٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

به‌رپرسانی باڵای توركیا: هەوڵەكان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بەردەوام دەبن

سەرچاوە: Hewler

سەركۆماری توركیا عەبدوڵا گیول داوای لە دانیشتووانی وڵاتەكەی كرد، جیاوازی لە نێوان پرسی كورد و كێشە و شەڕی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستاندا بكەن و بە یەك پرسیان دانەنێن.
ناوبراو لە كاتی پێشكەشكردنی گوتەیەكدا ڕوونی كردەوە، پرسی كورد لە توركیادا كێشەیەكی گەورەیە و پێویستە لە ڕێی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت.
عەبدوڵا گیول ئەوەیشی ڕوون كردەوە، حكوومەتی توركیا لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاوی گەورەی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە وڵاتدا هەڵگرتووە و پێویستە ئەم هەوڵانەیش بەردەوامییان هەبێت.
سەركۆماری توركیا هەروەها گوتی: پرسی كورد لە توركیادا جیاوازییەكی گەورەی لەگەڵ شەڕی شەڕكەرانی پارتی كرێكارانی كوردستاندا هەیە و نابێت دانیشتووانی توركیا ئەم 2 بابەتە تێكەڵ بكەن. ناوبراو گوتیشی هێرشەكانی ئەم دواییەی پارتی كرێكارانی كوردستان بە ڕێكەوت نییە، بەڵكو بەشێوەی پلان داڕێژراوە و ڕووداوەكانی ناوچەكەیشی بە كاریگەر زانی بۆ دەستپێكردنەوەی ئەم هێرشانە.

هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەردەوام دەبن
هاوكات وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئۆغلو گوتی: نابێت هێرشەكانی پەكەكە شكست بەو هەوڵانە بهێنن، كە حكوومەت و هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە توركیادا دەستیان پێكردووە بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ پرسی كورد لە وڵاتدا.
ناوبراو ئاشكرای كرد پێویستە 4 پارتە سیاسییەكەی ناو پەرلەمان بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیادا، ئەویش بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ كێشەی كورد و ڕاگەیاندنی 1 پەیامی یەكگرتوو لەو بارەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا داوایشی لە ئەندامانی پەرلەمانی توركیا لە سەر لیستی پارتی ئاشتی و دیموكراسی كرد، هەڵوێستی خۆیان دەربارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی پەكەكە دەربڕن، چونكە بە گوێرەی داوودئۆغلو هەڵوێستی ئەوان بۆ توركیا و پیشەی سیاسی ئەندام پەرلەمانەكانیش زۆر گرنگە.
هێرشەكان بەردەوام دەبن هاوكات جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بوڵند ئارنیج ڕایگەیاند: زانیارییە هەواڵگرییەكان ئەوە پێشان دەدەن، كە هێرشی چەكدارانی پەكەكە لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا هەر وا بەردوام دەبێت.
ناوبراو گوتیشی: لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 28ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیادا باس لەو هەنگاوانە دەكرێت، كە پێویستە هەڵگیرێن بۆ مەبەستی ڕوووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
لێدوانی ئەم بەرپرسانەی توركیا لە كاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە چەكدارەكانی پەكەكە دەستیان بە چالاكییە سەربازییەكانیان كردووەتەوە و بەو هۆیەیشەوە چەندین سەربازی سوپای توركیا و چەكداری پەكەكە، لە كردە سەربازییەكاندا كوژراون.

ئاماده‌كردنی: عەلی حەسەن زەڵمی
سەرچاوە: میدیاكانی توركیا

 

هەواڵی پەیوەندیدار