جەعفەر ئیمینکی: پارتی لە گەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانە لە وادەی خۆیدا

هەولێر - تایبەت بە KDP.info/ سەبارەت بەو دەنگۆیانەی ماویەکە لەهەندێک ناوەندی میدیایی و دەزگای راگەیاندن لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆی و دواخستنیشی بەکارێکی نەشیا و و پێشێلکاری یاسا دەزانن.
لەمبارەوە جەعفەر ئیمینکی گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ kdp.infoرایگەیاند : ماوەیەکە لە هەندێک ناوەندی میدیایی باس لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، کە بە پێی یاسا بڕیارە لە 21-9-2013ئەنجام بدرێت. بۆیە رایدەگەینین کە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکەینەوە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەرێوەبچێت. هەروەها لە بیری نەکەین هەر پلانێک بۆ دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە، بە پێشێلکاری یاسا لە قەڵەم دەدەین و کاری لەمجۆرە پەسند ناکەین و رێکاری یاسایش دژی هەر هەنگاوێکی لەمجۆرە دەگرینە بەر.



