی پێشووی عێراق كۆتایی پێ بهێنرێت.

سەرۆكی ژووری ئابووری و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دارا خەیات دەڵێت:"لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا هەموو شتێك ماڵی حكوومەت بوو.

بەڵام ئێستا كۆمپانیاكانی وڵات بوونەتە كۆمپانیای تایبەت و ئابووریی هەرێمەكەیشمان لە سەر بنچینەی بازاڕی ئازاد گەشە دەكات".

ئەم بارودۆخە ئابوورییەی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە دروستكردن و پێگەیاندنی ژمارەیەك لە دەوڵەمەندترین خەڵكی عێراقدا ڕۆڵی هەبێت.
لە هەمان كاتیشدا، هەندێك كۆمپانیای وەكو "ئاسیا سێڵ" خزمەتگوزاریی خۆیان گەیاندووەتە ناوچەكانی دیكەی عێراق و ئەمەیش ئەوە دەردەخات، كە دەكرێت كوردەكان بە باشترین شێوە و بە كرداری سوود لەم پێشكەوتنە گەورەیەی بواری ئابووریی هەرێمەكەیان وەربگرن.

كوردستان بەرهەمی خۆماڵی پێویستە
ئەوانەی باس كران، هەموویان فاكتەر و دەرفەتی گرنگن، بەڵام هێشتا هەندێك شت ماون، كە بەربەستن لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی ڕاستەقینەدا لە هەرێمی كوردستان.

نەبوونی پیشەسازییەكی خۆماڵی وای كردووە كەرەستەی بیناسازی و بەرهەمی خۆراك لە وڵاتانی دیكەوە بهێنرێنە ناو كوردستانەوە و ئەمەیش وا دەكات ئەو بەرهەمانە گران بن.
خزمەتگوزاییەكانی وەكو ئاو و كارەبا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا باشتر بوون، بەڵام پارێزگاری هەولێر لە شەو و ڕۆژێكدا تەنیا 17 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەداتە هاووڵاتیان. تەنانەت هەندێك لە گوندەكان كارەبای نیشتمانییان هەر نییە.

پێدەچێت ئەو شتەی وەك هەورێكی تاریك بە سەر داهاتووی هەرێمەكەوە وا بێت ئەو كێشەیەی بواری نەوتە، كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندیدا هەیە.

دەرفەتی ئیش بۆ هاووڵاتیانی كوردستان
پێدەچێت كێشەی سیاسی وای كردبێت، ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەرانی بیانی ئامادە نەبن بێنە ناو هەرێمەكەوە بۆ ئەوەی كاری وەبەرهێنان بكەن، بەڵام بەرپرسانی كوردستان لەوە دڵنیان كە ئارامی و ئاسایشی كوردستان و سیاسەتی ژیرانەی حكوومەت بەسە بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەوەی ڕوو لە كوردستان بكەن.

جەمال پێنجوێنی تەمەن 30 ساڵ پێشتر وێنەگر و هونەرمەند بوو، بەڵام ئێستا كاری وەبەرهێنان دەكات و دەڵێت:"هەر كەسێك بیرۆكەیەكی هەبێت دەتوانێت بەكاری بهێنێت و خزمەتی پێ بكات". ئەو پێشتر لە ناوچەی پێنجوێن بوو، بەڵام 10 ساڵ پێش ئێستا بڕیاری دا، شوێنی خۆی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە سلێمانی بكات.
ئەو ئێستا خەریكی ئەنجامدانی چالاكی و كاری جۆراوجۆرە، ئیدی هەر لە ڕاوێژكاری كۆمپانیاكانی بواری نەوتەوە بیگرە تا دەگاتە بەڕێوەبردنی كافتریایەكی بچووك لە سەنتەری سلێمانیدا.

ژمارەیەك لە وێنەكانی جەمالـیش لە گەلەرییە گەورەكانی ئەورووپا و ئەمەریكادا پیشان دراون. جەمال پێنجوێنی نموونەیەكە و ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە دەكرێت كەسێكی داهێنەر لەمڕۆی كوردستاندا سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.
ئەو دەڵێت "كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زۆر گۆڕاوە. پێشتر ئاگاداری جیهان نەبووین. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا تەنیا ئابووریی هەرێمی كوردستان پێش نەكەوتووە، بەڵكو تێڕوانینی خەڵكیش گۆڕاوە. ئێستا ئێمە زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە لەگەڵ جیهان تێكەڵین".

سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستانە

هەرچەندە هەولێر پایتەختی ئابووریی هەرێمی كوردستانە، بەڵام سلێمانییش ڕۆڵی خۆی لەم پێشكەوتنە گەورەیەی هەرێمەكەدا هەیە.
سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستانە و لە سەرانسەری ئەو شارەدا ژمارەیەكی زۆر گەلەری هونەری و مۆزەخانە بەرچاو دەكەون. بەناوبانگترینی ئەو مۆزەخانانەیش "ئەمنە سوورەكە"یە.

ئەم باڵەخانەیە لە لایەن ڕژێمی سەدامـەوە بۆ ئەشكەنجەدانی هاووڵاتیان و زیندانییە سیاسییەكان بەكاردەهێنرا، بەڵام ئێستا كراوەتە مۆزەخانە و پەیكەرەكانیش ئاماژەیەكن بۆ ئەو تەكنیكانەی تایبەت بە ئەشكەنجەدان كە ڕژێمی سەدام پەیڕەوی دەكردن.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەكە، كە پێشمەرگەی كوردستانیشە، ئاكۆ غەریب مەعروف دەڵێت:"ئیشكردن لێرە هەستێكی تایبەتیم پێ دەبەخشێت.

ئێرە یەكێك بوو لەو شوێنە سەرەكییانەی كە تیایدا كەلتور و ناسنامەی كوردایەتی دەسڕایەوە، بەڵام ئێمە لە سەر پشتگریكردن لە سەر كولتووری خۆمان بەردەوام بووین و واز لەو كارەیش ناهێنین".

هەواڵی پەیوەندیدار