دێر شپیگلی ئه‌ڵمانی راپۆرتێك له‌باره‌ی هه‌رێمه‌وه بڵاوده‌كاته‌وه

دێر شپیگل: له‌عیراقدا عیراقیكی جیاوازتر هه‌یه
رۆژنامه‌نوس سیمونی كایزه‌ر راپۆرتێكی جوان و تێر‌و ته‌سه‌لی سه‌باره‌ت به‌هه‌ولێر له‌دوایین ژماره‌ی گۆڤاری ناسراوی ئه‌ڵمانی (دێر شپیگل)دا بڵاوكردوه‌ته‌وه.
ئه‌م گۆڤاره راسته ئه‌ڵمانیه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا یه‌كێكه له‌و گۆڤارانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان قورسایی و ناو ناوبانگی خۆی هه‌یه‌و گه‌وره سیاسه‌تمه‌داران و رۆشنبیران و ئابوری ناسان ده‌یخوێننه‌وه‌و به‌چه‌ندین زمان چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌م ریپۆرتاژه له‌گۆڤارێكی وادا له‌سه‌ر هه‌ولێرو هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی خۆی هه‌یه.
رۆژنامه‌نوسه‌كه به‌ڕیپۆرتاژه‌كه‌یدا دیاره چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی كردوه‌و گه‌ڕاوه‌و هه‌ولێرو هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی راكێشاوه، له‌به‌رگرنگی ئه‌و راپۆرته‌دا كه له‌دێر شپیگل-دا بڵاوبۆته‌وه به‌خێرایی تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ریپۆرتاژه‌و لینكه‌كه‌یشی له‌خواره‌وه داده‌نێین، دێر شپیگل له‌زمانی رۆژنامه‌نووس سیمونی كایزه‌ره‌وه نوسیویه‌تی:
له‌عیراقێكدا كه توندوتیژی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه..!! هه‌ولێر ده‌بێته ناوه‌ندێكی گه‌شتوگوزاری و له‌به‌رچاوی جیهان عیراقێكی نوێ نیشان ده‌دا، هه‌ولێر له‌به‌شه كوردیه‌كه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه‌و به‌ره‌و پێشوه‌چونێكی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینیوه، ئاسایش به‌رقه‌راره‌و ئابورییه‌كی گه‌شاوه‌ی هه‌یه، ئێستا بۆ راكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیاران به‌شێوه‌یه‌كی جوان قه‌ڵای هه‌ولێر له‌نوێكردنه‌وه‌دایه.
له‌به‌شێكی تری ریپۆرتاژه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: له‌عیراقێكدا كه توندوتیژی ته‌نیویه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باكور نمونه‌ی عیراقێكی نوێ ده‌خاته به‌رچاو، له‌كاتێكدا كه له ٢٠٠٦دا هیچ ژێرخانێكی ئابووری نه‌بوو، میوانخانه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌ی نه‌بوو، شوشه‌یه‌كی ئاو ده‌بوایه له‌ده‌ره‌وه‌و هاورده بكرابایه.
هێرش موحه‌ره‌م سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم ده‌ڵێ له‌ساڵی داهاتودا هه‌ولێر نازناوی پایته‌ختی گه‌شتوگوزاری عه‌ره‌بی وه‌رده‌گرێ، جگه له‌ئاماده‌باشی بۆ فێستیڤاڵی سینه‌مایی كه له‌ئێستادا هۆڵ و شانۆكانی نمایشكردنی له‌بواری جێبه‌جێكردن و دروستكردندایه، له‌هه‌موو گۆشه‌یه‌كی شاره‌كه‌دا میوانخانه‌و بازاڕی گه‌وره‌و روكاری شوشه‌یی تیا ده‌بینرێ، شاره‌كه ٨٠٠ هه‌زار كه‌سه‌و ئه‌مه‌ش خاڵێكی جێگیره بۆ كاری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوچه‌یه‌كی وادا، له‌كاتێكدا كه ماركێته‌كان و بواری بازرگانی له‌هه‌ولێردا پانتاییه‌كی پڕ له‌سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌یه بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا عه‌ره‌بیه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماو رێنماییه‌كانی یونسكۆ، هه‌ولێر ره‌وشی ئه‌منی ئارام و سه‌رمایه‌ی عیراقێكی تره.
راپۆرته‌كه چه‌ندین لایه‌نی گه‌شی له‌هه‌رێمی كوردستان و عیراقدا ده‌رخستووه، به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌ركوك و موسڵ و شوێنه‌كانی تری وڵات‌دا ده‌كات كه رۆژانه چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی تیا روده‌دات وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه هۆشداری دراوه‌ته گه‌شتیاران.
هه‌ر له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌دڵگیری و ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ جوانی گرنگی قه‌ڵای هه‌ولێر راده‌كێشێ و به‌یه‌كێك له‌كۆنترین ئاسه‌وارو شوێنه مێژوییه‌كانی جیهانی ناوی ده‌بات كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وت هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ئێستاو ئاماژه‌ش به‌وه ده‌دات كه ئه‌م قه‌ڵایه له‌لایه‌ن یونسكۆوه خراوه‌ته لیستی كه‌له‌پوره جیهانیه‌كانه‌وه.
له‌راپۆرته‌كه‌ی دێر شپیگل-دا هاتووه: له‌ئێستادا له‌كۆی ١٨٠ خان‌و ١٥ خانوی كۆنیان نۆێكردوه‌ته‌وه، باسی له‌چایخانه‌ی قه‌ڵاو عه‌نتیكه‌خانه‌و جلوبه‌رگی كۆن و خشڵ ده‌كات، گۆڤاره‌كه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر گه‌شتیارێك خوازیاری كڕینی دیاری كۆنی عیراقی بێت له‌سه‌ره‌تاوه توشی ره‌شبینی ده‌بێت، چونكه حیجاب له‌بازاڕه‌كاندا له‌چین و توركیاوه دێت و خه‌نه‌ش له‌هنده‌وه‌و هه‌ندێك سابونیش له‌وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه.
باس له‌بۆن و به‌رامه‌ی كه‌باب و ئاوه‌دانی و بنیاتنان و پلانی حكومه‌ت و تواناكانی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون ده‌كات و له‌زمانی هێرش موحه‌ره‌مه‌وه شانازییه‌كانی به‌ره‌وه‌پێشه‌وه چون و وه‌به‌رهێنان ده‌خاته‌ڕوو، باس له‌وه ده‌كات كه گۆڕانكاری و پلانی ورد بۆ راكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیارانی وڵاتان به‌ڵای هه‌ولێردا به‌ڕێوه‌یه.
دێر شپیگل ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه زۆربه‌ی گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێران و سوریا‌و توركیاوه دێن، هه‌ر له راپۆرته‌كه‌دا چه‌ندین وێنه‌ی هه‌ولێر له‌زومی كامێرای دێر شپیگل-ه‌وه گیروان.
PUKmedia




