ههڵسوڕاوێكى دهست لهكار كێشاوهى گۆڕان : بهبهڵگهوه دهیسهلمێنم گۆڕان به تهوجیهى ئێران كاردهكهن

ههولێر _ KDP.info/ بەرپرسی دەست لەكاركێشاوەی بازنەی قەزای دهۆكی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی"پرس" چەندین نهێنی گرنگ لەبارەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە سیاسەتی كاركردنی گۆڕان تەنها دژی پارتیە و ئەو حزبە لە پێناو دژایەتیكردنی پارتی دروستبووە، هەروەها دەشڵێت "بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم كە گۆڕان بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێت و پەیوەندی بازرگانیشان هەیە و ئامانجیان لە ناوبردنی دەستكەوتەكانی كوردستانە، هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت كە بارودۆخی گۆڕان لە دهۆك لەو پەڕی خراپیداوە و پێشبینی دەكات لە ئایندەیەكی نزیكدا هەڵبوەشێتەوە، هاوكات داواش لە دەنگدەرانی كوردستان دەكات دەنگ بە گۆڕان نەدەن و دەنگ بە پارتی بدەن، ناوبراو لە ئێستادا بە 45 هەڵسوڕاوەوە پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە.
پ: هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەی بەرێزتان چی بوو؟
شەهباز مەجید: لە سەرەتای دروستبوونیەوە گۆڕان بانگەشەی بۆ كۆمەڵێك بابەتی هەستیار دەكرد و پێمانوابوو ئەوانە هەمووی جێبەجێدەكات و نەوەك ئاڕاستەی كاركردنی دژی لایەنێك بێت، دواتر بەرە بەرە هەستمان بەوە كرد كە بەهیچ شێوەیەك عەدالەت و شەفافیەت و بیروبۆچوونی ئازادی تێدانیە، حزبێك بانگەشەی دیموكراسی بكات و كەچی لە ناوخۆشیاندا باوەڕیان پێی نەبێت بۆ نموونە تاوەكو كۆنگرەیان نەبەستووە، ئەوانە هەمووی هۆكاربوون بۆ ئەوەی واز لەو بزوتنەوەیە بێنین.
پ: لە كاتێكدا ئەو حزبە خۆی شەرعیەت و عەدالەتی تێدانەبوو، چۆن داوای عەدالەتی لە حكومەت دەكرد؟
شەهباز مەجید: ئاخر هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەی ئێمەش لەسەر نەبوونی عەدالەت بووە و چەند باژێروانێكی سۆرانیان هەیە متمانە و باوەڕیان بە بادینان و ئێمەش نیە، هیچ كەسمان ئاگاداری دارایی ئەو حزبە نەبووین و بەهیچ شێوەیەك لێپێچینەوە نەبو و لەسەر بەرژەوەندی كەسی پۆستەكانیان دابەش دەكرد.
پ: دەوترێت لە ناو گۆڕاندا هیچ كەسێكی مافی خەرجكردنی پارەی نیە جگە لە ڕێكخەری گشتی؟
شەهباز مەجید: بەشی دارایی گۆڕان لە دەست نەوشیروان مستەفا و دیمان و جەمال و دكتۆر یوسف و ئارامی هەڵبژاردنە، لە ناو گۆڕان ئەوانە بڵێن ماست ڕەشە دەبێت بڵێن بەڵێ ڕەشە، بەڕاستی ئەوان بە عەقڵیەتێكی سەردەمیانە كارناكەن و شێوازی كاركردنیان لە قسە و لە عەمەلی جیاوازی هەبوو، هەروەها لەسەر مەسەلەی دارایی چەندین بەڵگەی گەندەڵی ئەوانم لایە.
پ: دەوترێت بزوتنەوەی گۆڕان لە ژێر كۆنتڕۆڵی وڵاتێكی دەوروبەر كاردەكات؟
شەهباز مەجید: بەڵێ سەد لە سەد بەڵگەم هەیە كە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە تەوجیهاج دەكرێن و ئامانجی ئەوان لەدەستچوونی ئەو دەستكەوتانەیە كە بەدەستهاتوون.
پ: بەڵگەكەت ئەوەیە كە بەڕێز نەوشیروان چەندجارێك سەردانی ئێرانی كردووە؟
شەهباز مەجید: نەخێر، كاك (...) ناوەكە لای پرس پارێزراوە، كاری بازرگانی نەدەكرد، بەڵام كاتێك لەگەڵ نەوشیروان چووە ئێران ڕێگەیان خۆشكرد بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی كۆمپانیایەكی ئێرانی لە كوردستان وەربگرێت.
پرس: لەسەرەتای پەیوەندیكردنت بەو حزبەوە هەستت بەوە نەدەكرد كە سیاسەتی كاركردنیان دژی پارتیە؟
شەهباز مەجید: كاتێك پەیوەندیمان بەو حزبەوەكرد نەمانزانی تەنها بۆ دژایەتی كردنی پارتی دروستبوونە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات هەستمان بەو ڕاستیەكرد و زیاتریش دژایەتی پارتی و ماڵی بارزانیان دەكرد و بە ئەندامانیشیان دەوت دژایەتی ئەوان بكەن، منیش لەبەر ئەوەی پێشمەرگەبووم نەمتوانی دژایەتی پارتی و بارزانی بكەم و بۆشم دەركەوت كە ئەوان نایانەوێ خزمەتی خەڵك بكەن، و هاتونە دژایەتی پارتی بكەن.
پ: بارودۆخی گۆڕان لە دهۆك چۆنە؟
شەهباز مەجید: گۆڕان لە دهۆك هەندێك ئەندامی دیاریكراوی نەگۆڕی هەیە و ئێمە بە 45 هەڵسوڕاوەوە هاتوینە ناو پارتی و شوێنەكەمان زۆر پێوەی دیارە، هەروەها چەندین هەڵسوڕاوی تریش ئامادەن دەست لەو بزوتنەوەیە هەڵبگرن و لە ئێستاشدا بارودۆخی ئەوان لەوپەڕی خراپیدایە و لەسەرانسەری كوردستان شكست دەهێنن.
پ: واتە پێشبینی دەكەیت چەند هەڵسوڕاوێكی تریش وازهێنانی خۆیان لە گۆڕان ڕابگەیەنن؟
شەهباز مەجید: بەڵێ بە تەئكید چەندین كەسی تریش وازدەهێنن و پێشبینی دەكەم لە ناوچەی بادینیان گۆڕان هەڵبوەشێتەوە و نەمینێت.
پ: پێشبینی دەكەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەند كورسی دەهێنێت؟
شەهباز مەجید: پێموایە كورسیەكانی گۆڕان لە نێوان 15 بۆ 17 كورسی دەبێت، هەرچەندە پێشموایە لەو هەڵبژاردنە گۆڕان توشی مفاجەئەیەكی گەورە دەبێت بە تایبەتی لە ناوچەی بادینان.
پ: دەوترێت لە ناو گۆڕاندا هیچ هەڵسوڕاوێك مافی بڕیاردانی نیە جگە لە بەرێز نەوشیروان مستەفا و زاواكەی نەبێت؟
شەهباز مەجید: گۆڕان زۆر كەس لە خۆی كۆكردۆتەوە، بەڵام بۆچوونەكانیان وەرناگرێت، بەهیچ شێوەیەك ئازادی تێدانیە و ئەو بڕیارەی نەوشیروان بیدات هەر ئەوە.
پ: لەو ماوەیەی كە بەرێزتان بەرپرسی بازنەی قەزای دهۆك بویت، لە سلێمانیەوە پێتان دەوترا پێشوازی لە بەرپرسی فڵان حزب بكەن یاخود بڕۆنە لای ئەوان، واتە هەموو شتێك دەبوایە بە دڵی ئەوان بێت یاخود ئێوەش ئازادبوون؟
شەهباز مەجید: نەخێر ئازادی تێدا نەبو و دەبوایە بە ویستی ئەوان پەیوەندی لەگەڵ حزبەكان ببەستین، واتە ئێمە كۆنتڕۆڵ بوین لە دەستی سلێمانی.
پ: دوا وتەت چیە بۆ دەنگدەرانی گۆڕان؟
شەهباز مەجید: هیوادارم ئەوانەی دەنگدەدەن بیر داهاتووی خۆیان بكەنەوە و ئەگەر دەیانەوێت داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانیان بكەن ئەوا دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.




