٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌رهه‌م ساڵح كۆ ده‌بێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی‌ وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند: بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ دانوستانی‌ پارتی‌ بۆ وتووێژی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و وه‌فدی‌ یاوه‌ری‌ بگه‌نه‌ شاری‌ سلێمانی‌.

عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی‌ بۆ خه‌ندان وتی‌: "نێچیرڤان بارزانی‌ به‌ یاوه‌ری‌ وه‌فدێكی‌ باڵای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كات كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ فازڵ‌ میرانی‌ سكرتێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌، د. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس، ئازاد به‌رواری‌ و مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "سبه‌ینێ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و وه‌فدی‌ یاوه‌ری‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و وه‌فدی‌ دانوستانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح كۆده‌بنه‌وه‌ و تاووتوێی‌ شێوه‌ و شێوزای‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت و مه‌سه‌كانی‌ تر كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ره‌وشی‌ ئێستای‌ كوردستان و ره‌وشی‌ سلێمانی ده‌كه‌ن".

گوته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ له‌ سلێمانی‌ وتیشی‌: "وابڕیاره‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و وه‌فده‌ یاوه‌ره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و هه‌ڵسوڕاوانی‌ تری‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست".

عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "وه‌فدی‌ دانوستانی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ وتووێژكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و وه‌ك پێشتر راگه‌یه‌نراوه‌، پارتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موولایه‌نه‌كان داده‌نیشێت و هێڵی‌ سووری‌ له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه‌ چ ئه‌وانه‌ی‌ كورسی‌ په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، چ ئه‌وانه‌ی‌ كورسیشیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوان كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ تێدابێت و حكومه‌تێكی‌ به‌هێز بێت و كوردستان بباته‌ قۆناغێكی‌ گه‌شاوه‌تر".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "پارتی‌ مه‌رجی‌ پێشوه‌ختی‌ به‌رامبه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه‌ و مه‌رجی‌ پێوه‌ختیش له‌ هیچ لایه‌نێك وه‌رناگرێت و ئه‌گه‌ر داخوازییه‌كیش هه‌بێت دوای‌ گفتوگۆكان قابیلی‌ موناقه‌شه‌ و گفتوگۆكردنه‌".

هەواڵی پەیوەندیدار