فهلاح مستهفا: دادپهروهری بۆ كورد له عێراقدا.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح موستەفا لە ڕۆژنامەی هەفینگتن پۆستـی چاپی بەریتانیادا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا تیشكی خستووەتە سەر بارودۆخی ئێستا و ڕابردووی هەرێمی كوردستان و دانیشتووانەكەی.
نووسەر سەرەتای بابەتەكەی تەرخان كردووە بۆ قسەكردن دەربارەی ئەو پێشكەوتنەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتووە، ئیدی هەر لە بواری ئاسایشەوە بیگرە تا دەگاتە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و كردنەوەی فڕۆكەخانە و زانكۆ و شابازاڕ و پارك و ئوتێلی پێنج ئەستێرە.
نووسەر بەشێكی دیكەی بابەتەكەی تایبەت كردووە بە قسەكردن دەربارەی ئەو سیاسەتەی بەرپرسانی عێراق لە پاش ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو پەنایان بۆ برد بۆ مەبەستی لەناوبردنی گەلی كورد.
فەلاح موستەفا نووسیویەتی: ڕژێمی پێشوی عێراق لەم چوارچێوەیەدا چەندین تاوانی ئەنجام دا، ئیدی هەر لە ڕاگواستنی بەكۆمەڵەوە بیگرە تا دەگاتە كوشتاری بەكۆمەڵ و وێرانكردنی هەزارەها گوند و شارۆچكە و ئەنفال و كیمیاباران.
نووسەر دەڵێت: ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دۆستانی لە بەریتانیا، لەوانەش گروپی فرە پەرلەمانتاران، داوای ئەوە دەكەن كوشتاری كورد وەكو جینۆساید بناسرێت.
ناوبراو دەڵێت ئەمرۆ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا داوا لە حكوومەتی وڵاتەكەیان دەكەن كوشتاری بەكۆمەڵی كوردەكان وەكو جینۆساید بناسێنێت و دانی پێدا بنێت. پەرلەمانتاران هەروەها نووسراوێك بڵاو دەكەنەوە و ئێمەیش داوا لە هاووڵاتییانی بەریتانیا دەكەین كە واژۆی بكەن.
فەلاح موستەفا نووسیویەتی ئەگەر ئەو دانپێدانانە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تاوانی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە. ئەگەر ببێتە هۆكارێك بۆ زیادكردنی هۆشیاری لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا.
ئەگەر ببێتە یارمەتیدەرێك بۆ ناسینەوە و سزادانی ئەو تاوانبارانەی كە هێشتا ماون، ئەوا هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە وەك جینۆساید شیاوی هەموو جۆرە هەوڵێكە.
نووسەر هەروەها دەڵێت: بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم دەزانن ناساندنی ئەو تاوانانەی كە دژ بە گەلی كورد ئەنجام دراون، وەك جینۆساید هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی لە ئەستۆدایە بۆ داننان بەو جۆرە تاوانانەدا.
فەلاح موستەفا هەروەها نووسیویەتی: پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت كورد جگە لە چیا دۆستی دیكەی نییە. ئومێدەوارین حكوومەتی بەریتانیا بیسەلمێنێت، كە تەنیا چیاكان دۆستمان نین.
ئێمە پێویستیمان بە كۆكردنەوەی 100 هەزار واژۆ هەیە و ئومێدەوارین ئێوەیش واژۆی بكەن.
نووسەر لە كۆتایی بابەتەكەیدا لینكێكی داناوە و داوای لە هاووڵاتییانی بەریتانیا كردووە بەشێوەیەكی ئۆنلاین واژۆ لە سەر ئەو نووسراوە بكەن، كە تایبەتە بە بەجینۆسایدناساندنی كوشتاری گەلی كورد.
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی




