٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

ڕێگه‌ی دووه‌م پێویستی به‌ سه‌رۆك كۆمار نییه‌... ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دەتوانێت متمانەوەرگرتنەوە بخاتە دەنگدانه‌وه‌

سەرچاوە: Hewler

ئاماده‌كردنی: دانا وەهبی


ئەگەر نەتوانرا لە ڕێگەی سەرۆك كۆمارەوە متمانە لە مالیكی وەربگیرێتەوە، ئەوا ڕێگەی دووەم دێتە پێشەوە كە بانگهێشت كردن و لێپێچینەوەیە لە مالیکی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. نەیارەكانی مالیكی سوورن لەسەر ئەوەی كە دووری دەخەنەوە و كەسێكی دیكە لە هاوپەیمانەتیی شیعەكان، دەخەنە جێگەی.

بەردەوامیی هەوڵەكان
سەرۆكی هەرێم، لە دواپەیامیدا جەخت دەكاتەوە: "هەوڵی هێزە عێراقییەكان بەردەوامە بۆ گۆڕینی مالیكی بە ڕێگەیەكی دەستووری. نامەی سەرۆككۆمار و زیاتر لە 170 ئیمزایش لە بەردەستن." ناوەڕۆكی نامەكە دەریدەخات كە هێشتا ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق وەربگرنەوە، لە هەوڵەكانیان بەردەوامن.
پەرلەمانتاری لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە بەغدا د. ڕەوەز مەهدی خۆشناو پێی وایە مانەوە و نەمانەوەی نووری مالیكی هێندەی ئەوە گرنگ نییە كە هەوڵی ڕزگاركردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدرێت كە هۆكارە سەرەكییەكەی چۆنیەتیی ئیدارەكردنی مالیكیـیە لە پڕۆسەكەدا.
بە ڕای ئەو پەرلەمانتارە، چارەكردنی قەیرانەكان و خودی مالیكی لە ناوجەرگەی ئەو لایەنانەدایە كە هەوڵی قوتاركردنی دۆخەكە دەدەن، بۆیە سووربوون لەسەر متمانەوەرگرتنەوە هەیە و دەبێ هەموو لایەك بزانن كە ڕێگەگرتن لە شێوازی ئاشتییانە و دەستوورییانەی متمانەوەرگرتنەوە، ڕێگەخۆشكردنە بۆ دیكتاتۆرییەت.
پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق فاتیح دارۆغایی پێشبینی دەكات كە متمانەوەرگرتنەوە كارێكی ئاسان نابێت و سەرگرتنی زەحەمەتە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ویستی ئەو لایەنانەدا كە دەیانەوێت كارەكە ئەنجام بدرێت، پێی وایە هەوڵەكان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەوەیش ڕوون نییە كە بە كۆتایی دەگات یاخود نا.
پێرێ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت مالیكی دوور بخرێتەوە كورد، ئەلێعراقییە، سەدرییەكان لە هەولێر كۆ بوونەوە و ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هەر دەبێت مالیكی بگۆڕن. لە بەشێكی ڕێككەوتننامەكەدا هاتووە: "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیان لە درێژەدان بە كۆششی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەیان بە پشتبەستن بە میكانیزمە دەستوورییەكان و ڕێخۆشكردن كردەوە تا دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە."

ڕاگرتنی واژۆ
واژۆی ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوای متمانەوەرگرتنەوەیان لە مالیكی كردبوو، گەیەنرابوویە سەرۆككۆماری عێراق و بڕیار بوو بگاتە دەست سەرۆكی هەرێم، بەڵام بەیاننامەیەكی سەرۆكی كۆمار كە باسی لە ڕاگرتنی هەوڵەكانی متمانەوەرگرتنەوە كردبوو، بەو پێیەی واژۆكان بۆ 160 كەم بوونەتەوە كە لە ڕاستیدا پێویست بە 163 واژۆیە، كۆمەڵێك لێدوان و شیكردنەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.
دكتۆر ڕەوەز كە پەرلەمانتاری پارتییە، بۆچوونی وایە كە دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی لەم ماوەیەدا كاری بۆ لاوازكردنی پێوەندیی ئەو لایەنانە كردووە كە دەیانەوێت متمانەی لێ وەربگرنەوە؛ بە تایبەتی لایەنی كوردی و نێوانی پارتی و یەكێتی، بەڵام واژۆكردنی هەر 14 پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بۆ متمانەوەرگرتنەوە، ئەوە دەردەخات كە ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەیە.
دەربارەی ئەوە كە پێوەندی بە سەرۆك كۆمارەوە هەیە، ئەو پەرلەمانتارە بۆچوونی وایە كە دەبێ ئەو هۆكارانە ڕوون بكرێتەوە كە بوونەتە هۆی درەنگگەییشتنی نامەی كێشانەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران.
فەرهاد ئەترووشی كە پەرلەمانتاری پارتییە لە بەغدا، لە دیمانەیەكی كەناڵی "ئەلعەرەبییە"ـدا، باسی لەوە كردبوو كە بە هۆی پاڵەپەستۆی ئێرانەوە، پرسی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ لێسەندنەوەی متمانە، پارسەنگەكەی بە لای مالیكیـدا شكایەوە. هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ متمانەوەرگرتنەوە هەنگاوێكی دەستووری نییە، بەڵكوو تەنیا لەسەر داوایەكی پێشتری سەرۆككۆماری عێراق بوو بۆ ئەوەی بزانرێت ناڕەزایەتییەكان دژ بە مالیكی لە چ ئاستێكدایە.

پەرلەمان ئەلتەرناتیڤە
ئەگەر سەرۆككۆمار بە نووسراوێك داوا لە پەرلەمانی عێراق نەكات متمانە لە سەرۆكوەزیران وەربگیرێتەوە كە یەكەم ڕێگەی دەستوورە، ئەوا پەنا بۆ ڕێگەی دووەمی دەستوور دەبرێت كە پێنجیەكی ئەندامانی پەرلەمان داوای بانگهێشتی مالیكی بۆ پەرلەمان دەكەن و دواتر لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن؛ كە ئەو كات قۆناغی متمانەوەرگرتنەوە دێتە پێشەوە و پێویست بە دەنگی نیوە + 1ـی پەرلەمانتاران دەكات كە 163 دەنگە. گوتەبێژی لیستی ئەلعێراقییە حەیدەر موللا جەخت لە مەسەلەی پێداگرییان لە متمانەوەرگرتنەوەدا دەكاتەوە و سەرەڕای ئەوەی باس لە ترساندنی پەرلەمانتاران لە لایەن مالیكی و ئێرانەوە دەكات بۆ ئەوەی واژۆكانیان بكشێننەوە، هاوكات بەڵێنی ئەوە دەدات كە دەتوانن دەیان واژۆی دیكە بگەیەننە دەستی سەرۆككۆمار.

سەرۆكی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر جەخت دەكاتەوە كە تازە هەنگاوی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەیزران دەستی پێ كردووە، بەڵام ئەوان تەنیا دەیانەوێت مالیكی بگۆڕێت و كابینەكە وەك خۆی بمێنێتەوە.
كۆبوونەوەكەی پێرێی هەولێر لە نێوان مەسعوود بارزانی، ئەیاد عەللاوی، ئوسامە نوجێفی و نوێنەری سەدرییەكان، جەختی كردەوە كە متمانەوەرگرتنەوە لە مالیكی حەتمییە و بەم زووانە شێوازی دیكە دەگیرێتە بەر كە ڕەنگە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار