جەعفەر ئیمینکی وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان: پارتی بە بڕوایەکی بەهێزەوە بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە

لە سێ هەفتەی رابردوو کوردەکانی سوریا بە کۆمەڵ لە کۆچێکی ترسناک و بەرفرەوان رویان لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرەتا لە ترسی چۆلبوونی ناوچەکانی کوردستانی رۆژئاوا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیویست رێگا بکاتەوە، بەڵام هەندێک لایەن فشارێکی زۆریان هێنا و مەسەلەکەیان لە چوارچێوەیەکی سیاسی لێکدایەوە، هەروەها دیار بوو ژمارەی راکردووەکان لە شەڕ و کێشەکانی ئەوێ لە زیادبوون دابوو. بۆیە لە روانگەیەکی مرۆیی و هەروەها هاوکاری لێقەوماوە کوردەکان و ئاوارەکانی سوریا بە گشتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگاکانی کردەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە لایەنە بەهێز و دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم پارتە باڵادەستە لە ناوچە سنورییە هاوبەشەکان لەگەڵ سوریا و تورکیا ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرباری پێگە سیاسی و جەماوەرییەکانی لە ناوچەکانی دیکە، پێگەیەکی جەماوەریی و مێژوویشی لە نێو کوردەکانی کوردستانی رۆژئاواش هەیە. بۆیە ئەمە وایکردووە بەرپرسیاریەتی و ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی و لەهەمان گاڤیشدا پرسیاری زۆری رووبەروبێتەوە.
جەعفەر ئیمینکی گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ هەفتەنامەی Kurdish Globeرایگەیاند کە دوو ساڵە لە سوریا شۆڕش دەستی پێکردووە، کورد یەکەمین پێکهاتەی ئەو وڵاتە بوون دەستیان بە شۆڕش کرد و داوای دیموکراسی و ئازادی و مافە رۆشنبیری و مرۆییەکانی خۆیان کرد. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری تەواوی ئەم شۆڕسەمان لە پێناو بەدیهێنانی دیموکراسی و ئازادی کردووە و مەسەلەی کورد بە رەوا دەزانین و هاوکاری مرۆیی و لۆجیستی ئەم بزاڤەمان لە کوردستانی رۆژئاوا کردووە، ئەمڕۆش ئەم هاوکاری و پەیوەندیانە درێژەیان هەیە. بەڵام ئێمە لە گەڵ ئەوە نین کورد ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بهێلن و لەگەڵ ئەوە بووین لەوێ هاوکاری ئابوری و مرۆیی و کۆمەکی تەندروستی بکرێن، نەک هەموویان کۆچ بکەن، ئەم مەسەلەیە لە گەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانی دیکەش لە حکوومەتی کوردستان باسکراوە. بەڵام دیارە وەزعەکە لە ژیرکۆنترۆل نەماوە، بارودۆخەکە دژوارە و فشارو هەڕەشەکان ترسناکن دژی هاووڵاتیانی کورد.
ئەو دەڵێت نایشارینەوە ئێمە وەکو پارتی پلانێکی سیاسی گونجاومان بۆ ئەو بەشەی کوردستان هەبوو، ئەویش بریتی بوو لە رێزگرتن لە سەربەخۆیی کارکردنی لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی سیاسی لە نێوان لایەنەکان. لەم پێناوەشدا رێککەوتنی هەولێر بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی ئیمزا کرا، بەڵام بەداخەوە هێندەک لایەن ئیلتزام ناکەن.
|
پارتی بڕوای بە سەربەخۆیی کارکردنی لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی سیاسی لە کوردستانی رۆژئاوا هەیە |
راستە هاوکاری مرۆیی کارێکی باش بوو، بەڵام ئەم سنورە بۆ کاری بازرگانی لە لایەن لایەنێک لە کوردستانی رۆژئاوا و هەروەها ئیستغلال کردنی بۆ مەبەستی سیاسی و حزبی بەکارهێنراوە، لەمبارەوە ئیمینکی بۆ Kurdish Globeگوتی: سنورەکان کراوە بوون، بەڵام قاچاخیەتی هەبوو، لەبەر ئەوە هەندێک کۆنترۆلی سنورەکان توندکرا، ئەمەش بە دڵی گروپێک نەبوو. هەروەها دوو هەفتە سنورەکان توند کران، بۆ ئەوەی فشارێک دژی لایەنەکان دروست بکرێت تاکو رێکبکەون لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی کارەکانیان لە رووی سیاسی و ئیداری لە کوردستانی رۆژئاوا، کە ئامانجیش لەمە هەنگاونانی ئاشتیانە و دیالۆگ بوو. ئێمە خواستی ئەوەمان نەبوو بەمجۆرە ئاوارەکان بە کۆمەڵ کۆچ بکەن. ئێستە پتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی کوردی سوریا ئاوارەبوون لە هەرێمی کوردستان جێنشن کراون. ئێمە لەو روانگەیەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەشەکانی کوردستان ناکەیەن، هەروەها لە روانگەی هاوکاری مرۆیی دەستمان کرد بە هاوکاری و کۆمەکی ئەو برایانەمان لە سوریا. هەموو دەزگاکانی پارتی شان بە شانی حکوومەتی کوردستان گەورەترین کۆمەکی لە رێگەی هاندانی هاووڵاتیان و کۆکردنەوەی کۆمەک بەتایبەتیش لە شاری هەولێر ئەنجام دا، زاگرۆس تی ڤی کارێکی بەرچاوی لەمبارەوە ئەنجام دا.
ئەوەی رویدا لەئەنجامی ئەو فشارە سیاسییە خراپە بوو کە دژی حکوومەتی کوردستان لە ئارابوو، بۆیە حکوومەتی هەرێم ناچار بوو پلانی خۆی لە چۆنیەتی مامەلە لە گەڵ پەناهەندەکان بگۆڕێت.
| هەر کاتێکیش هەڵەیەک روبدات و کاریگەری لەسەر رەوش و ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بکات، ئێمە پەنا دەبەینە بەر دادگای باڵا |
بێگومان رۆژهەڵات بە ناو پلان و فشار و کاردانەوەی سیاسی تێدەپەڕێت، هەندێکجار گومان دەکرێت ئەمە پلانێک بێت دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەندێک لایەن ئاشکرا دەیانویست ئەم فشارە وەکو کارتێکی هەڵبژاردن دژی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەکاربهێنن. لەمبارەوە جەعفەر ئیمینکی گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەڵێ پێدەچێت پلانێک هەبێت، هەندێک دەڵێن پلانێکی بەرفرەوان دژی کوردستانی باشور هەیە، پلانەکەش پەیوەستە بە راگواستنی کوردەکانی رۆژئاوا، چونکە پێیان وایە ئەمانە لە بنەڕەتدا خەڵکی کوردستانی تورکیان، بۆیە پێیان باشە لەم کێشەیە دەربازیان بێت. هەروەها لە لایەکی دیکە دەڵێن وڵاتە مەزنەکان، کوردستانی باشور دەکەنە دەوڵەت، بۆ ئەمە پێویستیان بەوەیە ژمارەی ئەم هەرێمە زیاد بکەن، بۆیە هانی کوردەکانی سوریا دەدەن کۆچ بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، تا ژمارەی دانیشتوانی زیاد بکات. رەنگە تورکیاش ئەمەی پێ خراپ نەبێت. سەرباری هەندێک وڵاتی دیکە. ئێمە لە پارتی ئەم سیناریۆیە بە دوور دەزانین و لە گەڵ ئەوەیەن کوردەکان بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان و نابێت کوردستانی رۆژئاوا چۆل بکرێت و خەڵکەکەی کۆچ بکەن.
بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بۆتە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی ئەمرۆژانەی میدیا جیهانییەکان و وڵاتە زلهێزەکان خەریکی پلانرێژین بۆ رێگەگرتن لەمجۆرە تاوانە. لەمبارەوە ئیمینکی رایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایان دەربڕی و ئیدانەی ئەم تاوانە دەکەن، لە رۆهەڵاتدا کورد قوربانی ئەمجۆرە چەکە قەدەغەدە کراوەیە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمە بە هەنگاوێکی ترسناک و دژی مرۆڤایەتی دەزانین و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە بەم توانکاریانە نەدەن و پێویستە تاوانکاران سزا بدرێن، جا ئەمە هەرکێیەک بێت. چونکە ئەم کارەستاتە برینە قوڵەکانی خۆمان بە بیر دەهێنێتەوە. لەبەر ئەوە دژی ئەم تاوانەیان و بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئاکامەکانی ئەم هەنگاوە ترسێنەر و تۆقێنەرە.
لەمەڕ فشاری نێودەولەتی دژی حکوومەتی سوریا ئیمینکی بۆ Kurdish Globe گوتی: پێم وایە لەم نزیکانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە دەنگ و دەچێتە ناو کێشەکە، ئەمە چۆن دەبێت و کاتەکەی رێک کەی دەبێت، دیار نییە، بەڵام ئەمە هاوکێشەی شەڕ لە سوریا دەگۆڕێت.
هەروەها پێم وایە روسیا و چین دوای ئەم تاوانە و نەرانبەر کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێلایەنی هەڵدەبژێرن، نابنە لایەنگری ناکۆکییەکان و لە گەڵ وڵاتێک نابن کە چەکی کیمیاوی بەکارهێنابێت. ئێرانیش بۆ یەکەمجارە ئەو هەوڵوێستەی هەبێت لەمەڕ سوریا و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی.
لە مەڕ کێشە ناوەخۆییەکانی کوردی سوریا و یەکنەخستنی هێزەکان جەعفەر ئیمینکی بۆ Kurdish Globe گوتی : بارودۆخی ئەوان بە پلەی یەکەم پێویستە لە بەرەیەکی سیاسی دەست پێبکات. رێککەوتنی هەولێر جێبەجێ بکەن، ناکرێت کۆمەڵگەی کوردی لە سوریا بەسەر لایەنە سیاسییەکان گروپەکان دابەش بکرێت. ئەمە مایەی نیگەرانی ئێمەیە، کە کورد یەکگرتوو نەبن، چونکە ئەمە خاڵی لاوازی کوردە لە کوردستانی رۆژئاوا. تا بەم ئاراستەیە هەنگاوی بە کردەوە نەنێن و بیر لە دروستکردنی ئەو بەرە سیاسییە نەکرێتەوە، بارودۆخەکە باش نابێت. ئێمە وەکو پارتی هاوکاری و کۆمەکی هەموو لایەنەکان سیاسییەکان بێ جیاوازی و بە شێوەیەکی هاوسەنگ دەکەین، دژی کەس نین و ئەم هاوکاریەش بەردەوامە. چاوەڕوانی ئەوەیەن ، ئەو لایەنانە هەنگاوی ژیرانە بەم ئاراستەیە بنێن کە دەبێتە مایەی یەکخستنی هێز و بۆچوونە سیاسییەکان. چونکە گۆڕانکاری بەڕێوەیە. گۆڕانکارییەکانیش کاریگەریان بەسەر رەوشی کوردەوە دەبێت.
| هەڵبژاردانیش کە وەکو مەرجێکی دیموکراسی پاک و رەوا بێت ئەنجامەکانی قبول دەکەین |
ئێمە نیگەرانین کە کورد لەم بەشەی کوردستان لە روی رێکخستنی توانا سیاسییەکان و ئیدارەکردنی وڵات دواکەوتن و کات بە خێرایی دەڕوات، ئەگەر مسەلەکان بەراورد بکەین بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سوپای ئازاد کە ئەوان چاکتر کارەکانی خۆیان رێکخستووە. لەمبارەوە (پەیەدە) یەکێتی دیموکراتی سەر بە پەکەکە دەبوایە رۆلێکی ئیجابیتیر بگێڕێت، چونکە ئەوان ئەرکی زۆریان کەوتۆتە سەر شان.
لەبارەی هەڵبژاردنەکان کە رۆژی چوارشەممە ٢٨-ئاب دەستی پێکرد، ئەم بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووین، بۆیە پێش دادەگرین کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی سپتێمبەر بکرێت، ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە و جەماور و لایەنگرانی خۆمان ئامادە کردووە و بڕواشمان بە دەنگدەری خۆمان و هەڵبژاردن هەیە کە بە پاکی و خاوێنی بەرێوەبچێت. پێویستە هەڵبژاردن پێوانە نێودولەتییەکانی تێدا پەیڕەو بکرێت، هەروەها هەر کاتێکیش هەڵەیەک روبدات و کاریگەری لەسەر رەوش و ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بکات، ئێمە پەنا دەبەینە بەر دادگای باڵا.
ئەو گوتی ئێمە تیمەکانمان راهێنایان پێکراوە، ئێمە هەر شوێنێک ببینین تەزویر دەکرێت، باشترین رێگەمان سکالایە کە دژیان لە دادگا تۆماری دەکەین و بڕواشمان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە، بۆیە ئەو بەرپرسە لەبارەی قبوڵکردنی ئەنجامەکان دەڵێت: هەرچەندە زانیاریمان هەیە کە هەندێک کاردەکەن و پەیامیان ئاراستەی لایەنگرانی خۆیان کردووە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی سندوقەکانی دەنگدان بسوتێن، بۆ ئەوەی کاریگەری سایکۆلۆژی و هەروەها سیاسی لەسەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست بکەن، ئاژاوە دروست بکەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە پرۆسەکە بە نارێکی بەرێوەبچێت. بەڵام ئێمە ئامادەین بە شێوەی یاسایی بەشداری بکەین و پرۆسەکەش پێشبخەین، کە کاریگەری لەسەر ناوبانگی کورد لەهەموو ئاستەکان دەبێت.
سەبارەت بە دەرەنجامی هەڵبژاردانیش کە وەکو مەرجێکی دیموکراسی پاک و رەوا بێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبول دەکەین، ئەمەش دەبێت لەژێر چاودێری و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بێت. ئەو لایەنانەی مەرجی پێشوەختەشیان هەیە، بڕوایان بە دیموکراسی نییە. نابێت لەبیری بکەین دیاردەی گومان دروستکردن لەسەر هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانیش کە هێشتا بەرێوەنەچووە لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن سەریهەڵداوە، ئەمەش کارێکی نامۆ و خراپە. بۆیە دەڵێن ئێمە وەکو پارتی ئامادەین و بڕواشمان بە خۆمان هەیە، کە پێگە و رێژەیەکی گەورە بەدەست دەهێنین، هەروەها لەهەمان کاتیشدا وابەستەی ئەنجامەکانیش دەبین.



