٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

لایەنەكان بە كارنامە چاكسازییەكەی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕازی نابن ... سەدر داوای پۆستی سەرۆكوەزیران دەكات

سەرچاوە: KDP.info

كاوە جەم

تا ئێستایش لایەنە ناڕازییەكان لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن سەرۆكوەزیران نووری مالیكیـیەوە، لە سەندنەوەی متمانە لە ناوبراو سوورن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان هەوڵ بۆ وەستاندنی ئەو كارە دەدەن و باس لە كارنامەی چاكسازیی هاوپەیمانەتییەكەیان دەكەن. ئەمانە هاوكاتن لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی لێپرسینەوە لە مالیكی.

نوێترین هەواڵەكان باس لە سەردانی شاندێكی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان و لێپرسینەوەی نووری مالیكی لە لایەن سەرۆكی لیستی عێراقییە ئەیاد عەللاویـیەوە دەكەن.

مەبەستی شاندەكە لە سەردانەكەیان، خستنەڕووی كارنامەی چاكسازییەكەیانە بۆ لایەنی كوردی.
تەوەری چاكسازییەكان و بە تایبەت خشتەی كاتیی ئەو چاكسازیانە، بە لای كورد، عێراقییە و ڕەوتی سەدرەوە گرنگ دەبێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئازاد سرێشمەیی لەسەر ئەو بڕوایە نییە كە سێ لایەنی ناڕازی بە شێوەی سیاسەتكردنی مالیكی، بە چاكسازییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕازی بن.

ئەو دەڵێ: "ئەمە تیڕوانین و نەخشەڕێگەی شیعەكانە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە، مەرج نییە لایەنەكانی دیكە پێی ڕازی بن."

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كۆ دەبێتەوە و بڕیارە لە داواكارییەكدا كە لە لایەن 25 پەرلەمانتارەوە ئیمزا دەكرێ، داوای بانگهێشتكردنی مالیكی بۆ پەرلەمان بكرێت.

ئەمە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە سەرۆكوەزیرانە و وەك عێراقییە ئاشكرای كردووە، سەرۆكی ئەو لیستە ئەیاد عەللاوی لێپرسینەوەكە دەكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە عەللاوی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئامادە نەبووە و هاوپەیمانیی نیشتمانی هەڕەشەی فەسڵكردنی عەللاوی دەكەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئەشواق جاف، لێپرسینەوەی مالیكی لە لایەن عەللاویـیەوە بە ئەستەم دەزانێت. ئەو دەڵێ: "تا ئێستایش تەنیا كاندید بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكوەزیران حەیدەر مولاـیە."

ئەو تەوەرانەی ڕووبەڕووی مالیكی دەبنەوە لە پێنج تەوەر پێك هاتوون. جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێككەوتننامانەی سەرۆكوەزیران جێبەجێی نەكردوون. خراپیی ئاستی خزمەتگوزاری. پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. بۆشایی تەناهی و بەڕێوەبردنی پۆستەكان بە وەكالەت، ئەو تەوەرانەن.

پێشتر سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئیبراهیم جەعفەری ڕایگەیاندبوو كە توانیویانە لە ماوەی ڕابردوودا كارنامەیەكی چاكسازیی سیاسی ئامادە بكەن و لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكانی دەكەن.

ئەو كارنامەیە بریتییە لە بانگهێشتكردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ پێداچوونەوە بە ڕەوشی عێراق لە چوارچێوەی ئەو تەنگژە سیاسییەی ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.

ئەو لایەنانە گفتوگۆی ئەرێنی بكەن بۆ خستنەڕووی سەرجەم دۆسییەكان لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور. ئەو لێدوانەی جەعفەری لە كاتێكدایە كە پەرلەمانتارێكی سەر بە هاوپەیمانیی نیشتمانی بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە كە ئەگەر هەر سێ لایەنی كورد، عێراقییە و ڕەوتی سەدر وەڵامی ئەو بانگهێشتە بدەنەوە، ئەوا ئامادەن وەڵامێكی ئەرێنییان بۆ ماددەی 140 و پڕكردنەوەی پۆستە تەناهییەكان هەبێت. ئەو ئاماژەی بە داوای ڕەوتی سەدر نەكردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو ڕەوتە داوای كردووە پۆستی سەرۆكوەزیرانی پێ بدرێت. بە پێی لێدوانی ئەشواق جاف ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە كە ئەگەر پۆستی سەرۆكوەزیرانی پێ نەدرێت و لە بەرنامە چاكسازییەكەی هاوپەیمانیی نیشتمانیدا جێگیر نەكرێت، ئەوا بەشداری لە كۆبوونەوەكاندا ناكات.

ئەو ڕەوتە لە دوایین كۆبوونەوەی لایەنە ناڕازییەكان بەرانبەر بە نووری مالیكی كە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، ئامادە نەبوو. ئەمە ڕەنگە بۆ بوونی گوشاری دەرەكی لەسەر ئەو ڕەوتە بگەڕێتەوە. پێشتر بە ناوبژیوانی وڵاتێكی دراوسێ، كۆبوونەوەی نێوان ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی دیكەی شیعەی عێراق بە مەبەستی لەیەكترنزیككردنەوەیان بەڕێوە چووە.

بە بڕوای ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئەشواق جاف ئەو ڕەوتە لە هەڵوێستەكەی خۆی بەرانبەر بە مالیكی پاشگەز نەبووەتەوە. ئەو دەڵێ: "سەدرییەكان دەیانەوێ ئێران تووڕە نەكەن."
 

هەواڵی پەیوەندیدار