گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی: پارتی هیچ پەیوەندییەکی بە داخستنی سنور بەروی سالح موسلم نییە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / لەم ماوەیەدا سالح موسلم ویستی پارتی تاوانبار بکات سەبارەت بە داخستنی سنور و رێگەگرتن لەوەی بپەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دواتریش هەندێک لایەنی دیکە بەهەمان ئاوازی پەیەدە لێرە و لەوێ دەیانەوێت ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان بزڕێنن. لەمبارەوە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: پارتی نە لە دوور و نە لە نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە داخستنی سنور بەروی سالح موسلم نییە.
لەمبارەوە جەعفەر ئێمینیکی گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە KDP.infoراگەیاند: لەم چەند رۆژەی دوایدا سالح موسلم بێ هۆکار دەستی بە هێرش و قسەگوتن بە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، گوایە ئێمە سنورمان بەروی ئەودا داخستووە، لەمبارەوە بە رای گشتی رادەگەینین ئێمە وەکو پارتی نە لەدوور و نە لە نزیک هیچ پەیوەندییەکمان بەم مەسەلەوە نییە، چونکە سنور لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەرێوەدەچێت، نەک پارتی.
گەلێک کەس و لایەن لە رابردوو هەولیان دا دژایەتی پارتیمان بکەن، ئەوانە ئەنجامێکی خراپیان بە نسیب بوو، بۆیە ئەوانەی ئێستەش بێ پێشینە و هۆکار دەیانەوێت دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، دەرەنجامیان روونە چی دەبێت. پێویستە بڵێین پارتی بە رێگەی خزمەتی نەتەوە و کوردستاندا دەڕوات، ئەوانەی دژایەتی ئێمەش دەکەن و دەیانەوێت لە پێناو ئامانجە گوماندارەکانیان ناکۆکی دروست بکەن، لە فەشەل پتر هیچیان بەدەست ناکەوێت. هەروەها پارتی لە بەرپرسیاریەتی و دۆستایەتی و ئیلتیزام بە هاوکاری لایەنە کوردستانییەکان بەردەوام دەبێت و ئەو رق و دژایەتییەی بەرانبەریشمان دەکرێت، تەنیا تێکشکانی بە نسیب دەبێت.



