گەلێكی سەرگەردان

محەممەد خدر
پتر لە سەد هەزار مرۆڤ لە سووریا كوژراون، ژێرخانی ئەو وڵاتە بەرەو وێرانەیەكی تەواو دەچێ، بە ملیاران دۆلاری دەوێ تاكو دێتەوە سەر دۆخی جاران، ئەو شەڕە هێشتا ئاسۆی یەكلاكەرەوەی دیار نییە، ئەوەی بووە بە قوربانیی بەرداشی ئەو جەنگە وێرانكەرە، خەڵكی سڤیل و بێدەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە، گەلانی سووریا لە یەك كاتدا بوون بە قوربانیی چەندان جەنگ لەناو كۆی جەنگەكە، جەنگی تایفی، نەتەوەیی، توندڕەویی ئایینی،
سەرانی رژێمی سووریا وەكو ڕژێمێكی موخابەراتی شۆڤێنی و تایفیی سەرسەخت، بەرەنگاری خواستی زۆرینەی وڵاتەكەیان بوونەتەوە، سڵ لە هیچ چەشنە دڕندایەتییەك ناكەنەوە، سیاسەتی سووتماككردنی زەوی پەیڕەو دەكەن، تەنانەت چەكی قەدەغەكراوی كیمیایش بەكار دەهێنن، لە بەرامبەریشدا بەرهەڵستكارانی (سووریا) كە زۆرینەیان گرووپە ئیسلامییە جیهادییەكانن، هەم ڕووكاری ڕێڕەوی بەرهەڵستكاری سووریایان لە ڕەوتی دیموكراسیانەی خۆی لادا، هەم شێوازی حكومڕانی هاوشێوەی (تالیبان) پەیڕەو دەكەن لەو جێگایانەی كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
بەداخەوە لە كوردستانی رۆژئاواش (پەیەدە) بە عەقڵییەتی تاكڕەوی حكومڕانیی ئەو بەشەی كوردستان دەكات، هێشتا پێیان وایە حكومڕانیی كۆمەڵگە بە عەقڵییەتی عەسكەرتاری بەڕێوە دەچێ.
لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە كۆمەڵگای سووریا لەناویاندا كوردەكان، هەست بە بێئومێدی و سەرگەردانی دەكەن، گەلێك متمانەی بە ڕژێم و لایەنە سیاسییەكان نەمێنێ جگە لە سەرهەڵگرتن و كۆڕەو بژاردەیەكی باشتری نییە، جەنگێكی پڕ لە هەڵدێر و نادیار، دوور لە هەموو خوڕەوشتێكی تەقلیدیی جەنگ، ڕكابەری دەكرێ بۆ سڕینەوەی بەرامبەر تەنها لەبەر ئەوەی مەزهەب و ئایین و نەتەوەی جیاوازە.
هەر بۆیە ئەو گەلە سەرهەڵگرتووە شایهستهی هەموو ڕێز و خۆسەویستییەكە پێی ببەخشرێت، كە خوشك و براكانیان لە كوردستانی باشوور پێیان بەخشین.




