بایكۆتی كۆبوونەوە نەتەوەییەكان نەزانییە

بە ڕای شارەزایان، بزووتنەوەی گۆڕان كات و شوێن و ئامانج لە بایكۆتكردن لە بەرچاو ناگرێت. مامۆستایەكی زانكۆیش، پێی وایە كە بایكۆتكردنی ئەو دانیشتانەی كە پێوەندییان بە پرسی نەتەوەییەوە هەیە، سوود بە خۆیان و پڕۆسەی سیاسیی كوردستان ناگەیەنێت و لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە گۆڕان لە چەمكی بایكۆت تێنەگەییشتووە.
شارەزا و مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەددین دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ پێی وایە كە لایەنەكان كاتێك هەست بكەن بوون و نەبوونیان كاریگەریی نییە، كۆی پڕۆسەكە بایكۆت دەكەن.
هاوكات بە رای ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبووبەكر عەلی بایكۆت چەمكێكی گشتییە و دەكرێ لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە بەكار بێت. بە رای ئەو، بایكۆت خۆدابڕینە لە چالاكییەكی دیاریكراو و شێوازێكە لە خەباتی سلبیی بۆ گوشارخستنە سەر لایەنێكی تایبەتی سیاسی.
هاوكات بە رای مامۆستای زانكۆ دكتۆر جووتیار عادل بایكۆت وەستانەوەیە لە دژی رێڕەوی یاسایی پەرلەمان. چونكە بە رای ئەو كە هاتییە ناو پەرلەمان، بەشدارینەكردنی بێ مۆڵەت لە كۆبوونەوەكان دەرچوونە لە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای گشتی.
بایكۆت كارتێكە لە دژی داگیركەر
نەك سیستەمی خۆماڵی
ئەگەر سەیری مێژووی بەكارهێنانی بایكۆت لە وڵاتان بكەین، دەردەكەوێت كە بایكۆت تەنیا بۆ وەستانەوە لە دژی مەترسیی دەرەكی و وەكوو پەیامێكی سیاسیی گەل و حكوومەت لە دژی وڵاتانی دیكە بەكار دێت.
لە ساڵی (1769) لە شۆڕشی ئەمەریكادا، بازرگانەكانی فیلادلفیا بایكۆتی كڕینی شتومەكەكانی بەریتانیایان كرد و لە (1848) خەڵكی شاری میلانی ئیتالیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی وڵاتی نەمسایان بایكۆت كرد و دواتر شەڕیشی لێ كەوتەوە و ئەو بایكۆتە لە ئەنجامدا سەربەخۆیی میلان و ڤێنیزی لێ بەرهەم هات. هەروەها بایكۆتی كڕینی شتومەكی ئەمەریكا لە وڵاتی چین لە ساڵی (1905) و بایكۆتی كڕینی شتومەكی ژاپۆنی لە وڵاتی چین لە بزووتنەوەی (1919) و .. هتد.
سەرجەمیان بایكۆتیان وەكوو كارتێكی سیاسی و ئابووری لە دژی داگیركەر و دوژمن و بە گشتی و مەترسییە دەرەكییەكان بەكار هێناوە و هیچ كام لەو نەتەوە و وڵاتانە بایكۆتیان وەكوو كارتێكی ناوخۆیی بەكار نەهێناوە.
تێنەگەییشتن لە بایكۆت
بە ڕای مامۆستای زانكۆ دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ ئەو جۆرە بایكۆتكردنە كە زیاتر لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانـەوە دەبینرێت، تێنگەییشتنی سیاسیییە لە چەمكی بایكۆت. چونكە بە رای ئەو بایكۆتكردن سەرەتا لە هەڵبژاردنەكانەوە دەست پێدەكات، لایەنێك كە متمانەی بە پڕۆسەكە نەبێت، كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن بایكۆت دەكات. بە رای ئەو، هەنگاوی دووەمی بایكۆت لە كاتێكدایە كە لە هەڵبژاردندا بەشدار بێت، بەڵام دەرەنجامەكانی بە دڵ نەبێت.
بە بۆچوونی عەبدولحەكیم خەسرۆ ئەگەر وەكوو گۆڕان هاتیتە پەرلەمان و بووی بە بەشێك لە پڕۆسەكە، گومانێكی گەورە لە بایكۆتـەكان دروست دەبێت. لەو حاڵەتەدا بە رای ئەو مامۆستایەی زانكۆ، گومان لە لایەنە سیاسییەكان دەبێت، نەك لە پڕۆسەكە بە گشتی.
هاوكات لە هەرێمی كوردستانیشدا كات و ئامانج بۆ بایكۆتكردن لە بەرچاو ناگیرێت. ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی (ئەبووبەكر عەلی) پێی وایە كە مەرج نییە چالاكی و داخوازییەكانی دەستگەیەك بایكۆت بكرێت. بە رای ئەو، تێگەییشتنی جۆراوجۆر بۆ ئەو پرسە هەیە و گرنگە كە ئامانجەكانی ئەو لایەنەیش لە بەرچاو بگیرێن، كە بڕیاری بایكۆتكردنی دەدرێت.
مامۆستای زانكۆ عەبدولحەكیم خەسرۆیش لەسەر ئەو باوەڕەیە كە بایكۆتكردنی پرسە نەتەوەییەكان بەو شێوەیەی كە گۆڕان دەیكات، هیچ سوودێكی بۆ خۆیان و كۆی پڕۆسەی سیاسیی كوردستان نابێت. چونكە بە بۆچوونی ئەو، مەترسیی دەرەكی پێوەندی بە هەموو تاكەكانەوە هەیە.
ئەو نایشارێتەوە كە بایكۆتی كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی، كاریگەری لەسەر دەنگدەرەكانیش دادەنێت، چونكە لە كاتی هاتنەئارای پرسێكی نەتەوەییدا، گەندەڵیی ئیداری و چاكسازییەكان لە سایكۆلۆژیای تاكی كوردیدا دەكەوێتە پەراوێزی مەترسییە نەتەوەییەكانەوە.
بە رای چاودێر و مامۆستای زانكۆ دكتۆر جووتیار عادل كارتی بایكۆت لە كوردستان بەسیاسی كراوە و ئامانجیشی ئەوەیە كە لە كاتە هەستیارەكاندا بە دوای راكێشانی سەرنجی راگەیاندنەكاندا دەگەڕێت. ئەمەیش بە رای ئەو، مامەڵەیەكی ناتەندروستە.
رۆژنامهی ههولێر - ژیوار ئیبراهیم




