حوسێن مەدەنی: پێویستمان بهوه ههیه که بارزانی وهک زمانحاڵی ههرچوار پارچهی کوردستان سهرکردایهتیی کورد بکات
كاوە جەم
كورد ئێستاكە بووەتە ئەكتەرێكی ناوەندی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەندێ كاریگەریی سیاسەتە ناوچەییەكانی ئەكتەرە سەرەكییەكانی وەكوو ئێران، توركیا و سعوودیای لەسەرە.
ئەمە بۆچوونی پسپۆڕی بواری ژیۆپۆلۆتیك حوسێن مەدەنیـیە. ئەو پێی وایە كورد دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرێت و دەڵێت: “پێویستە سەرۆك بارزانی ببێتە سەرۆكی تهواوی كوردستان، بەمە كورد هەنگاوی زۆر گەورە دەنێت.”
هەر سێ ئەكتەری سەرەكیی ناوچەكە ئێران، سعوودیا و توركیا دەیانەوێ ڕۆڵیان بە تەواوی دیار بێت و هەوڵ بۆ هێزی زیاتر دەدەن. كاریگەریی ئەو هێزانە لەسەر كورد چۆنە و دەبێ سەركردایەتیی سیاسیی كورد چی بكات؟
دەبێ لە دژەكان سوود وەربگرێت. كورد دەبێ باری نەتەوەیی خۆی بەر نەدات و ئەمە تەوەری سەرەكییە. ئێران و توركیا و سعوودیا ئەكتەرە سەرەكییەكانی ناوچەكەن و كوردیش ئەكتەرێكی ناوەندییە.
ئەو سێ وڵاتە لە بوارەكانی داهات، خاك و ژمارەی دانیشتووانەوە تەوەری سەرەكیی مەسەلەكەن و ئەمانە تایبەتمەندیی بەهێزن. ئەو هێزانە گوشار بۆ كورد دێنن، جیا لەمە توركیا لە ڕێگەی ئەمریكا و ناتۆوە گوشار دێنێ، كە كورد زیاتر لەو ڕادەیەی دیارییان كردووە، داوا نەكات و هێڵی سووریان بۆ هەیە.
بۆ نموونە ئەگەر كوردەكان هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان بدەن، توركیا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە گوشار دێنێ و ئەمریكایش لەو گوشارەوە دەگلێنێت.
چونكە ئەو لە یەكپارچەیی وڵاتی خۆی دەترسێت. ئێرانیش بەم جۆرە هەڵسوكەوت دەكات، چونكە ئەویش هاووڵاتیی كوردی هەیە و لەگەڵ دەوڵەتی كوردیدا دژە و بۆچوونەكەی توركیای هەیە.
ئەمە بۆ سعوودیایش ڕاستە، خۆ لە چوارچێوەی سنووری جوگرافیایی سعوودیادا هیچ كوردێكی تێدا نییە، بەڵام ئەویش هەر دژی دەوڵەتی كوردییە، چونكە سعوودیا نوێنەری زیاتر لە بیست وڵاتی عەڕەبییە، هەم لە بواری پان عەرەبیستەوە هەم لە بواری ئیسلامییەوە.
ئەو پێی وایە كورد بەو هەڵەكەوتە ژیۆپۆلۆتیكییەی هەیەتی، ئەگەر دەوڵەتی خۆی هەبێت، كێشەكەی چەندین بەرانبەر دەبێت، لەوانە كێشەی ئایینی و ڕەگەزی.
سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەرانبەر بەو هەموو گوشارانە دەبێ چی بكات؟
ئێمە كوردەكان نموونەیەكمان هەیە، ئەویش هەرێمی كوردستانە و وەكوو تەوەری سەرەكیی مەسەلەی كوردی لێ هاتووە.
ئەو هەرێمە بیست ساڵە جێگەی سەرنجە و توانیویەتی سەرەڕای هەموو ئەو گوشارە ناوچەیی و جیهانییەی لەسەریەتی و لە ژێر پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەمریكا، حكوومەتێكی نیوەسەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵیدا دروست بكات.
پێویستە كوردەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان بێت، ئەگەر ئەمە نەكرێت كورد دەیدۆڕێنێت.
نابێ هەر پارچەیەكی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە، كە خۆی ڕاستەوخۆ كارێك بكات، چونكە ئەو كات مەسەلەكانی پێوەندیدار بە كورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا زۆر ئاڵۆز دەبێت. بۆیە باشتر ئەوەیە كورد بەرەو یەكدەنگی هەنگاو بنێت.
ئەگەر عەقڵییەتی سیاسیی ئێمە بەو ئاكامە بگات، كە كورد لە هەر پارچەیەكدا، هەرێمی كوردستان بكاتە تەوەری سەرەكیی مەسەلەی كورد و سەرۆكی هەرێمیش بكەینە سەرۆكی تەواوی كوردستان و بیكەینە گوتەبێژی هەموو پارچەكانی كوردستان و ئەو هێزە سیاسییەی پێ بدەین و ئیعتیباری لەسەر ئاستی جیهانی ببەینە سەر، بە بڕوای من ئەو كات كورد دەتوانێت هەنگاوی زۆر گەورە بنێت.
ئەمە جیا لەوەیە، كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی ئیعتیبارێكی گەورە بەدەست بێنێت، هەر بۆیە لایەنەكانی دیكەی عێراق دێن لە شاری هەولێر كێشەی عێراق چارە دەكەن.
بەڵام پێت وا نیە ئەمە ئێستاكە گۆڕاوە و كوردیش چووەتە ناو بەرەیەكی عێراقییەوە؟
كورد دەبێت هاوسەنگییەك لە نێوان شیعە و سوننەدا بپارێزێت، چونكە كێشەی عێراق كێشەی كورد نییە و كوردیش كێشەی هەموو عێراق نیە. كێشەی كورد، كێشەیەكی نەتەوەیی و تایبەتە.
داخوازییەكانی كورد لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەكانی عێراقدا بە تەواوی جیاوازیی هەیە، ئێمە نابێ بچینە ناو ئەو كێشەیەوە. كورد لەو كاتەدا تەنیا دەتوانێ شتێك بكات، ئەمیش ڕاگرتنی هاوسەنگییەكەیە.
كاك حوسێن باست كرد، كە پێت باشە بۆ پراكتیزەكردنی ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیشی، سەرۆكی هەرێم ببێتە سەرۆكی هەموو كوردستان، پێت وایە حزبە كوردییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان هەڵوێستیان چۆن دەبێت؟
دەبێ هەڵسوكەوتی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانی زاڵ بێت بەسەر ئەو جموجۆڵانەی لە بواری دیپلۆماسییەتەوە دەکرێت.
ئەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە دەتوانێت ئیعتیبار و كەسایەتیی خۆی لە ناو پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بە ڕادەیەكی زۆر زیاد بكات، ئەمەیش تەنیا بەوە دەكرێت، كە بە یەك چاو سەیری هەموویان بكات.
من ئەو ئامادەییە لە كورددا دەبینم، كە لە داهاتوودا بگەنە ئەو قەناعەتەی سەرۆكی هەرێم وەكوو سەرۆكی هەموو كوردستان سەیر بكەن، ئەمەیش ڕەنگە لە كۆنگرەی نەتەوەییدا بكرێت. ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكی كوردستاندایە.
پێت باشە كورد هاوسەنگییەك ڕابگرێت، بەڵام پێت وا نیە ئێستا كورد كەوتووەتە ناو بەرداشتی سیاسەتە ناوچەییەكانی ئێران، توركیا و سعوودیاوە؟
هەموو هەوڵەكانی كورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی و ئەمە بێگومان لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێی كوردستانیش دایە. توركیا بەرژەوەندی زۆری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
جیا لەمە توركیا خۆی نەوت و غازی نیە و پێویستییەكی لە ڕادەبەدەری بە نەوت و غازی هەرێم هەیە. كوردیش ئەو سەرچاوە سروشتییانە وا بە ئاسانی لە بەر دەستی توركیا دانانێت ئەگەر پێوەندییەكی دۆستانەیان لە نێواندا نەبێت.
پێوەندیی بازرگانیی ئێرانیش هەندێ كەمترە لە پێوەندییە بازرگانییەكەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. هەرێمی كوردستان كڕیارێكی باشە و پارەیشی هەیە، كەواتە ئێران قازانجی خۆی لێ دەكات.
جیا لەمە ئێران بۆ هێشتنەوەی حكوومەتێكی شیعی لە عێراقدا، پێویستی بە پشتگیریی كورد هەیە، ئەمانە پێوەندیی دوو لایەنانەن. توركیا لە ڕووی نەوت و غازە پێویستی بە هەرێم هەیە و ئێرانیش لە ڕێگەی پشتیوانی بۆ هێشتنەوەی دەوڵەتێكی شیعی لە عێراقدا پێویست بە كورد هەیە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانە دەردەكەوێت، كە كورد وەكوو جاران لە چوارچێوەیەكدا سنووردار نەكراوە و دەتوانێت گەمەی ئابووری و سیاسیی بكات، هەر وەك چۆن وڵاتانی ناوچەییش دەیكەن. جیا لەمە ئەمریكا دۆستی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئێران دوژمنی ئەمریكایە.
تەنانەت كورد لە ئاستی جیهانیدا دەتوانێ بەوەی هاوسەنگییەكە ڕابگرن، كە ئەمریكا لە بەرانبەر ئێراندا هێور بكەنەوە. ئەمە خاڵێكە بۆ كورد و ئێران بەمە قەرزداریان دەبێت. بە بڕاوم هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەموو گوشارە ناوچەییەكان لەسەر خۆی لابەرێت، چونكە حكوومەتی هەرێم توانای هەیە.
تواناكان ژیۆپۆلۆتیكین یان شەخسی؟
ژیۆپۆلۆتیكی و ستراتیژییە. هەمیشە گوتوومە و دەیڵێم لەو كاتەی ئەم هەرێمە دامەزراوە و گۆڕانگارییەكان هاتوونەتە پێش، سەركردایەتیی سیاسیی كورد و یەك لەوانە بارزانی توانیویانە بە باشی مانۆڕ بدەن و بەو هەموو بەربەستانەی لە پێشیان بووە سەرنجی ئەمریكا بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و بیكەنە دۆستی خۆیان. یانی كورد لە مەسەلەی بێدۆستایەتیی نەتەوەیی ڕزگا بكەن و ئەمە كارێكی زۆر گرنگە.
بە پێی هەموو ژمارە و داتاكان، توركیا لە ڕووی ئابوورییەوە یەكەم ئەكتەری بازاڕی هەرێمی كوردستانە و ئەمەیش پارتی دادوگەشەپێدانە، كە سەركردایەتییەكەی دەكات، پێت وا نیە ئەمە كاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا نابێت؟
ئەمە خاڵێكی گرنگ و سرنجڕاكێشە، دەبێ كورد خۆی تووشی مەسەلەی ئایینی نەكات. كێشەی كورد كێشەیەكی ئایینی نییە و پێمروایە هەموو سەركردایەتیی كورد لەو مەسەلەیە تێدەگەن.
ئەمریكا و ئەورووپا دەیانەوێ ئازادی و دیموكراسی لە عێراقی نوێدا بێتە دی، ئەمەیش بە حكوومەتێكی ئایینی ناكرێت. ئێستاكەیش خودی حكوومەتی دادوگەشەپێدان دەڵێ ئێمە ئەو ئیسلامە توندڕەوە نین، بەڵكو ئێمە سێكۆلارین هەرچەند حكوومەتەكەمان ئیسلامییە.
ئەگەر ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستانیش وەكوو دادوگەشەپێدان بن و دەمارگیر نەبن و ڕوانینێكی نەتەوەییان هەبێت، پێویستە ناكات لێیان نیگەران بین. دەبێ ئێمە بە دیموكراسییەوە پابەند بین.




