سكاڵاكهی بهغدا، نابێته ڕێگر لهبهردهم ههناردهكردنی نهوتی ههرێمدا

هەناردەكردنی نەوت لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، لێدوانه سیاسییەكانی بەرپرسانی بەغدا و هەلێری بۆ قۆناغێكی دیكە پەلكێش كردووە.
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی بەغدا چەند ڕۆژێكە قسە لە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر حكوومەتی هەولێر دەكەن. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەولێر ئەو كارە بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت و پێی وایە بەغدا دادگەكە ناباتەوە.
ئێستاكە ئەو سكاڵایە سەرووی هەواڵە ناوخۆییەكانی عێراقی داگیر كردووە. بەپێی سەرچاوەكان، چەند ڕۆژێكە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا ئەو پرسە تاوتوو دەكات و دواجار بڕیاریان داوە لە دادگەی دەستووری، سكاڵا لەسەر هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت كە حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی تەنكەرەوە هەناردەكردنی نەوتی بۆ توركیا دەست پێ كردووە و ئەگەری هەناردەكردنی غازیش لە ئارادایە.
پێشتر نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە حوسێن شەهرستانی ڕایگەیاندبوو كە مافی هیچ لایەنێك نییە بە بێ ڕەزامەندیی حكوومەتی بەغدا نەوت هەناردەی دەرەوە بكات.
بەڵام ئەو لێدوانە لە لایەن بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمەوە بە تەواوی ڕەت دەكرێتەوە، تەنانەت وەزیری وزەی توركیا تاینر یێڵدیز ڕاگەیاند كە ئەم كارە یاساییە. ئەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە لە شاری هەولێر بۆ ڕێك خرابوو، گوتی: "ئەمە یاساییە، چونكە نەوتی عێراق بۆ هەموو عێراقییەكان نییە، بەڵام نەوتی كوردستان بۆ هەموو عێراقییەكانە."
چەند ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق باس لە چۆنیەتیی هەڵسوكەوتكردن بە سامانی نەوتەوە دەكات. لە ماددەی 111ـدا هاتووە كە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگیی یەكتر سیاسەت و شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە دیاری دەكەن.
لە ماددەی 112ـیشدا كە حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو كارە پشتی پێ بەستووە، هاتووە كە ئەگەر لەو مەسەلانەدا كێشە و جیاوازیی بۆچوون هەبوو، ئەوا گرنگی بە یاسای ناوچەكە دەدرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 یاسای نەوت و غازی پەسند كرد و بە پێی ئەو یاسایەیش هەڵسوكەوت لەگەڵ سامانی نەوتدا دەكات.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا قاسم محەممەد هەناردەكردنی نەوت لە لایەن حكوومەتی هەولێرەوە بۆ توركیا بە "ڕاست" دەزانێت. ئەو دەڵێ: "ئەمە كاردانەوەی سەرۆكوەزیرانە بەرانبەر بە هەوڵی متمانەسەندنەوە لە ناوبراو.
حكوومەتی هەرێم یاسای پێوەندیداری بە نەوت و غاز هەیە و بەغدا نییەتی، بۆیە ئەوان ناتوانن هیچ ڕێوشوێنێكی دەستووری بەرانبەر بە هەرێم بگرنە بەر."
لە ساڵی 2007ـەوە ڕەشنووسێك لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ نەوت و غاز پێشنیاز كراوە، بەڵام تا ئێستاكەیش لایەنە بەشداربووەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا نەیانتوانیوە لەسەری ڕێك بكەون.
قاسم محەممەد باس لە هەوڵێكی دیكەی بەغدایش دەكات. ئەو دەڵێ: "ڕەنگە بەغدا بەشەبودجەی هەرێمیش ببڕێت، بۆیە پێویستە كورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكات."
رۆژی 8ـی ئەو مانگە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەی كابینەكەیدا، ڕایگەیاند كە دەبووایە وەكوو مافێكی دەستووری حكوومەتی بەغدا ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت پشكی هەرێمی كوردستانی بدابایە، بەڵام وێڕای ئەوەی ساڵانێكە حكوومەتی عێراق ئەو بڕەنەوتەی دابین نەكردووە، لە 25ـی نیسانی ڕابردوویشەوە پشكی هەرێمی كوردستانی لە 32 هەزار و 116 بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 16 هەزار و 826 بەرمیل كەم كردووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "حكوومەتی هەرێم چی پێویست بێت دەیكات بۆ ئەوەی ئەو بڕەی لە پشكی هەرێم لە لایەن حكوومەتی بەغداوە بڕدراوە و كەم كراوەتەوە، پڕ بكاتەوە و پێویستییەكانی هەرێم دابین بكات."
بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم جەخت دەكەنەوە كە مەبەستیان لە ناردنەدەرەوەی نەوت، دابینكردنی بەشەسووتەمەنییە بۆ هەرێمەكەیان.
لە سەردەمی عێراقی نوێدا نەوت بەردەوام جێگەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بووە. تا ئێستا چەند جارێكیش حكوومەتی هەولێر هەناردەكردنی نەوت بۆ ناو بۆڕییەكانی عێراقی ڕاگرتووە و هۆیەكەیش ئەوە بووە كە بەغدا پارەی ئەو كۆمپانیایانەی نەداوە كە لە هەرێمی كوردستاندا سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن.
بەپێی قسەكانی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێم ئاشتی هەورامی ئێستاكە حكوومەتی هەولێر ڕۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت.
چەند جارێكیش حكوومەتی بەغدا هەر وەكوو سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێ كردووە، بەشەنەوت و بەنزینی هەرێمی بڕیوە كە بە هۆیەوە حكوومەت تووشی گرفت بووە. بۆیە ئێستاكە سەركردایەتیی كورد بیر لە جێگرەوەیەكی دیكە وەكوو توركیا و تەنانەت دروستكردنی بۆریی نەوتی هەولێر - جیهان دەكاتەوە.
لە كاتێكدا لێدانی ئەو بۆرییە بۆ گواستنەوەی نەوت، بەرژەوەندییەكی گەورە وەكوو شوێنێكی نوێ بۆ دابینكردنی وزە بۆ ئەورووپا بۆ كورد بە دوای خۆیدا دێنێت و ڕۆڵی توركیایش وەكوو شادەماری گواستنەوەی وزە زیاتر دەردەخات، بەڵام پێدەچێت پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر گرژتر بكات.
ڕووداوە ناوچەییەكان و بە تایبەت سووریا، عێراقی بۆ ماوەیەك لەناو ڕیزبەندی هەواڵە گرنگەكانی جیهان دوور خستەوە، بەڵام قسەكانی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ئاشتی هەورامی جارێكی دیكە ئەو شوێنەی بۆ عێراق مسۆگەر كرد. مانگی ئایاری ڕابردوو هەورامی باسی لەو بۆرییە نەوتە كرد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاچڵەكاند.
هەورامی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا تاینێر یێڵدیز ڕایگەیاند كە لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دروستكردنی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جیهانی توركیا دەكەن كە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی هەیە. بە پێی قسەكانی هەورامی ئەو هێڵە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014ـدا تەواو دەبێت.
رۆژنامهی ههولێر- كاوە جەم




