٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

ناكۆكی عێراق و كوردستان دەگاتە ئاسمان

سەرچاوە: Rudaw
Photo: rudaw.net

بەپێی یاسای ئێستای فڕۆكەوانی لە عێراقدا، هەر كاتێك حكومەتی عێراق بیەوێت دەتوانێ بەتەواوی ئاسمانی هەرێمی كوردستان سڕبكات. هەردوو بەڕێوەبەرانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی مەترسی خۆیان ناشارنەوە لەوەی كە رەنگە بەهۆی گرژتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە، حكومەتی عێراق ئەو هەنگاوە بهاوێژێت.

ئێستا بۆ هەر فڕین و نیشتنەوەیەك لەهەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەبێ كۆمپانیاكان مۆڵەتی گەشتەكە لە دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراق وەربگرن. تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە "رووداو"ی راگەیاند كە كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئاسمانی خۆیدا نییە و تەنیا بەغدا تێیدا دەسەڵاتدارە.

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش ئەو بێدەسەڵاتییە بە كێشەیەكی گەورە دەزانێ و دەپرسێت: "ئەگەر رۆژێك بەغدا دەرگای ئاسمانمان لێ دابخات، چی بكەین؟".

بەپێی یاسای عێراقیی ژمارە 148ی ساڵی 1984ی فرۆكەوانی نێودەوڵەتی، كە بە CAA ناسراوە، یاسایەكی فرۆكەوانی لە عێراقدا كاری پێدەكرێت كە لە هەمان ساڵدا پەسندكراوە. ئەو یاسایە ئاسمانی هەرێمی كوردستانیشی بە بەشێك لە ئاسمانی عێراق داناوە و تێیدا دەسەڵاتی رەهای داوەتە بەغدا. لەبەرئەوەی ئەو یاسایەش تائێستا هەموارنەكراوە، فیدراڵییەكەی عێراق هەر لەسەر زەوی ماوەتەوە و نەگەیشتووەتە ئاسمان.

شوان محەممەد تەها، پەرلەمانتاری لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەوە گوتی پڕۆژەی هەمواركراوی یاساكە بۆ پەرلەمانی عێراق نێردرابوو، گەڕێندرایەوە "لەبەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێكی تێدانەبوو بۆ هەرێمی كوردستان و پێویستی بە پێداچوونەوەیە".

بەپێی زانیارییەكانی "رووداو" ساڵانە 450 ملیۆن دۆلاری داهاتی هاتووچۆی ئاسمانی بە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا دەچێتە ناو خەزێنەی بەغداوە. بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی لەو پارەیە "یەك فلس بۆ ئێمە نایێت".

نەورۆز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت و ئەندامی بۆردی ئەندازیاری فرۆكەوانیش بە "رووداو"ی راگەیاند كە سێ ساڵە لیژنە دروستكراوە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، بەڵام هەمان یاسایە و نەگۆڕاوە "ناشكرێ بۆ جوڵەی هەر فرۆكەیەك پرس بە بەغدا بكەین یان هەموو داهاتی فڕۆكەوانی هەرێمی كوردستان ببەن و یەك دیناریش لە فڕۆكەخانەی ئێرە و كارمەندەكانیدا خەرج نەكەن".

ناسر حوسێن بەندەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراق، لەوەڵامی مەترسی و نیگەرانیی بەڕێوەبەرانی فرۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانیدا دەڵێ "داواكاری وەرگرتنی هەندێك دەسەڵاتی ئاسمانی دروست نییە و فەوزا دروستدەكات"، بە گوتەی نێوبراو دەبێ دەسەڵاتی ئاسمانی لە سەرتاسەری عێراقدا "تەنیا بەدەست حكومەتی ناوەندییەوە بێت و باج و داهاتەكانیش هەر لەوێوە وەربگیرێن. چونكە ئەگەر ببێتە دوو دەسەڵات، فەوزا و تێكەڵی و پێكەڵی دروست دەبێت".

جۆنسۆن سیاوەش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوبارەوە رەخنە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دەزگای فرۆكەوانی عێراق دەگرێ "بەغدا دەیەوێ، وەك چۆن مادەی 140 و نەوت و غازی كردووەتە كێشەی سیادی و سیاسی، بەهەمان شێوەش مەسەلەی فڕۆكەوانیی مەدەنی و دەزگای فڕۆكەوانیش بكاتە كێشەیەكی سیادی". 

هەواڵی پەیوەندیدار