گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی: ئێمە کارمان دژایەتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەقەد ئەوەی رێز لە ئیرادە و بۆچوونەکانیان دەگرین

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / لەم ماوەیەدا هەندێک دەیانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەها نیشان بدەن کە دژایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتیش دەڵێت پارتی پێی وایە ئەوانەی دەیانەوێت داکۆکی لە یەکێتی بکەن، لە رێگەی داژیەتی پارتی ناتوانن ئەو ئامانجەی خۆیان بەدیبهێنن. بەپێچەوانەوە ئێمە بڕوامان بە رێزگرتنی یەکتر و پابەستبوونە بە رێککەوتنی ستراتیژی.
لەم رۆژانە ئەندامێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە گوتیەتی (نوێنەرانی پارتی لە بەغدا ئەوەندەی دژایەتی ئێمە دەکەن وەکو نوێنەری کوردی کەرکووک لە پشکی یەکێتی نیو ئەوەندە رەخنە لە حکوومەتی ناوەندی و پەرەلەمانتارە عەرەبەکان نەگرێت). لەمبارەوە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەعفەر ئیمینکی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ KDP.infoرایگەیاند: بەپێچەوانەی ئەم تۆمەتانەی هەندێک دژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتوساتێکی وەها کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، بڵاودەکەنەوە، لە بانگەشە و شێواندنی راستییەکان چی دیکە ناگەیەنێت. بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەوانەی دەیانەوێت یەکڕیزی و یەکێتی لە کێشەکانیان بپارێزن، ناتوانن لە رێگەی هێرشکردنە سەر پارتی ئەم ئامانجانەی خۆیان بەدیبهێنن، بەپێچەوانە ئەمە دەبێتە مایەی پتر دروستکردنی کێشە بۆ خودی خۆیان. راشکاوانە رایدەگەینین کە ئێمە بڕوامان بەرێزگرتنی یەکتر و پابەستبوونە بە رێککەوتنی ستراتیژی. هەروەها وەکو چۆن پێشتریش کارمان کردووە کە یەکێتی دووچاری کێشەی ناوەخۆیی نەیێت، ئێستەش هەروا بیردەکەینەوە، نەک دژایەتی ئەم حزبە کە هاوپەیمانی یەکترین.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ئەمە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، دژایەتی یەکێتی و نوێنەرەکانیان لە هیچ پلە و ئاستێکدا بکات، بەڵام ئەگەر ئەو نوێنەرەی یەکێتی بیەوێت لە رێگەی ناوهێنانی پارتیمان و شێواندنی راستییەکان مەسەلەکان ئاراستە بکات، ئێمە بە یەکێتی هاوپەیمانمان دەڵێین، ئەوە پارتی نییە دژایەتی ئێوە دەکات، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت بە ئاراستەیەکی پێچەوانە مەلە بکەن و ئێمە کارمان دژایەتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەقەد ئەوەی رێز لە ئیرادە و بۆچوونەکانیان دەگرین.



