هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی 48 بەنداو

ئامادهكردنی: سلێمان تاشان
توانای سەرجەم بەنداوە جێبەجێکراوەکانی هەرێمی کوردستان، گلدانەوەی نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاوە و لە ئێستایشدا 13 بەنداو لە جێبەجێکردندان و 27 بەنداوی دیکەیش لە ژێر لێکۆڵینەوە و دیزایندان. یەكیەتیی گشتیی جووتیارانیش، بە پێویستی دەزانێت كۆنتڕۆڵکردنی ئاوی کوردستان لە پێشەوەی هەموو کار و بەرنامە ستراتیژییەکانەوە بێت.
هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەی ڕووبار و ئاوی کانی دەوڵەمەندە و چەندین ڕووباری گەورە لە کوردستاندا هەن کە دوای تێپەڕبوون بە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا، دەڕژێنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند سەد مەتری ئەو ڕووبارانەدا زەوییە کشتوکاڵییەکان لە بێئاوی وشک بوون.
خاکێکی بەرفراوان و بەپیتی کشتوکاڵی لە هەرێمدا هەیە و بۆ پاراوکردنیشیان زیاتر پشت بە ئاوی باران بەستراوە، بەڵام کێشەی وشکەساڵی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی حکوومەت لە سێ ساڵی رابردوودا دەست بە دروستکردنی بەنداو و كۆنتڕۆڵکردنی ئاوەکان بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو ئەندازیار (ئەکرەم ئەحمەد رەسووڵ) ڕوونی کردەوە كە ئێستا 13 بەنداو لە جێبەجێکردندان و لە بودجەی 2012ـیش چەند بەنداوێکی گەورە هەیە بۆ جێبەجێکردن، لەوانە گۆمەسپان، باوەنوور، باسەرە، رواندوز سێ لەوانە ئامادەی جێبەجێکردنن و بودجەیان بۆ تەرخان کراوە، جگە لەمانە لە بودجەی 2011ـیش چەند بەنداوێک هەیە کە لێکۆڵینەوە و دیزاینیان تەواو بووە و پارەیان بۆ تەرخان کراوە.
لایەنی مەعنەویی سەرچاوە ئاوییەکان لە نەوت گرنگترە و بە گوتەی ئەم ئەندازیارە، ئەگەر بە هۆی ئەم بەنداوانەوە بتوانرێت کۆمەڵێک پڕۆژەی ئاودێریی دروست بکرێت، ئەوا لە گەنم و جۆ و چەندین بەرهەمی دیکە خۆبژێو دەبین.
کەمتەرخەمیی حکوومەت
سەرۆکی یەكیەتیی گشتیی جووتیارانی کوردستان (نەوزاد مەحموود) حکوومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بە کەمتەرخەم دەزانێت و پێی وایە پێداویستیی کوردستان بۆ ئاو لە هەردوو بەشی کشتوکاڵی و مرۆیی کەمێک زیاترە لە نیوەی ئەو ئاوەی کە لە کوردستاندا هەیە.
بە لەبەرچاوگرتنی وشکەساڵی و هەڕەشەکانی بۆ سەر کشتوکاڵ، یەكیەتیی جووتیاران بە پێویستی دەزانێت كۆنتڕۆڵکردنی ئاوی کوردستان لە پێشەوەی هەموو کار و بەرنامە ستراتیژییەکانەوە بێت بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و بچووك و هۆیەکانی گەیاندنی ئاو بۆ سەر زەوییەکان و بە کۆنکرێتکردنی جۆگەکان.
بەنداوەکانی هەرێم
لە هەرێمی کوردستاندا 8 بەنداو هەیە کە جێبەجێ کراون و توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، لەوانە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان، هەڕاوە لە پارێزگای سلێمانی. باوەشاسوار، حەسەن کەنووش لە گەرمیان، حەمامۆک لە پارێزگای هەولێر و بەنداوەکانی دهۆک و کەشکان لە پارێزگای دهۆک.
توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دووکان، 6 ملیار و 800 ملیۆن مەتری سێجایە و هیی دەربەندیخان 3 ملیار و هیی دهۆکیش 52 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە توانای گلدانەوەی ئاوی سەرجەم بەنداوە جێبەجێکراوەکانی دیکە بریتییە لە 7 ملیۆن و 864 هەزار مەتر سێجا، واتا یەک لەسەر 864ـی بەنداوی دووکان.
ئەو بەنداوانەی لە جێبەجێکردندان
ئێستا 13 بەنداو لە هەرێمدا لە جێبەجێکردندان و بە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی 87 ملیۆن و 47 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە کە دەکاتە یەک لەسەر 113ـی توانای بەنداوی دووکان.
بەنداوەکانی ئاقۆیان، جەلی و رەزگە دوین لە هەولێر. بانووی تاڵەبان و دێگەڵە لە کۆیە، ئاوەسپی، سورقاوشان و دیوانە لە سلێمانی، خۆرنەوازان و قادرکەرەم لە گەرمیان، شیوەسوور لە کەرکووک هەروەها بەنداوەکانی خەنەس و بێدوهی لە دهۆک ئێستا لە جێبەجێکردندان.
بەنداوی ئاوەسپی لە سلێمانی بە توانای گلدانەوەی ئاوی 21 ملیۆن و600 هەزار مەتر سێجا، گەورەترین بەنداو و بەنداوی قادرکەرەم لە گەرمیان بە گلدانەوەی یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بچووکترین ئەو بەنداوانەیە کە لە جێبەجێکردندایە.
دیزاینی چەند بەنداوێکی دیکە
پڕۆژەی بەنداوەکانی نازەنین، باڵەییان، شەرغە، چەمرگە و کۆدەرە لە هەولێر، سارتک لەسەر زێی بچووک، کەژەک لە سیدەکان، بەنداوی رواندز لە لقێکی زێی گەورە، مەنداوە لەسەر زێی گەورە، بەنداوەکانی دێرانە، شیوەڕەش، شیواشۆک، شەوگێر، بەلک، زەڵان، هەشەزینی، چەمی رووخانە، چەق چەق 2، خێوەتە، قازیاوە، بەردەسوور و دێڵگە لە سلێمانی. بەنداوی باوەنوور لە گەرمیان، بێدول و باسی لەسەر ڕووباری خاپوور، خلین کورکا، سبنە 2، گەلی بەنداوە لە دهۆک پڕۆژەی ئەو بەنداوانەن کە لە ژێر لێکۆڵینەوە و دیزایندان و ژمارەیان 27 بەنداوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو، هاوشێوەی دووکان بە هەندێک جیاوازی چەند بەنداوێک لە داهاتوودا دروست دەکرێن، لەوانە بەنداوەکانی تەقتەق، مەنداوە، بەردەسوور، باوەنوور.
مەنداوە لە سەر زێی گەورە، توانای گلدانەوەی 200 ملیۆن مەتری سێجا ئاو و بەردەسوور لە سەر سیروان توانای 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی، گلدانەوەی ئاو، ئاودێری، سامانی ماسی، گەشتوگوزار، وزەی کارەبا ئامانجی سەرەکیی زۆربەی بەنداوەکانە، جگە لەمە لە هەندێک شوێن سوودی بەرگری لە لافاو و ئاوی خواردنەوەیشی هەیە.
پاشخان
بەنداوی دووکان لە ساڵانی ١٩٥٤ تا ١٩٥٩ لەسەر ڕووباری زێی بچووک لە لایەن کۆمپانیای دومێز بالوتی فەڕەنسییەوە دروست کراوە و ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە.
بەردی بناغەی بەنداوەکە لە ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن (مەلیک فەیسەڵ)ـەوە دانرا كە بڕی ١٤ ملیۆن دیناری ئەو سەردەمەی تێ چوو لە کاتێکدا کە ڕۆژانەی کرێکارێک ٢٥ فلس بوو.
بەرزیی دیواری بەنداوەکە ١١٦.٥ مەترە. درێژیی ٢٦٠ مەترە، بەرزیی بەنداوەکە لە ئاستی ڕووی زەریاوە ٥١٦ مەترە، ڕووبەری ئەو زەوییەی کە بەنداوەکە ئاوی دەدات 11 هەزار و 690 کیلۆمەتر دووجایە. توانای هەڵگرتنی بڕی 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای تێدا دروست کرا لە لایەن کۆمپانیایH.P.S) Hydro Power Station)ـی ڕووسیاوە لە ساڵی ١٩٧٠ کە دەتوانێت 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
سەرچاوەی ئاوی دووکان لە زێی بچووک و دەربەندیخانیش لە ڕووباری سیروانەوە سەرچاوە دەگرێت و سەرچاوی هەر یەک لە بەنداوەکانی باوەشاسوار، حەمامۆک و حەسەن کەنووش ئاوی کانییە و هیی دهۆک ئاوی بارانە و هەڕاوە و کەشکانیش لە ڕووباری وەرزییەوە سەرچاوە دەگرن.




