٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

جەعفەر ئیبراهیم: پارتی ژمارەیەكی قورسە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و مالیكیش باش لەوە دەگات

سەرچاوە: Rudaw

جەعفەر ئیبراهیم ، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باس لە پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران ، پارتی و یەكێتی، دوا هەڵوێستی پارتی لەسەر مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی دەكات.

هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد

رووداو: زۆربەی لایەنەكان ئێستا باس لە یەكێتی دوای تاڵەبانی دەكەن ، ئێوە وەك هاوپەیمانی یەكێتی ، چاوەڕوانی چ سیناریۆیەك دەكەن بۆ دوای تاڵەبانی؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە نە گفتوگۆی ئەو سیناریۆیە دەكەین و نە بیریش لەو سیناریۆیە دەكەینەوە. ئێمە تەمەندرێژی بۆ تاڵەبانی دەخوازین و سوورین لەسەر ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هاوپەیمانی خۆمانە لەهەموو رووێكەوە بەهێز ببینین و پێكەوە ئەو ئەركە نیشتیمانییە نەتەوەییە كە لەسەر شانمانە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا جێبەجێبكەین.


رووداو: ئێوە یەكێتییەكی چۆنتان دەوێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: هیچ رێكخراوێكی سیاسی ناتوانێ چوارچێوەیەكی تایبەت لەمێشكی خۆیدا بۆ لایەنێكی دیكە دابنێ. رەنگە ئەو پرسیارە بەوشێوەیە رەوا نەبێ ، هەروەها رەواش نییە كە لە یەكێتی بپرسن پارتییەكی چۆنتان دەوێت. ئەوەی لای ئێمە گرنگە لە بنەما چەسپاوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا هەردوولامان راوێژ بەیەكتر بكەین و هەڵویستی هاوبەش وەربگرین. ئەو سەركەوتنەی بەدەستمان هێناوە لە دوای رێككەوتننامەی واشنتن تائێستا بە سەركەوتووانە درێژەی پێبدەین.

رووداو: بەڵام ئێوە لە مەسەلەی لادانی مالیكیدا یەكنەبوون، چ هەڵەیەك بووە هۆی ئەوەی لەو مەسەلەیەدا یەكدەنگ نەبن؟
جەعفەر ئیبراهیم: قەیرانێك لە عێراقدا هەیە، هەردووكمان دەمانەوێ ئەو قەیرانە چارەسەر بكەین، واتە بۆچوونێكی ستراتیژی هاوبەشمان هەیە بۆ دیاریكردن و پەنجە دانان لەسەر ئەو قەیرانە، بەڵام لەشێوەی چارەسەركردنیدا دیدی جیاواز هەبوون و ئەمەش شتێكی ئاساییە، بەڵام بێگومان هۆكاری دەرەكیش كاریگەرییان هەبوو.


رووداو: لایەنی دەرەكی لەسەر چ لایەنێك كاریگەری هەبوو؟
جەعفەر ئیبراهیم: لەسەر هەندێ لایەن لە هێزە سیاسییەكانی عێراق.


رووداو: مەبەستت یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە؟
جەعفەر ئیبراهیم: مەرج نییە دیاری بكەین كێ كاریگەری دەرەكی لەسەربوو، بەڵام هۆكاری دەرەكی لەو مەسەلەیەدا كاریگەری هەبوو. لەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە، ئاراستەكانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانە بەشێوەو ئیتیجاهێك نەبوون كە كورد زیاتر سوودیان لێوەربگرێت.


رووداو: ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر ئەو كاریگەرییە هەر كورد نەبوون؟
جەعفەر ئیبراهیم: لەو خاڵەدا گلەییمان لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نییە. ئەوان لەگەڵ ئێمە بوون بۆ دیاریكردنی كێشەكە و، پێكەوە چارەسەركردنیشی بە راوێژی زیاتر. بەڕاستیش ئەوە بابەتێك بوو پێویستی بە لێكۆڵینەوەو دیراسەتكردنێكی قۆڵتر هەبوو.


رووداو: ئێوە وەك پارتی پەلەتانكرد لە هێنانە پێشەوەی مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی؟
جەعفەر ئیبراهیم: مەسەلە پارتی نەبوو ، مەسەلەی داواكاریەك بوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق. شیعەكان لە هەرێمی كوردستان بوون، بەڕێز عەممار حەكیم، پێش هەموویان باسی ئەوەیدەكرد كە لە بەغدا كار بەڕێوەناچێت. جەنابی مام جەلال لە كۆبوونەوەكاندا چەندین جار رەخنەی زۆر تووندی هەبوو لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق، لیستی عێراقییە هەر پەراوێزخرابوو، هێزە كوردستانییەكان هەموویان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە بەڕاستی حوكمڕانی لە بەغدا بەشێوەیەكی تاكڕەوانە بەڕێوەدەچێ. واتە پێویستییەكی نیشتیمانی هەبوو بۆ چاكسازی و دەنگ بەرزكردنەوەو گوشار لەسەر مالیكی دروستكردن بۆ ئەوەی چاكسازی بكات.

 

رووداو: كە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی قوڵتربوو، بۆچی ئەوەتان نەكرد؟
جەعفەر ئیبراهیم: هۆكاری دەرەكی زۆر كاریگەری هەبوو. قەیرانی سووریا، نیگەرانییەكانی ئێران كاریگەرییەكی ئێجگار زۆر گەورەیان هەبوو لەسەر ئەم دۆخەی رووبەڕووی عێراق بووەوە. ئەو كاریگەریەی ئێران لەسەر گشت هێزە سیاسییەكانی عێراق هەبوو، ئێران پێیوابوو كە ئێستا كاتی ئەوە نییە متمانە وەربگیرێتەوە، بەڵكو پێویستە چاكسازی بكرێ.


رووداو: دەگوترێ لەسەرەتای رووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشەیەدا لەمەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، بارزانی رای لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی پێشتر وەرنەگرتبوو بۆیە هەموو لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا نەبوون؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئەوە زوڵمێكە لە جەنابی سەرۆك بارزانی دەكرێ. كاك مەسعود بارزانی چەندین جار هەوڵی ئەوەیدا گرفتەكانی عێراق چارسەربكرێن، خۆی ئەو قەیرانەی لە عێراق هەبوو چارەسەركرد و دەستپێشخەری كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. ئێستاش لەسەر داوای شیعە داوای چارەسەر دەكرێ بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی عێراق. بەڕێز عەممار حەكیم لێرەبوو و گلەیی هەبوو. عێراقییە بەردەوام گلەییان هەبوو ، هەڤاڵانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە هەمان شێوە، بگرە جەنابی مام جەلالیش لە دۆخی بەغدا زۆر بێزارببوو و لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی پێكەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەو دۆخە دەكرد، واتە لێدانی زەنگی مەترسی لە دروستبوونی دیكتاتۆریەت لە عێراق لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە هەڵوێستەكی ویژدانی و بەرپرسیارانەبوو. پێش پەیامەكەشی لە نەورۆزدا پەیوەندی بە هەندێ لایەنەوە كردبوو لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا. ئەو بابەتە ئەوە نییە بڵێی دەبێ بە راپرسی بكرێ، تاوەكو بزانین خەڵكی كوردستان چەند لەگەڵ ئەوەیە. پێشتریش رەفتارەكانی مالیكی یەك لە دوای یەك و بەتایبەت دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بوونە. بگرە لە بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و تانك و تۆپ بۆ سەر خانەقین و دواتر هەڕەشەكانی بۆ سەر كەركووك و چاوسووركردنەوە لەو كۆمپانیا نەوتییانەی لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، دەبینرا. كە ئەمانە هەموویان لێكبدەیەوە دەگەیە قەناعەتێك كە مالیكی بە عەمدی و بە عەقلییەتێكی سەركوتكارانەوە تاكڕەوی دەكات لە عێراق.


رووداو: ئەی بۆچی ئەو هەموو لایەنانە كە گلەییان لەلای بارزانی دەكرد ، خۆیان جورئەتیان نەكرد بەرامبەر مالیكی بوەستنەوە؟
جەعفەر ئیبراهیم: مەسەلە جورئەت نەبوو، بە سەرۆك بارزانیان گوت تۆ پاڵپشتییەكی زۆر بەهێزبووی لە دروستكردنەوەی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مالیكی. چونكە ئەگەر بارزانی پەسەندی نەكردبا ئەوا مالیكی نەدەبووەوە سەرۆك وەزیر، بۆیە كە ئەوان هاتن و گلەییانكرد، بارزانیش هەڵوێستێكی ویژدانی و ئەخلاقی و سیاسی نیشاندا.


رووداو: هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی كۆتایی هاتبێ، ئێوەش لەو كێشەیەدا بە تەنیا ماونەتەوە، خۆتان ئەو هەستەتان هەیە؟
جەعفەر ئیبراهیم: پارتی ژمارەیەكی قورسە لەسەر ئاستی هەموو عێراق ، مالیكیش باش ئەوە دەزانێ و هێزە سیاسییەكانی عێراق باش لەوە دەگەن كە پارتی بە ئاسانی پەراوێزناخرێ و بەئاسانیش هیچ ململانێیەكی ناڕەوا لە هیچ هێزێكی سیاسی قبوڵ ناكات. ئەوەی ئێستا دەكرێ ، یەكێك لەو سیناریۆیانە بوو كە لەبەرچاوی پارتی بووە، چونكە كە هەوڵێك دەدەی مەرج نییە ئەو هەوڵە سەربگرێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە رۆڵی خۆت بگێڕی. هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتیانە و ژیرانەبوون و بەپێی پێوەرە ئەخلاقییەكان باشبوون.

 

رووداو: چەند سەركەوتووبوو؟
جەعفەر ئیبراهیم: مەسەلە سەركەوتن لەوەدا نییە كە بەو مەفهومەی هەندێ خەڵك تێدەگەیشت كە ئەگەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی سەریگرت ئەوا سەركەوتنەكە تەنیا بۆ پارتی دەبوو، بەڵكو بۆ سەرجەم عێراق دەبوو.


رووداو: بەڵام ئێستا دەگوترێ مالیكی سەركەوت و زۆر لە جارانیش بەهێزتر دەبێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: من لەو بڕوایەدا نیم كەسێك بە رەفتاری دیكتاتۆرانە لە دنیادا بەهێزببێ.


رووداو: بۆ تەنیا ئێوە دەڵێن مالیكی دیكتاتۆرە، ئەوەتا هاوپەیمانی ئێوە كە یەكێتییە بەناوی "دەوڵەتمەدار بەرێز مالیكی" ناوی دەهێنێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە لەسەر ئەوە موتەفقین كە مالیكی بەرەو دیكتاتۆری دەڕوات. مالیكی ئێستاش نەبووەتە دیكتاتۆر ، چونكە دیكتاتۆر دەبێ پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە. مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانەش لە مالیكی دوا كارتبوو لە دەستمان و جگە لە دەنگی سەدرییەكان ئێستا 150 دەنگی پەرلەمانتاران ئامادەن. واتە ئێمە نابینین مالیكی بەهێزبووە، چونكە مالیكی بە ژیانی خۆی بڕوای نەدەكرد شەڕەكە بەوشێوەیە دەچێتە سەر.


رووداو: ئێستا سەدرییەكان لەمەسەلەی سەندنەوەی متمانە لەمالیكی كشاونەتەوەو تاڵەبانیش گوتی كە ئەو وەك سەرۆك كۆمار لەگەڵ ئەوە نییە ، واتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەتەنیا ماوەتەوە لەگەڵ عێراقییە و یەكگرتوو و كۆمەڵدا ، بەوشێوەیە دەتوانێ كار لەسەر لادانی مالیكی بكات؟
جەعفەر ئیبراهیم: تائێستاش زۆربەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەگەڵ بۆچوون و هەڵوێستەكانی سەرۆك مەسعود بارزانیدان.


رووداو: هەموو جار دەگوترا بەهێزی كورد لە بەغدا لە یەكڕیزی كورددایە، بەڵام ئێستا دوای نەمانی ئەو یەكڕیزییە كەواتە بەهێزی كورد نەما، چونكە نە یەكێتی و نە گۆڕان لەگەڵ ئەوە نەبوون متمانە لە مالیكی وەربگیرێتەوە؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئێستاش یەكڕیزی هەیە و یەكێتی تاوەكو ئەمڕۆ و ئەم ساتەش بۆ مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی لەگەڵ ئێمەن و هەر 13 پەرلەمانتارەكەی ئیمزایان كردووە.

رووداو: بەڵام گۆڕان لەگەڵ ئێوە نییە؟
جەعفەر ئیبراهیم: راستە تائێستا گۆڕان هەڵویستی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە، بەڵام لەكۆتاییدا ئەگەر مەسەلە گەیشتە سەر یەكلاییبوونەوە لەگەڵ ئێمە دەبن و دڵنیام لەگەڵ ئێمە دەبن.


رووداو: واتە ئێوە سوورن لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی؟
جەعفەر ئیبراهیم: بەڵێ و تائێستاش ئەو بابەتە بەردەوامە.


رووداو: پارتی چۆن دەڕوانێتە سەردانی نەوشیروان مستەفا ، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئێران لەم كاتەدا؟
جەعفەر ئیبراهیم: هەموو سەردانێك ئەگەر لە خزمەتی كوردستان و عێراقدابێ ئێمە بەباشی تێدەگەین.


رووداو: هیچ گومانێكتان نییە لەو سەردانە؟
جەعفەر ئیبراهیم: بەوشێوازەی گومانی لەسەر دروستبێ نەخێر.


رووداو: وەك دەگوترێ رێككەوتنێكی زارەكی هەیە لەنێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نەوشیروان مستەفا كە هەر دۆخێك بێتە پێشەوە یەكتر ئاگادار بكەنەوە، پێتوایە نەوشیروان مستەفا بارزانی لەئەجێندا و ئەنجامی سەردانەكەی بۆ ئێران ئاگادار بكاتەوە؟
جەعفەر ئیبراهیم: گرنگە هەموو سەردانێك بۆ دەرەوەی وڵات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار بكرێتەوە. دڵنیام كە كاك نەوشیروان مستەفا جەنابی سەرۆك بارزانی ئاگاداردەكاتەوەو هیچ گرفتێكیش نابێ.


رووداو: وەزیری ئیتیلاعاتی ئێران دەڵێ ، چەند كەسێكیان لە "هەرێمێكی دراوسێی خۆمان" گرتووە كە دەستی هەیە لە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكانی ئێراندا، كە تاكە هەرێمی دراوسێی ئێران ، هەرێمی كوردستانە ، ماوەیەكە راگەیاندنەكانی ئێران لێدوان و هەواڵ دژی بارزانی بڵاودەكەنەوە و دەڵێن پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بۆچی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پارتی گەیشتنە ئەو ئاستە؟
جەعفەر ئیبراهیم: هەوڵمانداوە هەمیشە پەیوندییەكی ئاساییمان لەگەڵ ئێران هەبێ، ئێستاش بەردەوامین لەسەر ئەو ئاراستەیە، پێمانناخۆشە هیچ لاوازییەك بكەوێتە ناو ئەو پەیوەندییە، ئێمە سەقامگیری ئاسایشی هەردوولا بۆ یەكتر بە پێویست دەزانین، بۆیەش رۆژێك لە رۆژان نە رێگا دەدەین و نەپێمان خۆشە ئەمنی ئێران تێكبچێ.


رووداو: ئەی بۆچی پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران ئاڵۆزبووە؟
جەعفەر ئیبراهیم: دەبێ ئەو پرسیارە لە ئێران بكرێ. ئێمە واتێدەگەین ئێمە نەبووینەتە بەشێك لە هاوپەیمانییەكی سیاسی و نە غەیرە سیاسی دژی ئێران، سنوورەكانی ئێمە شاهیدی ئەوەن و ئێمە پەرۆشی ئەوەبووین كە لە سنوورەكان ئەزیەت بە ئێران نەگەیێندرێت. ئەگەر مەسەلەیەكی هەواڵگریش هەبێ ئەوا ئێران باشتر لە ئێمە دەزانێ. ئێران ئیتیلاعاتێكی زۆر گەورەو گرانی هەیە و دەزانێ كاری ئێمە پاراستنی هەرێمی كوردستانەو هەر ئەوەش بە ئێمە دەكرێت و پێویستە لەسەرمان.


رووداو: ئێوە نابینن هەڵوێستەكانی پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە مالیكی كە شیعەیە، وایكرد گرژی لە پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران دروستببێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: لەسەر مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی رەنگە ئێران لە هەڵویستی ئێمە تووڕەبووبێ. ئێمە خوازیاری ئەوەین پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئێران بەتەواوی ئاسایی بێت.

 

رووداو: مەولوود ئافەند، سەرنووسەری گۆڤاری (ئیسرائیل -كورد) نزیكەی مانگێكە دیار نەماوە. چیتانكردووە بۆ دیاركردنی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە؟
جەعفەر ئیبراهیم: دەبێ ئەو پرسیارە لە وەزیری ناوخۆ بكرێ و ئێمە ئاگاداری ئەو كەیسە ئەمنییانە نین.


رووداو: هەندێ لە دەزگاكانی راگەیاندن وا بڵاودەكەنەوە كە لەلایەن ئێرانەوە رفێنراوە. ئەگەر دەرچوو لە ئێران بێ هەڵویستتان چی دەبێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: بێگومان ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە چاوی دۆست تەماشای دەوڵەت و میللەتی ئێران دەكەین. گرفت هەبوونە و دەبن ، پێشتر خەڵكی ئێمە لەئێران گیراون و تۆمەتیان بۆ دروستكراوە، كە گوایە سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل كردووە و دواتر ئازادكراون ، بەپێی بەرزی و نزمی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران. ئێستاش ئەو توانایەمان هەیە كێشەكانمان لەگەڵ ئێران چارەسەر بكەین. ئەگەر گرفتیش بێنە پێش ئەوا كەناڵی دیبلۆماسی هەن گرفتەكان چارەسەربكەن. ئەگەر گلەییشمان هەبێ لە رەفتاری هەندێ بەرپرسی ئێرانی ئەوا بەكەناڵی دیبلۆماسی بە ئێرانمان گەیاندووەو ئێستاش ئێمە خوازیاری ئەوەین پەیوەندی خۆمان لەگەڵ ئێران لە جاران بەهێزتر بكەین.


رووداو: لە سەرەتای مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی جۆرێك لە نا ئاسییبوون لە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی دروستبووە، بەرپرسەكانی ئێوە و یەكێتی لێدوانی دژ بەیەك دەدەن. ئایا پێویست ناكات هەردوولا بە وردی بەو پەیوەندییەی نێوانتاندا بچنەوە؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە لەگەڵ یەكێتی میكانزمی باشمان هەن، بۆ ئەوەی هیچ كەلێنێك نەكەوێتە نێوانمان. دەبێ بە وردبوونەوە هەڵویستەكان باشتر بكرێن و لەمەودوا هەماهەنگی باشتر دەبێ، ئەوەی روویداوە لەم قەیرانەی لەسەر ئاستی عێراق لە نێوان پارتی و یەكێتی دووبارە نابێتەوە.


رووداو: ئەوەی روویدا پارتی نیگەران كرد؟
جەعفەر ئیبراهیم: پارتی رێزی بۆ بۆچوونە جیاوازەكان هەبوو. پێش هەموو كەس جەنابی سەرۆك بارزانی گوتی مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لەرێگەی سەرۆك كۆمارەوە چۆن لە مادەی 61ی دەستووری عێراقدا هاتووە رەنگە كاریگەری لەسەر سەرۆك كۆمار دروست بكات و با ئەو ئیمزای نەكات و داوایكرد كە ئەم رێگایە نەگیرێتە بەر و باشتر دیراسەت بكرێ. لە سەرەتا دیدو بۆچوونی جیاواز هەبوون. بەڵام بە ئاراستەیەك رۆیشتن تێكەڵ و پێكەڵییەكی تێدا دیاربوو و دەستی دەرەكی هاتە نێو بابەتەكە و تێكەڵبوونێكی زۆر عەجایبی لە كارتەكان دروستكرد.


رووداو: تاڵەبانی لە نامەیەكدا بۆ بارزانی و عەللاوی و سەدر گوتی. گوشار لەسەر من دروستنەكەن هەڵویستی خۆم بگۆڕم ئەگەر گوشاریش بكەن ئەوا ناچاردەبم دەست لەكاربكێشمەوە. هیچ گوشارێك لەلایەن بارزانییەوە بۆ سەر تاڵەبانی هەبوو لە مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی؟
جەعفەر ئیبراهیم: بە مەفهومی گوشار ، نەخێر هیچ گوشارێك نەبوو و رەواش نییە لە دۆخێكی وادا گوشار لەسەر مام جەلال دروستبكرێ. ئەو لێكدانەوەو پێشبینیانەی بۆ قەیرانەكە كرا، وایكرد هەندێ گۆڕانكاری نەخوازراو بكەونە ناو هەڵویستەكانەوە.


رووداو: ئەو گرژییەی ئێستا هەیە لە پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی. تەنیا لەسەر مەسەلەی هەڵوێستی پارتییە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی؟
جەعفەر ئیبراهیم: ئەوە گرژی نەبوو. هەردوولامان بە تەعاتوفی مامەڵەمان لەگەڵ هەڵویستەكان كرد و ئەوەش لە جێی خۆی نەبوو.


رووداو: عادل موراد، سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێ ، با هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بكرێ و هیچ لایەنێكیش لەو هەڵبژاردنە نەترسێ، ئێوە ترستان هەیە لە هەڵبژاردنی پێشوەخت؟
جەعفەر ئیبراهیم: بە دڵنیاییەوە ئەوەی بڕوای بە دیموكراسی هەبێ لە سندوقی دەنگدان ناترسێ.


رووداو: ئەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختتان رەتكردەوە كە مالیكی داوایكرد؟
جەعفەر ئیبراهیم: چونكە ئەو تاكڕەویەی مالیكی پەیڕەوی دەكات و ئەو چاوسووركردنەوەیەی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی دەكات، زەمینەسازی نییە بۆ هەڵبژاردنێكی باشی پێشوەخت، بەڵكو ئەمە بۆ سەپاندنی بۆچوونی تاكڕەوی مالیكییە بە سەر هەڵبژاردنی داهاتوودا، لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت لای ئێمە قبوڵ نییە.


رووداو: یەكێتی دەڵێ ئێمە دژی گۆڕینی مالیكین ، پارتیش لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانەیە لە مالیكی. مالیكی لادەدرێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی مالیكی لابدەین.


رووداو: چەند لە سەد مالیكی لادەچێ؟
جەعفەر ئیبراهیم: پێشتر بڕوامان زیاتر بوو و ئێستا كەمتربووە. ئەگەر پێشتر 100% بووبێ ، ئێستا 60%ە.


رووداو: بۆچی دابەزیوە؟
جەعفەر ئیبراهیم: چونكە ئەو ئاماژانەی مالیكی داویەتی بەهێزە سیاسییەكان ، كە چاكسازی جدی دەكات و لایەنەكانیش وەك سەدر و هاوپەیمانی نیشتیمانی و لایەنەكانی دیكە وا تێگەیشتوون ئێستا رەنگە دەرفەتێكی دیكە بە مالیكی بدرێ كە لە پڕۆژەی چاكسازی سەركەوتن بەدەستبێنێ.


رووداو: ئێوە چۆن دەڕواننە هەڵوێستی كۆمەڵ و یەكگرتوو، كە ئیمزایان لەسەر داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی كرد؟
جەعفەر ئیبراهیم: هەڵویستێكی زۆرباش و بەرپرسیارانە بوو.


رووداو: پێشبینیتانكرد بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی ئیمزا نەكات؟
جەعفەر ئیبراهیم: گۆڕان دەیەوێ ئاماژەیەكی وا بەهێزە سیاسییەكانی عێراق بدات ، كە خاوەن بڕیاری سەربەخۆیە و پەلە ناكات لە هەڵویست وەرگرتن. بەڵام لە كۆتاییدا ئەو هەڵوێستەی پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان دەیگرنە بەر، گۆڕانیش لەگەڵی دەبێ.

هەواڵی پەیوەندیدار