٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە سەردانێكی مێژوویی ناوی دەبات

سەرچاوە: KDP.info

جگە لەوەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ شاری ئامەد ڕەنگدانەوەی گەورەی لە تورکیا و هەولێر و ناوچەکەدا هەبوو، هاوکات بەشی زۆری میدیا جیهانییەکان ڕووماڵی تایبەت و گرنگیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کرد و، زۆرینەی میدیا تورکی و جیهانییەکان بە سەردانێکی مێژوویی وەسفی دەكەن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نووسیویەتی "بارزانی بۆ پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی چووەتە ئامەد".

ڕۆیتەرز کە ڕاپۆرتێکی درێژی لەبارەی سەردانەکەوە بڵاو کردووەتەوە، لە بەشێکیدا نووسیویەتی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانی بۆ شاری ئامەددا داوای لە کوردی باکوور کرد کە ئاڵای ئاشتی بەرز بکەنەوە و پشتگیری لە ئاشتی بکەن".

هەروەها نووسیویەتی "سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە ئابووری و وزەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەوپەڕی بەهێزیدایە و هەردوولا چەند ڕێکكەوتنێکیان لەو بوارانەدا واژۆ کردووە".

لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆیتەرز ئاماژەی داوە "مەسعود بارزانی داوای کردووە کە کورد و تورک پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتی بن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتووە "کورد كە وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا دادەنرێ، بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراون و ئێستا لە باکووری عێراق خاوەنی هەریمێکی سەربەخۆی سەقامگیرن."

هاوکات بە بڕوای ڕۆیتەرز سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ باکووری کوردستان، دەبێتە تاجی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بەردەوامبوونی پڕۆسەکە.

پەیوەندییەکی ئابووری و سیاسیی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە، هەردوولاش بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، بە بڕوای چاودێرانیش پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، بۆ ڕەوشی ناوچەکە و سەقامگیریی بەشەکانی دیکەی کوردستان سوودی زۆری دەبێت.

هاوکات ماڵپەڕی کەناڵی جەزیرە، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نووسیویەتی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردووە لە تورکیادا پاڵپشتی لە ئاشتی بکرێت و، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم ئەنكەرە دەیەوێت لایەنە کوردییەکانی باکوور، ئەوانەی بەشداری گفتوگۆکانن بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ".
ئەلجەزیرە بە گرنگییەوە باس لە گوتەی سەرۆک بارزانی دەکات کە ڕایگەیاند سەردانەکەی بۆ ئامەد مێژووییە، هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا چووەتە ئامەد، کە بە سەدان کەس پێشوازییان لێ کرد و هەمووشیان ئاڵای کوردستانیان بەرز کردبووەوە.

هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس لە بارەی سەردانەکەوە نووسیویەتی "ئەردۆغان بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ئەمەش بە سەرەتای دەستپێکردنەوە و بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا دادەنرێت".

هاوکات باس لەوەش دەکات کە مەسعود بارزانی چەندین جار سەردانی ئەنكەرەی کردووە، بەڵام وەک ئەردۆگان گوتوویەتی، سەردانەی ئەم جارە مێژووییە و هۆکاری بەردەوامیی پڕۆسە ئاشتیشە. لەبارەی کورد و دابەشبوونیان بەسەر چوار وڵاتدا، فرانس پرێس نووسیویەتی كە کورد ئێستا لە ژێر سەرکردایەتیی بارزانیدا خاوەن هەرێمێکی سەربەخۆی سەقامگیرن.

کەناڵی سکای نیوزیش لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، ڕووماڵێکی تایبەتی کرد و لە چەندین هەواڵدا بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.
ماڵپەڕی پرێس تی ڤی ـیش جگە لەوەی باسی لە گوتەی سەرۆک بۆ پاڵپشتیی پڕۆسەی ئاشتی کردووە، نووسیویەتی كە سەردانی بارزانی بۆ ئامەد لە کاتێکدایە کە تورکیا دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکیدا بەرەو پێش ببات.

جگە لەو ئاژانسانەش هەریەک لە ڕۆژنامەکانی حورییەت و زەمان و ستار و تورکیش ویکلی و ئەکشام و ڕادیکاڵ و تەرەف و چەندین کەناڵ و ماڵپەڕی دیکەش، تا گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێم ڕووماڵی تایبەتیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کردووە و هەریەکەش لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی سەردانەکەی کردووە و، بەشی هەرە زۆریشیان سەردانەکەیان بە مێژوویی و گرنگ لە قەڵەم داوە بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیاش.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان گەییشتە ئامەد و، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و پێشکەشکردنی وتارێک و هەروەها ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمێکی هاوسەرینیی بەکۆمەڵدا، ڕۆژی یەکشەممەش لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ئامەد عوسمان بایدەمیر کۆ بووەوە و، ئێوارەی پێرێ لە ئامەدەوە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار