٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
وتەبێژی فەرمی پارتی

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی: پارتی مەترسی نییە بۆ دەنگی کورد، بەڵکو زامنە بۆ گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر تایبەت بە  KDP.info/  لەمەڕ ئەو تۆمەتانەی رۆژنامەیەک دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسەلەی هەڵوەشانەوەی لیستی کوردی لە کەرکووک بڵاویکردۆتەوە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەو تۆمەتانە رەتدکاتەوە و پێی وایە ئەم قسانە تەنیا بۆ فریدوان و شێواندنی راستیەکانە، دەنا پارتی هەمیشە کوردایەتی نەک حزبایەتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو ئامانج بەرێوەبردووە.

لەبارەی ئەو بابەتەی رۆژنامەی هەواڵ ژمارە 549وەکو مانشێت لە لاپەڕە یەک و درێژەی بابەتەکەشی لە لاپەڕە پێنج بڵاوکردۆتەوە، گوایە (پارتیدەیان هەزار دەنگی کوردی لە کەرکووک خستە مەترسییەوە). جەعفەر ئێمینیکی گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ    KDP.infoرایگەیاند:  ئەو تۆمەتانەی دژی پارتیمان لەژێر ناوی جودا و بە بیانۆ و مەبەستی تایبەتی بڵاودەکرێنەوە کاری نەشیاون، ئامانج لێیان فریودان و شێواندنی راستیەکانە، چونکە پارتیمان هەمیشە کوردایەتی لە کەرکووک  و ناوچەکانی دیکە ویستووە، لە پێناو ئەم مەبەستەش خۆی لەو ململانێیە حزبییە بەدوور گرتووە کە زیان بە کورد و  پێگەی کورد دەگەیەنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەڵویست و بۆچوونی تایبەتی خۆی لەمەڕ رووداوەکان و شێوازی کارکردن نابێت.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: ئەوەی لە کەرکووک هەیە، وابەستەیە بە هەڵویستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پێکهێنانی لیستی جودا لە موسل و هەروەها پێداگریان لەسەر هەندێک کەس، کە ئێمە پێمان باشبووە بەمجۆرە نەبێت. سەرباری ئەوانەش پارتی لەمبارەوە بەرپرسانە مامەڵەی لە گەڵ کێشەکە کردووە، چونکە دیارە پێشتریش کێ هۆکاری لیستی جودا بوون لە کەرکووک و بە فیڕۆدانی دەنگی کوردیان دەکەوێتە ئەستۆ. ئەوەی ئەمڕۆش روویداوە نە خواستی پارتییە و نە کاریشمان  بۆ ئەم مەبەست و ئەنجامانە کردووە، بەڵکو بەردەوام یەکڕیزی و یەکدەنگی و هاوبەشی لە کارکردن بە بنەمای هەنگاونان بەرەو قۆناغی لەبارتر دەزانین. دوور نییە هەندێک کەس و لایەن ئەو کێشانە بکەنە ئامانج بۆ شاردنەوەی گرفتی دیکە.

لەمەڕ ئەوەی وەکو رۆژنامەکە پارتی تۆمەتبار دەکات لەوەی دەنگی کوردی دەخاتە مەترسییەوە، رایگەیاند: پارتی زامنی دەنگی کورد و سیاسەتی گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەیەوێت مەترسی لەسەر دەنگی کورد دروست بکات، پارتی نییە، بەڵکو لایەنی دیکەن کە دەیانەوێت  حزبایەتی بەرتەسک لەم ناوچانە لە سەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و  یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان پیادە بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار