فازڵ میرانی: كێشەی راستەقینەمان لەگەڵ مالیكیـدا سیاسەتی تاكڕۆیی و پێشێلكردنی دەستوورە

لە سەروبەندی بەردەوامبوونی قەیرانی عێراق و پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی و چڕكردنەوەی هەوڵ و كۆششی هێزە سیاسییەكان و پێداگرییان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت دەكاتەوە كە كێشەی راستەقینە لەگەڵ نووری مالیكی و هەوڵدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە، پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و لە ئەنجامی ئەوەوە چەكەرەی كردووە كە سیاسەتی ئەمڕۆی عێراقی بەرەو هەڵدێر و قەیرانێكی سەخت بردووە و خۆی لە دەستوور و ڕێككەوتننامەی هەولێر دزیوەتەوە و لە پێشێلكردنی بڕگەكانی دەستوور بەردەوامە، لە كاتێكدا كە هەموو گەلانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریە ئەوەیشی دووپات كردەوە كە تاقە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەم تەنگژەیە، گەڕانەوەیە بۆ دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی و گەڕانەوە بۆ چەسپاندنی چەمكی هاوپەیمانێتی و پڕۆسەی دیموكراسییەت.
كورد و بەشداربوونی كارا
میرانی لە وەڵامی پرسیارەكاندا، ئاماژەی دا كە "ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان، جیاوازییمان هەیە لەگەڵ خەڵكی دیكە یان كوتلەیەكی دیكەدا، ڕەنگە حزب یان كوتلەیەكی پەرلەمانی لە بنەچەدا عەرەب بێت. ئێمە نەك بەشدار، بەڵكوو هاوبەشین لە عێراقدا، بۆیە بە شێوەیەكی كارا، هەوڵمان داوە بۆ بەشداریكردن لە بنیادنانی عێراقێكی نوێ، لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەتا هەموو لایەك دەزانن كە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێكەوەنانی دەوڵەتی نوێی عێراق بە دەستپێشخەریی مێژوویی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، لە كاتێكدا كە عێراق دووچاری قەیرانێكی سیاسیی گەورە هاتبوو، دیارە ڕێككەوتننامەی هەولێر باشترین نموونە بوو لە خەمخۆریی سەرۆك بارزانی، كە ئەنجامەكەی ڕزگاربوون بوو لەو قەیرانەی لە عێراقدا هاتە كایەوە.
با كێشەكان بەشەخسی نەكرێن
فازڵ میرانی گوتیشی: "هەرگیز ئێمە هاوپەیمانێتی ڕەش ناكەینەوە، بەڵام جیاوازیمان لە بیربۆچووندا هەیە، گەورەترین هەڵە ئەوەیە كە خەڵك وا تێبگات، ئەم كێشەیە تەنیا ململانێی پارتییە، یان كێشەیەكی شەخسییە لە نێوان سەرۆك بارزانی و مالیكیـدا، چونكە تا ساڵانی 2005-2006، مالیكی لێمان نزیك بوو، بەڵام پاشان ئەو سیاسەتەی خۆی گۆڕی و هەوڵی دا كە لە ڕەوتی هاوپەیمانێتی لابدات و زیاتر لەوەیش بەردەوام بوو لە پێشێلكردنی دەستوور و هەموو ڕێككەوتننامەیەك، دەستەڵاتی تاكڕۆیی گرتە بەر و ڕەوتی پڕۆسەی دیموكراسی لە عێراق بەرەو ئاقارێكی خراپدا برد و هەموو مافێكی دەستووریی بەلا وەنا.
دیسان دەستوور
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە دەبێ بزانین بەرانبەر بە دەستوور چیمان لەسەرە و چیمان پێ دەكرێت. جیاوازی لە نێوانماندا، زاڵبوونی مالیكیـیە بە سیاسەتی تاكڕۆیی، یان سەركردەی زەروورە، كە ئەمە لە عەقڵییەتی عێراقییەكاندا مایەی قبووڵكردن نییە و ناتوانن لەو ڕوانگەوە هەناسەی دیموكراسییەت هەڵكێشن.
"لەو سۆنگەوە ئێمە دەستپێشخەر نەبووین لە متمانەسەندنەوە لە مالیكی، بەڵكوو هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر گرنگیی پیادەكردنی دەستوور و ڕێككەوتنامەی هەولێر، كە لە لایەن هەموو هێزەكان و تەنانەت مالیكی خۆیشییەوە ئیمزا كراوە.
ئێستایشی لەگەڵدا بێت، دەرگە دانەخراوە، عێراق هیی هەموومانە، راستە جیاوازین، بەڵام مانای ئەوە نییە كە ئیتر تەواو، هیوامان وایە كە بتوانین هەزمی پڕۆسەی دیموكراسی بكەین، ئەم پڕۆسەیەیش كودەتایەك نییە تاكوو لێی بترسین، بەڵكوو پڕۆسەیەكی دیموكراسییە، دەتوانم بڵێم: كە ئەمە كۆتاییهاتن نییە بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا."
كاری جیددیی هاوبەش
میرانی پابەندبوونی سەركردایەتیی سیاسی بە ژیانی هاوبەشەوە پەیوەست كرد و جەختی لەوە كردەوە كە شتێك نییە ناوی مەحاڵ بێت، بەڵكوو سیاسەتی قبووڵكردنی یەكتر بنەمایە بۆ پڕۆسەی دیموكراسی، بۆیە دەبێ سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەرپرسیارێتیی ئەوە هەڵبگرێت، كە عێراق دووچاری ئاستەنگی ئابوویی و هەژاری بووەتەوە، لە ڕووی ئاساییشەوە دووچاری شپرزەیی بووە، بۆیە هاوپەیمانێتیی كوردستانی بەردەوامە لە یەكهەڵوێستی و ڕێز لەم هاوپەیمانێتییەیش دەگرین. لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانـدا هاوهەڵوێستین و ڕێككەوتننامەی هاوبەشمان هەیە. جگە لەوەیش هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیـیش جێگەی سوپاسە.
بەڵام سەدریـیەكان، جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ئەگەر 123 دەنگ كۆ كرایەوە، ئەوانیش 40 دەنگی خۆیانی دەخەنە سەر، ئەگەر هەر كەسێكی دیكەیش ڕایەكی دیكەی هەبوو، مانای جیابوونەوە نییە.
قووڵكردنەوەی دیموكراسییەت
لە لایەكی دیكەوە، میرانی ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە ئەنجامی كۆبوونەوەی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ئەوە بوو كە تیمێكی ئاكادیمی لە پەرلەمانتار و وەزیر و سیاسەتمەداران پێك بێت بۆ گەڵاڵەكردنی بیرۆكە و وەرگرتنی هەڵوێستێكی مەسئوولانە بەرانبەر ئەم قۆناغە، دیارە لەو ڕوانگەوە دووپاتی ئەوە دەكەینەوە، كە مافەكانی كورد زۆر ڕوونن، كە ئەویش چەسپاندنی دیموكراسییەتە لە عێراق و گرفتی سوپا و خۆنەشاردنەوە لە مافە دەستوورییەكان و ئەو مافانەی كە لە دەستووردا هاتوون، لەوانەیش ماددەی 140، كە خاڵێكی ستراتیژییە و بۆ بەدیلی مالیكیـیش، ئێمە هاوپەیمانێتیی نیشتمانی سەرپشك دەكەین بۆ دیاركردنی جێگرەوەیەك.
بودجەی هەرێم و دەستوور
سەبارەت بە بودجەی هەرێم، میرانی لە وەڵامی پرسیارێكدا وای دەرخست كە ئەم بودجەیە دوای گفتوگۆكردن و لێكۆڵینەوە پەسەند كرا، دیارە ئۆپۆزسیۆن و هەر كەسێكی دیكە مافی خۆیەتی ڕای لەسەر بدات، چونكە بڕوامان بە ڕای بەرانبەر هەیە، بەڵام دیارە بودجە دوا كەوت، ئەمەیش كاری كردە سەر بازاڕ و ژیانی خەڵك، نەیشدەبوو لەوە زیاتر دوا بكەوێت، چونكە مەسەلەكە پەیوەستە بە ژیانی خەڵكەوە.
بەڵام لە ڕووی دەستوورەوە، ئەوەی ڕوون كردەوە كە پێش ڕووخانی ڕژێم، دەستووری هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی چڕی لەسەر كرا، بەڵام دوای سەرنجی هەندێك لایەن و كەسایەتی بڕیار درا بە چاوگێڕانەوە بە بڕگەكانیدا، بۆیە هەست دەكەین كە تەواوی ئەو سەرنجانە ڕەچاو بكرێت و لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، چونكە ئەم دەستوورە بنەمایە بۆ ئەمڕۆ و ئاییندە.
كۆمەڵكوژیی سووریا
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە كۆمەڵكوژی لە سووریادا دەربڕی كە ڕووبەڕووی كارەساتی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بۆیە بەرانبەر بەو كارەساتە مرۆڤایەتییە، هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتییەوە، باوەشی خۆی بۆ پەناهەندەكان كردەوە كە ڕوویان كردە كوردستانی عێراق، ئەمیش بە هاوكاریی رێكخراوی مرۆڤدۆست و خاچی سووری عێراقی، ئەمەیش سیاسەتی مرۆڤدۆستانەیە بەرانبەر كوردەكانی سووریا، كە لە ئەنجامی ڕووخانی ماڵ و دێهاتیانەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە وەك شوێنێكی ئارام و سەقامگیر.
ئامادەكردنی: شێرزاد عەبدولڕەحمان




