یەكێتی ئەوروپا سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئامەد بە گرنگ وەسف دەكات

توركیا – KDP.info/ یەكێتی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بە سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد و بە هەنگاوێكی گرنگی حكومەتی توركیا بۆ پێدانی ماف بە كورد ناوی دەبات.
كاترین ئاشتۆن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاكشامی توركی رایگەیاند، بە سەردانەكەی بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ ئامەد زۆر خۆشحاڵین، بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی توركیا بۆ پێدانی ماف بە كوردەكان دەكەین، چونكە هەم بۆ توركیا و هەم بۆ ناوچەكە ئیجابی دەبێت.
ئاشتۆن دەڵێت، هەنگاوەكانی توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد ئێمەی خۆشحاڵ كردووە، بەتایبەت لە پرسی مافە كولتوورییەكان و هیوادارین هەموو بوارەكانی دیكەش بگرێتەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورپا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سەردانی داود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغداو، چوونی بارزانی بۆ ئامەد بەلای ئەوانەوە گرنگەو باشبوونی پەیوەندییەكان بە گرنگ دەزانن.
شەممەی رابردوو 16/11/2013، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی ئامەدی كرد.
بارزانی لە ئامەد لەگەڵ ئەردۆغان و عوسمان بایدەمیر، سەرۆكی شارەوانی ئامەد و حیزب و لایەنە كوردییەكان لە باكووری كوردستان كۆبووەوە.
بارزانی رایگەیاند، مەبەستی سەردانەكەیان تەنیا بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بووەو سوپاسی هەنگاوەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەردۆغان-یشی كرد لەو پێناوەدا.
سەرچاوە: رووداو




