لەپێناو چارەی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا ئەمەریكا داوای یارمەتی لە بارزانی كردووە

سەرچاوەیەك بە هەفتەنامەی"باس"ـی ڕاگەیاندووە، ئەمەریكا لە هەوڵدایە هەریەك لە كورد، توركیا و قەتەر رازی بكات بۆ ئەوەی تا ساڵی 2014 بەشار ئەسەد لە حوکمدا بمێنێتەوە، لەم ماوەیەیشدا زەوینەی هەڵبژاردنێكی ڕەوا و یەكسان بسازێنێت.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆو بایدن لە گەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی سازی دا، ئەمەریكا داوای لە بارزانی كردووە، یارمەتیدەری بێت بۆ چارەكردنی ئاشتیانەی قەیرانی ئێستەی سوریا.
سەچاوەكە هەروەها دەڵێت: لایەنی كوردی هەڵوێستی لە بەرانبەر چارەی ئاشتیانەی كێشەی سوریا نەرمە، بەڵام بەو مەرجەی مافی كورد لەو وڵاتەدا مسۆگەر بكرێت، هەرچی قەتەریشە لە گەڵ ئەو چارەسەرەدا نییە، چونكە بە سازشی سیاسی دەزانێت لە بەرانبەر ئێران، هێشتا توركیایش بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە.
بە گوتەی سەرچاوەكەی باس كە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی كردووەتەوە، بایدن هاوكات پشتیوانیی خۆی بۆ داواكانی كورد نیشان داوە و داوایشی كردووە كە كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا درێژەیان هەبێت و لایەنی سوننەیش بهێنرێتە نێو گفتوگۆكانەوە.
لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن جیهاد باوەڕی وایە كە ئەمەریكا لەوە گەیشتووە كە سەركردایەتی كورد لە هەرێم دەتوانن رۆڵ لە هاوكێشەكەدا بگێڕن، بۆیە لە پێوەندییەكانیاندا پرس بە كوردیش دەكەن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی موئەییەد تەییبیش ئەوەی راگەیاند كە كورد لە پێوتریش و ئێستەیش هەمیشە هۆكاری سەقامگیری بووە لە عێراق و ناوچەكە، هەربۆیە هێزێكی وەكو ئەمەریكا راوێژی پێ دەكات.
گوتیشی: سەركردایەتیی سیاسیی كورد حەكیمانە مامەڵە لە گەڵ پرسەكانی عێراق و سوریادا دەكات، چونكە دەزانێت ئەوەی هەیە ملمڵانێی ئیقلیمیشی تێدایە، بۆیە كورد بۆ كێشەكانی عێراق لە گەڵ گفتوگۆ بووە بۆ كێشەی سوریا، لە گەڵ پێدانی مافەكانی كورد بووە لەو هەرێمە وێڕای ئەوەیش پێداگر بووە لە سەر ڕای خەڵكی سوریا لەسەر كێشەكانی خۆیان.




