ئۆپۆزسیۆنی كوردی سووریا: ئامانجمان گۆڕینی ڕژێمێكی شۆڤینی و جێگرتنەوەی بە ڕژێمێكی دیكەی شۆڤینی نییە

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
ئامانج لەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەی سووریا كۆتاییهاتنە بە دەسەڵاتێك كە ڕێگا بە گەشەی دیموكراسی و ئازادییەكان نادات و مافی پێكهاتە جیاوازەكانیش دابین ناكات، بەڵام بەهێزترین گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سووریایش كە ناوی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا”یە هەڵوێستێكی خراپی لە بەرامبەر گەلی كورددا هەیە.
ئەم ئەنجوومەنە تا ئێستا داواكاریی نوێنەران و چالاكوانانی كوردی لەبەرچاو نەگرتووە و هەر ئەوەیش وای كردووە كوردەكانی سووریا ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبێت خۆپێشاندانی بەرفراوان دژ بە دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد) ئەنجام بدەن.
كورد داوای گەرەنتی دەكات
چالاكوانێكی كوردی سووریا لە دیمەشق دەڵێت:”یەكگرتویی لە ناو ڕیزەكانی ئۆپۆزسیۆن گرنگە، بەڵام پێویستە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریایش دڵنیامان بكاتەوە، كە لە سووریای نوێدا ڕێز لە داواكاریی گەلی كورد دەگیرێت و مافەكانی دابین دەكرێت”.
زۆرینەی گرووپ و پارتە كوردییەكانی سووریا لە ژێر چەتری “ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد”دا كۆ بوونەتەوە.
ئەم ئەنجوومەنە داوای ئەوە ناكات كوردستانی سووریا جیا بێتەوە و سەربەخۆیی وەربگرێت، بەڵام سوورە لە سەر ئەو هەڵوێستەی، كە دەبێت لە سووریای پاش (ئەسەد)دا دان بە گەلی كورددا بنرێت و ناوچە كوردییەكانیش كاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و كوردەكانیش بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
تا ئێستا چەندین جار ئۆپۆزسیۆنی كوردی و عەرەبیی سووریا كۆ بوونەتەوە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتوو، بەڵام ڕێك نەكەوتوون.
ژمارەیەك لە كەسایەتییە عەرەبەكانی ناو ئۆپۆزسیۆن دەڵێن: ئەم هەوڵەی كورد شۆرینەوەی ناسنامەی عەرەبایەتیی سووریایە، هەربۆیەیش بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی دەكەن.
ژمارەیەكی دیكەیشیان دەڵێن: ئێستا كاتی ئەوە نییە دەربارەی ئەو پرسانە قسە بكرێت و دەبێت تەواوی هەوڵەكانی ئێستا بە ئاراستەی كۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد) بێت.
سووریا بە ئەورووپا و ئەمەریكا بەراورد ناكرێت
ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا لە لایەن چالاكوانێكی كورد بە ناوی (عەبدولباست سەیدا)وە سەرۆكایەتی دەكرێت.
ئەم ئەنجوومەنە دەڵێت: سووریای پاش (ئەسەد) وڵاتێكی دیموكراسی دەبێت، كە تیایدا هەموو هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا یەكسان دەبن.
بەڵام ئۆپۆزسیۆنی كورد پێ وایە ئەم گوتەیە، كەمترین داواكاریی گەلی كوردی تێدایە. چالاكوانێكی سیاسیی كورد لەو بارەوە دەڵێت: “لە كۆمەڵگای دیموكراسیی ئەمەریكی و ئەورووپیدا هەموو كەس لە بەردەم یاسادا یەكسانە، بەڵام پێویستە شتەكان وەك خۆیان ببینرێن.
هەموو كەس دەزانێت سووریا وەك سوید نییە و پرۆسەی دیموكراسی سووریایش تا چەندین ساڵی دیكە ناگاتە پرۆسەی دیموكراسیی ئەمەریكا و ڕۆژئاوا. هەربۆیەیش ئەم گوتەیەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا هیچ گەرەنتییەكی بۆ دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد تێدا نییە”.
كورد وانەی لە مێژوو وەرگرتووە
ئەو چالاكوانە هەروەها دەڵێت: مێژوو كوردەكانی فێری ئەوە كردووە، كە مەرج نییە هەمیشە دەرئەنجامی شۆڕش و خۆپێشاندانەكان مایەی خۆشحاڵی بێت و بۆ ئەو مەبەستەیش ئاماژە بە خۆپێشاندانی سەردەمی “شا”ی ئێران و دابیننەكردنی مافەكانی گەلی كورد دەكات لە لایەن حكوومەتی ئێستای ئەو وڵاتەوە.
ئەو چالاكوانە هەروەها دەڵێت:”ئێمە ترسی خۆمان هەیە و ئەوەیش مافێكی سرووشتیمانە. نامانەوێت ڕژێمێكی شۆڤینیی عەرەبی بە یەكێكی دیكە بگۆڕین”.
سیستەمی زۆرینە و كەمینە هەڵەیە
چالاكوانێكی دیكەی كورد دەڵێت: ئێستا قسەكردنێك لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی و كوردی سووریادا دەربارەی هەبوونی هەڵوێستێكی هاوبەش بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد) هەیە.
ئەم چالاكوانە ئاشكرای دەكات، كە پێدەچێت كوردەكان و عەرەبەكان لە سەر دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراسی لە وڵاتدا ڕێك بكەون بە جۆرێك، كە هەڵبژاردن هەموو شت یەكلایی بكاتەوە.
بەڵام ئەم جۆرە ڕێككەوتنە لە بەرژەوەندی كورددا تەواو نابێت، چونكە عەرەبەكان 75%ی دانیشتووانی سووریا پێك دەهێنن و كوردەكانیش تەنیا 10%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتەن.
ئەو كاتەیش عەرەب زۆرینەیە و دەتوانێت هەر جۆرە بڕیارێك دەر بكات كە مەبەستی بێت.
نووسینی: فیل ساندس
سەرچاوە: ڕۆژنامەی “زە ناشناڵ”ی ئیماراتی




