٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
وتەبێژی فەرمی پارتی

ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ماوەیەکە لەنێو میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا هەندێ بەرپرسی سەر بە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکە و پەیەدە کەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەر لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوور و لە هەوڵی ئەوەدان ڕاستیی بارودۆخی ڕۆژائاوای کوردستان لەبەر چاوی خەڵک بشێوێنن.    پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی سوریاوە تا بەئەمڕۆ لە بەرامبەر دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوا هەڵوێستێكی نەتەوایەتی، كوردستانی، دیموكراسی و مرۆڤدۆستانەی نواندووە و لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەكە و جیهاندا بە هەموو كەناڵەكانی سیاسی، دیبلۆماسی، میدیایی و، بە شێوازی فەرمی و نافەرمییەوە پشتگیریی خۆی بۆ هاوکاری و یەکخستنی گوتاری کوردی ڕۆژئاوا دووپات كردۆتەوە و ئەم هەڵوێستەش بەشێکە لە سیاسەتی نەگۆڕی پارتیمان بەرانبەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە هەموو پارچەکاندا.

لەمەودواش، وەک ڕابردوو بە هەموو توانایەكی سیاسی، دیبلۆماسی،  ئینسانی، ماددی و مەعنەوییەوە، هەر چی لە توانایدا هەبێت پشتگیری خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا دەكەین و بە کردەوەش ئەوەمان سەلماندووە. هەر بۆیەشە ستایشی كۆمەڵگای نێو نەتەوەیی و بەرپرسی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕای گشتی كوردستان و جیهانی وەدەست هێناوە. ئەم هەڵوێستەی پارتیمان، هەڵوێستێكی مەبدەئیی نەگۆڕە و هیچ كاتێك رەفتاری(پەیەدە) كار ناكاتە سەر هەڵوێستمان، كە لەم دواییانە زیاتر بە ئاڕاستەیەكی تاكڕەوی و سەپاندنی سیاسەتی(الحزب القائد)، هاوشێوەی حزبە توتالیتاریەكان، پڕوپاگەندەیەكی بێ بایەخ بڵاودەكاتەوە كە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی كەسانێكی دیاری نێو سەركردایەتی (پەكەكە)وە ئەنجام دەدرێن. ئەوە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکەیە کە دەست لەکاروباری ڕۆژئاوا وەردەدات و بە سەفەقاتی گوماناوی دەیەوێ لەڕێگەی باڵەکەی خۆیەوە کە پەیەدەیە ئەجێندای تر پیادە بکات و هەموو هەوڵێک بۆ یەکدەنگی و هاوکاریی لایەنە کوردییەکان پەک دەخەن.

جارێكی تر تەئكید دەكەینەوە كە رۆژئاوا بە تەنیا موڵكی حزبێك نییە و ڕێككەوتنی هەولێر چوارچێوەیەكی گونجاوە بۆ بەرقەراركردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی، بۆیە پێویستە ئەو ڕێككەوتنە ببێتە مەرجەعیەت بۆ گشت هێزەكانی ڕۆژئاوا كە پارتیمان هەموو پشتیوانییەك لەو مەرجەعیەتە دەكات.

 سەبارەت بە كۆنگرەی نەتەوەیی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە لەسەر بنەمای متمانە و تەبایی و كۆدەنگیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان ببەسترێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەو ڕاستییە بزانن کە كۆنگرەی نەتەوەیی بە مەرجی پێشوەختە نابەسترێت. عەقڵییەتی سەپاندنی مەرج خۆی لە خۆیدا دروستكردنی كێشەیە بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی. بۆیەش تەئكید دەكەینەوە كە كۆنگرەی نەتەوەیی موڵكی هەموو كوردە نەك تەنها لایەنێك کە بیەوێت مەرج و ئەدەبیاتی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت. پێویستیشە نوێنەرانی كۆنگرە، نوێنەرانی گەلی كورد بن، نەك تەنها نوێنەری حزبەكان بن.بەرپاكردنی شەڕی راگەیاندنیش لە دژی پارتی و لەم كاتوساتەدا ئامانج لێی تێكدانی كۆدەنگیی نیشتیمانیە و، هەوڵدانە بۆ دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم كۆنگرەی نەتەوەییدا.

 پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەشدا بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوكردنی ڕێبازی كوردایەتی و مێژووی پڕ سەروەریشی لە مەهاباد و داستانی ئاراس و تا بەئەیلول و گوڵان و سەرهەڵدان، متمانەی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە، ئەمڕۆش فاكتەرێكی سیاسیی بەهێزە لەسەر گۆڕەپانی ناوچەكە و جیهاندا، پاڵپشتێكی گەورەشە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان. هەر لەوچوارچێوەیەشدا سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد، نیشانەی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆكە لە باكوور و لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا. باشترە ئەو لایەنانە لەجیاتی پروپاگەندەی بێ بنەما،  واقعبینانە سیاسەت بكەن و هەموو هەوڵێكیان ئەوەبێ پڕۆسەی ئاشتی بەرەو سەركەوتن بچێت. بەڵام دیارە ئاشتی زیان بە باڵێكی توندڕەوی ناو (پەكەكە) دەگەیەنێت بۆیە ئەوان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور سەرنەگرێت.

 لە كۆتاییدا بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی كوردستان ئاگادار بكەینەوە لە ڕاستیی نامە گۆڕینەوەی نێوان (سەرۆك بارزانی) و بەڕێز (ئۆجەلان) لە ڕێی خاتوو (لەلیلا زانا) كە ئەوە نیشانەی متمانە و هاوكاری و هاودەنگیی نێوانیانە و هیچ كەسێكیش بۆی نییە قسە لەو بارەیەوە بكات و هەوڵ بدات ناوەڕۆكی نامەكان بە ئارەزووی خۆی بشێوێنێ و ئێمەش هەموو هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوور و پشتیوانیكردنی دۆزی ڕەوای رۆژئاوای كوردستانی.

 

                      گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

                                       20/2/2014

هەواڵی پەیوەندیدار