فازڵ میرانی بۆ NRT: سەرۆك بارزانی لە هەر پرسێكدا قسە بكات كاریگەری دەبێت

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی لەدیمانەیەكدا لەگەڵ NRT تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی كوردستان بە دەرەوە و پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت ئەمە جگە لەڕۆڵی كورد لە عێراق و ئەو گرفتانەی كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت.
پێكهێنانی حكوومەت
میرانی نیشانیدا پارتی لەم ماوەیەدا نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەت راسپاردووە و پاشان پەرلەمان و سەرۆكی كوردستان بۆ ئەم مەسەلەیە رادەسپێرێت و نیشانیدا بەرژەوەندی وا دەخوازێت ئێستا دانوستان لەگەڵ هێزە براوەكان بكرێت و ئەم گفتوگۆیانە پشت بە ژمارەی كورسی نابەستێت و دووپاتیكردەوە كە گرنگە باسی حكوومەتی بنكە فراوان و چۆنێتی ئەم بنكە فراوانیە و شێوازی روون بكرێتەوە و گوتی : لەو ماوەیەدا پێویستە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسیەكان دانیشتن بكرێت و باشە ئەگەر بیرورا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان بكرێت.
حكوومەتی ئیئتیلافی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پێویستە حكوومەت ئیتیلافی بێت و هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بەشداری تیادا بكەن و حكوومەت بە رێككەوتنی لیستی براوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە پێكدێت و بەرەچاوكردنی ئەم پرەنسیپانە هەموو لایەك دەگاتە رێككەوتن و گوتی: لەهەموو ئەو شتانەی باسكران گرنگتر ئەوەیە یەك بەرنامەی هاوبەش هەموو ئەو هێزانە كۆبكاتەوە بەڵام مەرج نیە هەموو ئەوانەی سەردەكەون لەحكوومەت بەشدار بن بەڵكو لیستی براوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دانوستاندن دەكەن.
هێڵی سوور نیە
فازڵ میرانی ئەوەی دووپاتكردەوە پارتی هیچ هێلێكی سوری بەرامبەر هیچ لایەنێكی كوردستاندا نیە چونكە هەموو لایەنەكان كوردستانین ورۆڵەی ئەم وڵاتەن وگوتی: هێڵی سوورمان بۆ هەبێت؟ئێمە هەموومان خەڵكی ئەم وڵاتەین و وشەی هێڵی سوور جوان نیە، بەڵكو دەكرێت لەگەڵ دوژمن بەكاریان بهێنین و لەناو خۆمان هیچ هۆكارێك بۆ بەكارهێنانی نابینم، ئێمە دەڵێین هەموومان دێینە گفتوگۆ یان رێكدەكەوین یان بەشێكمان رێكدەكەوین، بەڵام هەموومان بەرامبەر بەم نیشتیمانە و ئەمنیەتی ئەم نیشتیمانەوە بەرپرسین.
كەسمان نامۆ نین
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی نیشاندا هیچ لایەنێك نامۆ نیە بۆ دانوستاندن، مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكان بەوە نیە كە چین و كێن و چەند كورسیان هەیە و گوتی: هاوبەشی لەنێوان هەمووماندا هەیە و كەسمان لەیەكتر نامۆ نین، ئەگەر ئەوانەی ئەمڕۆ لە گۆڕانن و جاران یەكێتی بوون هەمان برا و دۆستی جارانن وبەرنامەیان گۆڕاوە بەڵام ئێمە ناتوانین تەنها ڕەچاوی مێژوو بكەین و جوگرافیا پشتگوێ بخەین ودەبێ مامەڵە لەگەڵ هەردوولایان بكەین و لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسە بكەین بە حزب و لایەن و پێكهاتە و نەتەوە و دەرەنجامی ئەم قسانە نەخشەرێگا دادەنێت.
مەرج دانانێین و مەرجیش قبووڵناكەین
میرانی دووپاتیكردەوە پارتی مەرج دانانێت ومەرجیش قبووڵناكات و مەرجی هەموولایان ئەوەیە بیر لە حوكمڕانی ئەم وڵاتە بكرێتەوە و ئەگەر لایەنەكان لەسەر ئەو مەسەلەیە رێككەوتن باسی هیچ هێڵێكی سوور ناكەن.
كاریگەریە هەرێمیەكان
سكرتێری مەكتەبی سیاسی نەیشاردەوە عێراق تاوەكو ئێستا لە كاریگەری وڵاتانی دراوسێ دوور نەكەوتووە و كاریگەری بەسەر ئەوانەوە هەیە، بەڵام لە كوردستاندا بارودۆخ جیاوازە و گوتی: بەداخەوە عێراق لەكاریگەری وڵاتانی هەرێمی دەرنەچووە و عێراق بڕیاری ئازا و سەربەخۆی یان ئامادە نیە یانیش نایكات و هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت بەبێ تەدەخولی ئەم و ئەو بگاتە رێككەوتن بەڵام ناكرێ كاریگەری وڵاتانی دراوسێ نادیدە بكرێت بەڵام ئەوان تەدەخول ناكەن و كەسمان لەسەر فەرز ناكەن، ئێمە پەیوەندی سیاسی و ئابووری كۆمان دەكاتەوە ودەبێ بزانین ئەوان لە هەموو مەسەلەكاندا رەژاوی بەرژەوەندی خۆیان دەكەن، لە چوارچێوەی پەیوەندیە هەرێمی و دۆستایەتیەكانەوە لەگەڵ توركیا و ئێران دەتوانین بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ بكەینەوە بەڵام هیچ كەسێك هیچ شتێكمان بەسەردا ناسەپێنێت و دووپاتیدەكەمەوە لە بەرژەوەندی توركیا و ئێراندایە كوردستان لەرووی سیاسیەوە سەقامگیر بێت، وئێمە ئامۆژگاری دۆستانەیان بە هەند وەردەگرین.
سەرۆكایەتی هەرێم بە پێكهێنانی حكوومەتەوە پەیوەست نیە
فازڵ میرانی نیشانیدا پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە رووی عورف و یاساوە هیچ پەیوەندیەكی بە پێكهێنانی حكوومەتەوە نییە، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراوە و ئەم خولەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش بە رێككەوتنی هەردوو حزب درێژكرایەوە و نیشانیشیدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆماری عێراقیشەوە پەیوەستە وهیچ لۆژیكێك قبووڵی ئەوە ناكات مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی حكوومەت تێكەڵ بكرێت وقبووڵی ئەوەش ناكرێت سووكایەتی بەو پۆستەوە بكرێت، بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن پەرلەمان یان لەلەیان خەڵكەوە سیستەم ناگۆڕدرێت بەڵكو شێوەی هەڵبژاردنەكە دەگۆڕدرێت وگوتی: لەخولی پێشوودا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرا سیستەم هەر وەكو خۆی بوو و ئەوانەی ئێستا دەڵێن با سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت دەیانگوت لەنێوان چوار دیواردا سەرۆكی هەرێمیان هەڵبژارد و رێگەیان بە خەڵك نەدا بە شێوەیەكی دیموكراسی سەرۆك هەڵبژێردرێت، ئێمە پێشی رووداو ناكەوین و ئەوەی بەرژەوەندی ئێمەی تیادا هەبێت دانوستاندنی لەسەر دەكەین وئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی بێت دەیكەین.
پارتی و حكوومەتی ئایندە
هاوكات فازڵ میرانی نیشانیدا هیچ لۆژیكێك نیە وەزارەتی سیادی لە پارتی بستێندرێت كە ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و بۆ پێكهێنانی كابینەی ئایندەی حكوومەت دەستنیشان دەكرێت و گوتی: ئەگەر وەزارەتە سیادیەكان لەپارتی ستێندرایەوە ئیتر چی بۆ دەمێنێت؟ ئێمە ئەگەر لەوە دڵنیا بین ئەوانەی بەشداری حكوومەت دەكەن و داوای ئەم وەزارەت و ئەوە دەكەن ئەگەر بەرنامەیەكی ماقووڵیان هەبێت ئەوا قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵام ئەو مەسەلەیە بۆ سەرۆكی حكوومەت جێهێشتراوە و ئەو خاڵبەندی دەكات و ئەگەر بەخاڵبەندی و بۆ كۆنی و بە مێژوو و جوگرافیا و زۆرینە بێت ئەوا بێگومان وەزارەتێكی سیادیمان هەر بەردەكەوێت، سەرۆكی حكوومەتیش لە ئێمەیە و لەهەر شوێنێكی دونیاش وا باوە وەزارەتێكی سیادی لەلیستی سەرۆكی حكوومەتەوە بێت، بەڵام حوكم نادەیت و بۆ كاتی خۆیانی بەجێدەهێڵین و هەر شتێك بەرژەوەندی هەرێمی تیادا بێت دەیكەین.
بەشداری ئۆپۆزیسیۆن
بەشداری لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە حكوومەت بە دیدی فازڵ میرانی شتێكی ئاساییە لە حكوومەت بە بەشداریەكی ئەكتیڤ لەسەر بەرنامەیەك كە هەموو لایەك لەسەر رێكبكەون بە حوكمرانیەكی باشتر وگوتی: ئێمە داوای بەشداری رەمزی ناكەین بەڵكو هەموومان پێویستە خزمەتی ئەم وڵاتە بكەین لەسەر بنەمایەك كە كەموكوڕی جاران بسڕینەوە و میللەتی ئێمەش داوای ئەمەمان لێدەكات.
پابەندی بە بەرنامەی هەڵبژاردن
فازڵ میرانی پابەندبوونی پارتی بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن نیشاندا و دووپاتیكردەوە دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت لەسەر هاوڵاتیان كە پێویستە لایەنی پەیوەنددار بۆ هاوڵاتیانی شی بكاتەوە و گوتی: ئێمە بە بەرنامەی خۆمانەوە پابەندین و باشتر وایە هەموو بەرنامەكان لێكبدەینەوە و هاوبەشەكان دیاری بكەین ویەك بەرنامەی لێ دەربچوێنین، ئێمە بەڵێنی زۆرمان لە بەرنامەیەكی فراوان بە بیرێكی قووڵی حوكمڕانی بە خەڵكی كوردستانەوە دا، بەڵێ ئێمە پابەندی ئەوەین كە كۆمپانیایەك دادەمەزرێنین كە داهاتی ئەم نەوتەی لەبەشی ئێمەدایە لەجیاتی پارە سەهمیان پێدەدەین و ساڵانە قازانجی دەبێت و دەشتوانن ئەو سەهمانە بفرۆشن و ئەم مەسەلەیە بزاڤێكی رۆشنبیری دەوێت كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەم مەسەلەیە شی بكەنەوە و وردەكاریەكانیەوە بۆ خەڵكی كوردستان رونبكەنەوە وبێگومان ئەمە دەبێتە پرۆژەی حكوومەت.
گۆڕانی تابلۆی سیاسی
میرانی نیشانیدا ئاراستەی سیاسی ئەمڕۆ لە كوردستان نەرمیەكی تیادایە وپێكهێنانی ئەم حكوومەتەش بە دیدی ئەو ئاسان نییە و گوتی : ئاراستەی سیاسی لە كوردستان نەرمیەكی تیادایە و ئەویش لەنێوانی سەوابیت و نەرمیدایە، بێگومان كارەكەی ئێستامان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ناكرێ میللەتێك تا هەتایە بەبێ حكوومەت بمێنێتەوە ودەبێ دانوستاندن بەردەوام بێت و بە شوێنی نیەت سافی وپاكی بگەڕێین، بێگومان حكوومەت هی هەموو خەڵكی كوردستانە و حكوومەتی هاووڵاتیە، ڕاستە نە من و نە برایانی یەكێتی ناتوانین كاریگەری نەبوونی مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان وعێراق و یەكێتی نادیدە بگرین، مام جەلال چارەسەركاری هاوكێشەی قورس بوو .
سەردانی سەرۆك بۆ ئامەد
فازڵ میرانی نیشانیدا سەردانی سەرۆك بۆ ئامەد بە داوەتی سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە كە چەندین چالاكی لەخۆوە دەگرێت و گوتی : سەردانەكە بە داوەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو كە بەمەبەستی كردنەوەی چەند پرۆژەیەكە ئەمە جگە لەبەشداریكردن لە بۆنەیەكی ژنهێنانی بە كۆمەڵ و كۆنسێرتێكی هونەری و بێگومان دانیشتنی دووقۆڵیش دەبێت جا چ باس دەكرێت؟ كەس نایزانێت، هیوادارین ئەم سەردانە خزمەتی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا بەگشتی بكات وخزمەتی پرۆسەی ئاشتی كورد لە كوردستانی توركیا بكات و بە تەسەوری من سەرۆك بارزانی لە هەر پرسێكدا قسە بكات كاریگەری دەبێت بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كاریگەریەكە لەرووی عەمەلیشەوە بەرجەستە بێت، جەنابی سەرۆك هەمیشە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە ئێمە بەشێكین لەچارەسەری و چارەسەری بەدەستی پەكەكە و حكوومەتی توركیا دایە بەڵام گرفتی ئەو هەموو اڵە بە شەش مانگ چارەسەر ناكرێت، خۆمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەگەڵ رەچاوكردنی جیاوازی لەنێوان شێوازی حوكم كردن لەنێوان هەردوو حكوومەتی توركیا و عێراق بەڵام كاتی زۆرمان ویست بۆ چارەسەركرنی كێشە نەتەوەییەكانی كورد لە عێراق. خاڵی هەرە گرنگی ئەم پرسە ئازادكردنی ئۆجەلانە بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر سەیری لێدوانی سەركردەكانی پەكەكە بكەین یەكێكیان دەڵێت پرۆسەكە كۆتایی پێهات ویەكێكیان دەڵێت هێشتا هیچ نەكراوە بەڵام جەنابی ئۆجەلان لە ئیمراڵی دەڵێت پرۆسەی سیاسی نەوەستاوە و بەردەوامە، كاتێكیش پرۆسەكەش دەوەستێت بە هێزی ئەو جارێكی دیكە دەستپێدەكاتەوە و پێشموایە ناكرێ باسی پرسی پەكەكە و توركیا بكرێت باسی ئۆجەلان نەكرێت.
بەشداری یەكگرتوو پێویستی بە واسیتە نییە
فازڵ میرانی رەتیكردەوە توركیا گوشار بخاتە سەر سەرۆك بارزانی بۆ بەشداریپێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە كابینەی ئایندەی حكوومەت و گوتی: لەوانەیە ئەم پرسە باس بكرێت بەڵام ئێمە پرسی خۆمان لەنێوخۆی خۆمان باسی لێوە دەكەین و جەنابی سەرۆكیش شتی وا قبووڵ ناكات و ئێمە وەكو برایەك دەتوانین ئەم داوایە لە یەكگرتوو بكەین و یەكگرتوو پێویستی بە واسیتە نیە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت، ئەوان برا و دۆستی ئێمەن.
رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی ویەكێتی شتێكی زەروور بووە و بەهەستێكی گەورەی نەتەوەییەوە نووسراوە، كوردستان و خەڵكەكەی لە پارتی و یەكێتی زیاتر سوود مەند بووە و هەردوو حزبیش سوود مەند بوون وگوتی : زۆر بۆچوون لەمبارەیەوە هەیە بەوەی كە رێككەوتنی ستراتیژی نەمێنێت یان هەموار بكرێتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من كاتێك جەنابی مام جەلال وسەرۆك بارزانی ئەم رێككەوتنەیان ئیمزاكرد لە سۆنگەی هەستی نەتەوایەتی بەڕێزیانەوە بوو بۆ كاركردنی هاوبەشی هەردوولا بۆ هێنانەدی حكوومەتێكی یەكگرتوو و سوودمەندی یەكەم گەلی كوردستان بووە وهەردوو حزبیش پێیەوە سوود مەند بوون بەو پێیەی جەنابی مام جەلال بووە سەرۆكی كۆمار ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشی هەموولایەك، ئەگەر زەرەریشی تیادا هەبووبێت رەنگە بەهۆی كەمبوونی دەنگی یەكێتیەوە بێت، دووپاتیدەكەمەوە یەكێتی حزبێكە خاوەنی ئەزموونە و خۆیان ئازادن چۆن رێككەوتنەكە شیدەكەنەوە و لەوانەشە لەنێو خودی یەكێتی وپارتیش جیاوازی لە شیكردنەوەی ئەم رێككەوتنەوە هەبێت بەڵام پارتی زیاتر پێیەوە پابەند بووە. ئەو رێككەوتنە تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە بزاڤی رزگاریخوازی كورد پێ دەنێتە قۆناغێكی دیكەوە، بۆیە دەبێ هەموومان كۆببینەوە و وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە ئایا كورد گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی كۆتایی پێ بهێندرێت؟ بەڵێ هەندێك خاڵی گۆڕدران، یەكێتی بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لە سەندیكاكانیش هەروەها و ئێستا لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزەرانەوە مشتومڕمانە.
سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد
میرانی دووپاتیكردەوە پێویستە كورد لەسەر پرسی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار كۆك بن چونكە ناكرێ قبووڵی ئەوە بكرێت كورد ببێتە هاووڵاتی پلە دوو ونیشانیدا تائێستا ئەو قسانەی لەبارەی بوونی سەرۆك بارزانی بە سەرۆك كۆماری عێراق تەنها قسەی راگەیاندنە و هیچ شتی زیاتر نیە و تائێستا سەرۆك قسەی لەسەر نەكردووە و زۆر لێكدانەوەش بۆ ئەو مەسەلەیە كراوە، بەڵام نەبۆتە پرسی گفتوگۆ وگوتی: لە رێككەوتنی ستراتیژیدا هاتووە : بەداخەوە تاوەكو ئێستا یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ ئەم پۆستە دانەناوە، بێگومان ئێمە پاڵپشتیان دەكەین بۆ ئەو كاندیدەی كە بە راوێژ لەنێوان خۆیان ولەگەڵ ئێمەدا دایدەنێن، جەنابی سەرۆك دووپاتی ئەوەی كردووە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كوردە و هەموولایەك بە یەكێتی و ئەمەریكا و سوننە وشیعەش دەزانن مسعود بارزانی لەژێر گوشاردا چی كرد بۆئەوەی مام جەلال ببێتە سەرۆكی كۆمار، ئێمە لەدژی ئەوەین ئەم پۆستە بدرێتە لایەنی دیكە بۆ ئەوەی كورد بە پلە دوو سەیر بكرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەك قبووڵ نیە، بۆشایی لەو پۆستەدا لەوانەیە لە بەرژەوەندی سوننە یان شیعەدا بێت بەو پێیەی جێگری سەرۆك كۆمار شیعەیە، بەڵام پێویستە ئێمەی كورد لەسەر ئەم خاڵە رێكبكەوین، سەرۆكی كۆمار بەپێی ماددەی 66 دەتوانێت متمانە لە سەرۆكی وەزیران وەربگرێتەوە و دەستوور بەهێمای عێراقیانی وەسفكردووە، باشە كەس هەیە بەوە دڵخۆش نەبێ كە كوردێك ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق؟
مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی مالیكی
فازڵ میرانی نیگەرانی خۆی لەوە نەشاردەوە كە هەر كاتێك گرفتێك لە عێراق ببێت پارتی تاوانبار دەكرێت وسەرۆك بارزانی دەبێتە ئامانجی یەكەم وگوتی: ئەگەر بارودۆخ بەرەو خراپی دەچێت دەڵێن پارتی و مسعود بارزانی خەتابارن، ئەگەر چارەسەر بكرێت دەڵێن بە عەشایەری چارەسەر كرا، بەڵێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی پارتیە بەڵام وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكات و هەركاتێك قسەیەك بكات كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات ئەوان نایەن و بەشداری ناكەن وگلەییش دەكەن، باشتر وایە پرسیاری ئەوە بكرێت هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵ بەغدا كردووە نەوەكو پارتی بە تەنیا چونكە پارتی هاوبەشی هەیە و ئەگەر پارتی وەكو حزبەكانی دیكە تەنها بەرژەوەندی خۆی بوێت و هەموو سەوابیتە نەتەوەییەكان فەرامۆش بكات ئەوا دەبێتە بەڕێزترین حزب، ئەمە نە خۆ هەڵكێشانە و نە كەمكردنەوەی رۆڵی كەسانی دیكەیە، بەڵام وەكو بەرپرسێك دووپاتیدەكەمەوە ئەگەر پارتی واز لە سەوابیتی نیشتیمانی بهێنێت واز لە ماددەی 140 و پێشمەرگە و یاسای نەوت و غاز بهێنێت هیچ كەس دژایەتی ناكات و دەبینە خۆشەویستترین حزب لە عێراقدا بەڵام نەمانكردووە و ناشیكەین و هیچ كاتێكیش لە هەڵوێستی خۆمان پەشیمان نین.
بارودۆخی سلێمانی
فازڵ میرانی رەتیكردەوە گۆڕان سلێمانی لە كوردستان دابڕێنێت، بەڵام نەیشاردەوە باس لەوە دەكرێت پارێزگاكانی كوردستان ببنە هەرێمی سەربەخۆ و ئەوەی نیشاندا ئەگەر ئەو شتە رووبدات ئەو كات كورد هیچ تایبەتمەندیەكی نەتەوەیی لەعێراقدا نامێنێت وكورد تووشی لێكترازان دەكات وگوتی: باس لە بوونی كەركووك و مووسڵ و رومادی دەكرێت بۆ بوونیان بە هەرێمی سەربەخۆ، جاربەجار باسی سلێمانیش دەكرێت و ئێمە نەمانگوتووە گۆڕان وای گوتووە، ئێمە لەدژی پارچە پارچەكردنی هەرێمی كوردستانین چونكە ئەگەر بووە فیدراڵیزمی ئیداری وەكو ئەڵمانیا و ئەمەریكا ئەوكات هیچ تایبەتمەندیەكمان لەعێراقدا نامێنێت وبچووك دەبینەوە و ئەو یەكبوونە جوگرافیەی كورد نامێنێت، ئێمە لەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان شەهیدمان داوە و یەقەی كەسی دیكەمان گرتووە، لەجیاتی ئەوان بهێنینە سەر هەرێمی كوردستان ئێمە خۆمان كوردستان لەیەكتر بترازێنین و هەر كەسێك ئەم داوایە بكات لێی قبووڵ ناكرێت، ئێمە سلێمانیمان خۆش دەوێت و سلێمانی بەشێكی گرنگی كوردستانە و ئەو بارودۆخەی ئەوێ بە ئیجابی نازانین . برایانی گۆڕان دەڵێن لەماوەی ئەوەندە كاتەدا دەبێ پارێزگار دەستلەكار بكێشێتەوە، ئەوەی باس دەكرێت لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانەوە دەگوترێت لە 30-4-2014 لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەم پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت بۆیە پێویستە لەو 5 مانگەدا ئیدارەی یەكتر بكەین لەجیاتی هەڕەشەكردن و دوای هەڵبژاردن پارێزگارەكان مەعلووم دەبن، ئەگەر قسە لەسەر هەڵبژاردنی ئەم دواییە بكرێت ئەمە دەنگی پەرلەمانی كوردستانە و ئەگەر لەهەڵبژاردنی پارێزگاكان دەنگی زۆرینەیان هێنا مافی خۆیانە پارێزگار لەوانەوە بێت. بۆیە دەڵێم لەو 4 مانگەدا پێویستی بەو قسانە ناكات، بۆ زانیاریش نزیكترین هاوپەیمانانی گۆڕان كە یەكگرتوو و كۆمەڵن لەگەڵ ئەوەن بارودۆخ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەكو خۆی بمێنێتەوە تا سلێمانی نەكەوێتەوە گرژیەوە.
فازڵ میرانی دووپاتیكردەوە لەكاتی دروستبوونی هەر گرژیەك لەسلێمانی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ئەوكات پارتی ئەوە هەڵدەبژێرێت بەهەردووكیان بڵێت گرژیەكان رابگرن، چونكە پارتی سیاسەتەكەی دیارە ئەویش پاراستنی ئاسایشی كوردستان و خەڵكی كوردستانە و ناشیەوێ حزب ببێتە بەدیلی حكوومەت، روونیشیكردەوە كە پێویستە بەرنامەی حكوومەت ئاشكرا بێت و چارەسەریەك بۆ زۆربوونی بارەگای حزب دابندرێت چونكە لەگەڵ بە مەدەنیبوون ناگونجێت بە خودی پارتیشەوە و جەختی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی ئایندە هەموو كەموكوڕی حكوومەتەكانی ئایندە كەمبكاتەوە.
یاسای نەوت و غاز
میرانی باسی گوشارەكانی بەغدای كرد بەو پێیەی كە تاوەكو ئێستا هیچ یاسایەكی نەوت و غازی دانەناوە و كورد پارەیەكی زۆری باجی ئەم لا و ئەولای بەغدا دەدات و بودجەكەش بە تەواوی نایەت وگوتی : ئەمساڵ 34 ملیار دۆلاری بودجەی عێراق بودجەی سیادی بوو كە كورد 17%ی دەدات و ئەمەش تەنها بۆ كەمكردنەوەی پارەی كوردە، بۆیە بە بۆچوونی من تا ئەو رەفتارانە بەردەوام بن دەبێ هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت و سوودی لێ وەربگرێت و كاك نێچیرڤانیش لەسەردەمی برێمەر و خەلیلزادیش لەسەر ئەوە مكوڕ بوو كە شەربەی نەوتمان لەدەستی بەغداوە نەبێت، دەستوور لەمبارەیەوە روونە و مافی هەرێمی كوردستانی لەمبارەیەوە دیاریكردووە و برادەرانی بەغدا قسەی تایبەتی خۆیان لەمبارەیەوە هەیە و هەموو رۆژێك شەهرستانی قەوانەیەكی جیاوازی لەمبارەیەوە هەیە لەكاتێكدا 83%ی پارەی داهاتی نەوت بۆ ئەوانە و ئەوان مولزەمن پارەی كۆمپانیاكان بدەن، لەبارەی پێشمەرگەشەوە دەستووری عێراق بە بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراق كە مووچە و ئامادەسازی و پڕچەككردنی بەدەستی حكوومەتی عێراقەوەیە وەكو سوپای عێراق، حكوومەتی عێراقیش شێوەی بیركردنەوەی لەبارەی پرسی كورد و قبووڵكردنی حوكمی فیدراڵی هێشتا لەچوارچێوە تەسكەكەی جارانەوە ماوە، لەلای ئێمەش بەداخەوە زۆرجاران یەكریزیمان نەبووە و ئەگەر لەبەغدا یەك بواین بارودۆخەكە زۆر باشتر دەبوو.
بەغدا و بەرژەوەندی تاكە كەسی و بەرژەوەندی گشتی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی رەتكردەوە كە بەرژەوەندی تاكە كەسی بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا زاڵ بێت لەبەغدا لەلایەن بەرپرسانی كورد لەوێ و نەیشاردەوە لە بەڕێوەبردنی بارودۆخەكە كورد رۆڵی خۆی باش نەبینیوە لەوێ و گوتی : ئێمە تیمێكمان هەبوو لەژێر سەرپەرشتی جەنابی مام جەلال بوو، عێراقیش تا ئێستا وڵاتێكە تاوەكو ئێستا بڕیاری سیاسی بەدەستی خۆیەوە نەبووە، یەكێك لەكەموكوڕیەكانی كورد ئەوەیە كە نەیانتوانیوە بەشی كورد لەوێ بەڕێوە ببەن و رۆڵی خۆیان باش لەمبارەیەوە نەبینیوە و ئەم ئازادیەی داومانە بەسەرۆك وەزیران لەسەر حیسابی بەعزێك جوامێر زەرەری بە ئێمە گەیاندووە و مەرجیش نیە ئەوەی دوێنێ هەبوو ئەمڕۆ هەبێت و پێویستە كۆتایی بەو جوامێرییەوە بێت و پێویستە فشاری لەسەر بكەین.




