٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

یه‌کگرتنه‌وه‌ی ده‌ستگا ئەمنییەكان یەكێك لە خواستەكانی ئۆپۆزیسیۆن بوو،ڕه‌خنه‌كانی ئێستایان موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌

سەرچاوە: Hewler

ئەندامانی پەرلەمانی هاوپەیمانیی كوردستانی ده‌ڵێن لێدوانە جیاجیاكانی لایەنی ئۆپۆزیسیۆن سەبارەت بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و یاسای ئەنجوومەنەكە، ''ته‌نیا موزایەدەیەكی سیاسییە و هیچی دیكە.''

په‌رله‌مانتارێکی ده‌ڵێت یەكێك لەو بابه‌تانه‌ی كە هەمیشە لایەنی ئۆپۆزیسیۆن داوای رێكخستنیان دەكرد، كۆكردنەوەی داموده‌ستگه‌ ئەمنییەكانی هه‌رێم بوو لە ژێر چەتری بڕیارێکی یاسایی په‌رله‌ماندا، بەڵام لەگەڵ پەسەندكردنی یاساكە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمدا، ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەكی دیكە دەستیان بە هه‌ڵمه‌تێکی میدیایی كرد.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی كوردستانی عومەر نوورەددینی دەڵێت: "له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ بەیاساییكردنی دەستگە ئەمنییەكانی هەرێم یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی ئۆپۆزیسیۆن."

ئه‌و روونیشی ده‌کاته‌وه‌ كە ئەم یاسایە شەرعییەتی خۆی هەیە و لە پەرلەماندا دەرچووە، چونكە شەرعییەتدان بە یاسایەك لەوەدا نییە كە ئایا ئۆپۆزیسیۆن ئامادە دەبێت یان نا، بەڵكوو شەرعییەتدان ئەوەیە كە لەناو پەرلەماندا دەنگی خۆی بێنێت و دەربچێت.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی كوردستانی عەبدولسەلام بەرواری ده‌ڵێت كە لە ئێستادا ئۆپۆزیسیۆن هەر یاسایەك دەردەچێت، بە خراپ و ناشیرین ناوی دەبەن و وا خەڵكی تێ دەگەیەنن كە ئەمە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا نییە، لە كاتێكدا لە یاسایەكی وەكوو ئەنجوومەنی ئاساییشدا دەیتوانی كە بیر و بۆچوونی خۆیان بدەن و دەوڵەمەندی بكەن، بەڵام نەیانكرد.

بەرواری ڕوونیشی ده‌کاته‌وه‌ كە ئۆپۆزیسۆن بەو شێوەیە لەسەر رێرەوێكی ڕاست ناڕوات و گوتی: "پێم وا نییە ئەگەر لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام بن، تا كۆتایی بۆیان بچێتە سەر."

یەكێك لە رەخنەكان كە ئاڕاستەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و سەرۆكی دەستگەی ئاساییش دەكرێت، ئەوەیە كە دەبووایە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا سوێندیان بخواردایە. نوورەدینی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوان وەزیر نین تا لە پەرلەمان سوێند بخۆن، بەڵكوو ئەوان پلەی وەزیرییان هەیە و پێویست ناكات لە پەرلەماندا سوێند بخۆن."

عومەر نوورەدینی هەروەها ده‌ڵێت كە بەپێی یاساكە ئەنجوومەنی ئاساییش، ستراتیژی یاسا دادەڕێژێت و هیچ تەداخولێكی حزبی تێدا نییە و ده‌ڵێت: "ئەوە تەنیا موزایەدەی سیاسییە که‌ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یکات و هیچی دیكە، چونكە تاكو ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كەسێك لەسەر بیروبۆچونی سیاسی نەگیراوە و هیچ زیندانییەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا نییە و ئەو ئاساییشەی هەرێمیش، هەموو لایەك وەك یەك سوودیان لێ وەرگرتووە."

یەكێك لەو گلەییانەی كە ئاڕاستەی ئەو ئەنجوومەنە دەكرێت، مەسەلەی پێدانی بودجەكەیە و پێیان وایە كە ئەو بودجەیە بڕێكی زۆرە.

مامۆستای زانكۆ فرسەت سۆفی پێی وایە لە هەموو وڵاتێكدا لایەنی ئەمنی بودجەی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەكرێت، بە تایبەتی وڵاتێك كە هەڕەشەی زۆری لەسەر بێت و هەرێمی كوردستانیش ئێستا لە هەر چواردەورەوە هەڕەشەی لەسەرە و پێویستە بودجەیەكی باشی بۆ تەرخان بكرێت.

بوودجه‌ی ئه‌مساڵی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به‌ نزیکه‌ی 265 ملیۆن دۆلار مه‌زنده‌ کراوه.
عومەر نوورەدینیـیش دەڵێت: "لە هەموو وڵاتێكدا ئامانجی سەرەكی دابینكردنی ئاساییشە، بۆیە گرنگیی زۆر بە دابینكردنی بودجە دەدرێت، تەنانەت لە شوێنێكی وەكوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەكرێت و ئەو بودجەیەیش هەمووی ئاشكرا ناكرێت، چونكە نهێنیبوونی، پێویستیی تێدایە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوودجه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نییه‌."


رۆژنامه‌ی هه‌ولێر- سەعد هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار