رەنگدانەوەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی لە میدیاكانی توركیا و جیهان

دوای ئەوەی كە سەرۆكی كوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی لە سەر دەعوەتی رەسمی سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی شاری ئامەدی باكووری كوردستانی كرد، میدیاكانی توركیا و میدیا جیهانییەكان شرۆڤەی جیاجیایان بۆ ئەو سەردانە هەبوو. هەندێ لە میدیاكان ئەو سەردانە بە گرنگ لە قەڵەم دەدەن و هەندێكی دیكەیش وەكو سەردانێكی ئاسایی سیاسی لە قەڵەمی دەدەن.
رۆژنامەی بیرگونی توركی بڵاویكردووەتەوە كە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئامەد و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا پەیامێكە بۆ پەكەكە و پەیەدە كە هەوڵ بدەن خۆیان لە توندوتیژی دوور بخەنەوە و هەوڵ بۆ بەرقەرار كردنی ئاشتی بدەن.
رۆژنامەی میللیەت نووسیویەتی: ئارمانجی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد پاراستنی دەسەڵاتی بارزانی لە بەرامبەر پەكەكەیە و بارزانی بۆ ئەوەی كە دەسەڵاتی خۆی لە بەرامبەر پەكەكە بپارێزێ و هێز و كاریگەری خۆی لە سەر كوردانی پارچەكانی دیكە بەرفراوانتر بكات ئەو سەردانەی پێكهێناوە. هاوكات بارزانی لەو سەردانەی خۆیدا هەوڵی ئەوەی داوە كە نەوت و گازی خۆی بفرۆشێتە توركیا و لە رێگای توركیاوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكات. ئێستە ئێمە دەتوانین باسی ئەوە بكەین كە فاكتەری سەرەكەی بەهێزتر بوونی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی و توركیا دۆلارە و بارزانیش خاوەن دۆلارێكی زۆرە.
رۆژنامەی تەقویم نووسیویەتی: ئەو سەردانەی بارزانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان لە دیاربەكر سەرەتای قۆناغێكی نوێیە و رەنگە ببێتە سەرەتایەكی بەهێز بۆ گەشتربوونی ئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان. سەرەڕای ئەمەیش ئەو سەردانەی بارزانی بە شێوەیەكی كتۆپڕ بوو بە هۆكاری بووژاندنەوەی دیاربەكر و ناوچەكانی سەر بە دیاربەكر و حكومەتی توركیا بە بوونەی ئەو سەردانەی بارزانییەوە زیاتر لە 880 ملیۆن لیرەی توركی سەرمایە گوزاری كرد و ئەم سەرمایەگوزارییەیش تا رادەیەكی بەرچاو دەتوانێ ئەو ناوچانە ببووژێنێتەوە.
كەناڵی تیڤی 24 نووسیویەتی: هەر چەند سەردانە نهێنییەكانی هەر یەك لە مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بۆ توركیا و كۆبوونەوە نهێنییەكانیان لەگەڵ تورگوت ئۆزاڵ هێشتاكە لە مێشكی سیاسەتی توركیادا نوێن، بەڵام ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دیاربەكر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا و بەرپرسانی شارەكە سەردانێكی گرنگی مێژووییە و نیشانەی روودانی گۆڕانكاری زۆر گرنگ و ئەرێنییە و بۆ خێراتر كردنی رێڕەوی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی توركیا پاڵپشت و فاكتەرێكی یەكجار گرنگە. ئەو سەردانە بوو بە هۆكاری ئەوەی كە چەندین بەرپرسیاریەتی نوێ رووبەرووی پەكەكە و ئوجەلان ببنەوە و ئەوانیش بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەری ناچارن هەوڵدانەكانیان چڕ بكەنەوە.
ماڵپەڕی تورك تایم نووسیویەتی: ئەو سەردانە لە بارودۆخی ئەمڕۆی توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەردانێكی زۆر گرنگ و واتەدارە و دەتوانێ وەكو فاكتەرێكی گرنگ لە ناوچەكە كاریگەری لە سەر هاوسەنگییە سیاسییەكان بكات. لە سەر ئاستی ناوخۆیی توركیایش ئەو سەردانەی بارزانی بۆ دیاربەكر سەردانێكی یەكجار گرنگە و چارەنووسی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی توركیا روونتر دەكاتەوە.
كەناڵی بی لە بارەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ دیاربەكر نووسیویەتی: هەر چەند ئەو سەردانە سەردانێكی سیاسی بێت و كاریگەری باشی لە سەر پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و خێراتر كردنی پرۆسەی گۆڕانكاری و ئاسایی كردنەوەی توركیا هەبێ، لە راستیدا لە بواری ئابووری و بازرگانیشدا دەرئەنجامی زۆر گرنگی بۆ هەر دوولا هەیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعوود بارزانی لە سەر زۆرتر كردنی رێژەی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوونە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایش لە بارەی ئەو سەردانەوە رایگەیاندووە كە ئێمە وەكو ئەمریكا بە گەرمی پێشوازی لەو سەردانە دەكەین چونكە پێمان وایە كە دەرئەنجامەكانی ئەو سەردانە بۆ توركیا، عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و ئیجابی دەبن.
كەناڵی بی بی سی بەریتانیش رایگەیاندووە كە ئەو سەردانە نەتەنیا كاریگەری باشی لە سەر پەیوەندی نێوان عێراق، توركیا و هەرێمی كوردستان دەبێ هاوكات كاریگەریشی لە سەر رەوشی ئاڵۆزی سوریا و ناوچە كوردییەكانی ئەو وڵاتە دەبێت.
دەنگی ئەمریكایش لە بارەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانییەوە نووسیوەیەتی: ئەو سەردانە سەرەتایەكی نوێیە بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی نێوان كورد و تورك.




