٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

راپۆرتێك: سێ هۆ لەپشت سەركەوتنی چەكدارانی سووریاوەن

سەرچاوە: AK News

ئاكانیوز

سەنتەری "گلۆریا" بۆ توێژینەوەی ناودەوڵەتی راپۆرتێكی لەبارەی پەرەسەندنی دۆخی سووریا بڵاو كردەوە و ئاماژەی كرد ئەو دۆخەی هەڵچوون و دابەزینەی سووریا دووپات لەوە دەكاتەوە كە شەڕی ناوەخۆ لەو وڵاتە بەكۆتا نەهاتووە و سێ هۆكاریش بۆ سەركەوتنی چەكدارانی ئەو وڵاتە هەن.

بەپێی راپۆرتەكە یەكەم هۆ بەردەوامیی یارمەتییەكانی سعوودیە و قەتەر و توركیایە بۆ بەرهەڵستكاران بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و دووەم هۆ بەردەوامی لاوازكردنی هێزەكانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریایە لە رێگەی كردەوەی سەربازی و هێرشی بەرامبەر و سێیەم هۆش بێ توانایی ئەسەدە لە پێشكێشكردنی هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ لایەنەكانی بەرهەڵستكار بەهۆی ئەو سیاسەتەی كوشتن و بڕینەی لە دژی گەلەكەی پێڕەوی دەكا.

بەپێی سەنتەرەكە لە دوای بەردەوامبوونی پرۆسەكانی كوشتن بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوان پێویستە بەرەنجامەكانی ئەو دۆخە هەڵبسەنگێندرێ و ئاماژەی كرد، رەنگە ئەو كوشتارگانەی لە دژی موسڵمانانی سوننە بینیمان ئاماژە بن بۆ شەڕی ناوەخۆ.

سەنتەركە روونی كردەوە، ئێستە رێژیمی سووریا بەهۆی پاڵپشتیی عەلەوی و كریستیانەكانەوە خۆی گرتووە كە مەترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر ئیسلامییەكان بێنە سەر حوكم رووبەڕووی كوشتن و ئاوارەیی بێنەوە.

بۆیە بەپێی سەنتەرەكە كێشەكە لەوەدایە كە عەرەبی سوننە كە 60%ی دانیشتوانی سووریا پێك دێنن، بەسەر چەند كۆمەڵە و گرووپێكی وەك ئیخوان و كۆنەخواز و ناوەند خوازەكانەوە دابەش بوونە، بۆیە پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ لە دوای رووخانی ئەسەددا كێ دەسەڵات بەدەست دێنێ.

هەواڵی پەیوەندیدار