جەعفەر ئیمینکی: تۆمەتەکانی جەمیل بایک دژی پارتیمان بێ بنەما و بێ نرخن

هەولێر - تایبەت بە KDP.info/ لە لێدوانێکدا گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان قسە و تۆمەتەکانی جەمیل بایک دژی پارتی رەتدەکاتەوە و ئەم ئاراستەیە بە خزمەتی دۆزی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا نازانێت.
لەمبارەیەوە جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرانبەر قسەکانی جەمیل بایکی بەرپرسی پە کەکە بۆ KDP.info گوتی: ئەو تۆمەتانەی بەرێز جەمیل بایک دژی پارتیمان بڵاویکردۆتەوە، تۆمەتی بێ بنەما و بێ نرخن، بەهیچ شێوەیەک خزمەتی بزاڤ و دۆزی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا ناکات، پێویست بوو ئەو بەرێزە کە سەرکردایەتی رێکخستنێک دەکات، لە جیاتی دروستکردنی تۆمەت و ئەمجۆرە قسانە دژی پارتیمان، کار لە پێناو پێکهێنانی زەمینە بۆ یەکریزی و یەکبوونی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژئاوا بکات، هەروەها جدیتر کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە کوردستانی و نەتەوەییەکان بکەن. نەک بەم شێوەیە دەست بکات بە دروستکردنی تۆمەت دژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا ئێمە کار بۆ یەکڕیزی و تەبایی و سازدانی زەمینەی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی کورد لەم بەشەی کوردستاندا دەکەین و هەروەها بۆ هەموو لایەکیش رون و ئاشکرایە کە سەرۆک بارزانی و پارتیمان چ رۆلێکی گرینگ و مێژوویمان بینوە لە هاوکاری سیاسی و ئابوری و مرۆیی و دیبلۆماسی بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی دۆزی کورد لەم بەشەی کوردستاندا.



