٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

د.ئیسماعیل بێشكچی بەئایندەی كوردەوە گەشبینە و سەدەی21 بەسەدەی كورد دادەنێت

سەرچاوە: Xebat

خەبات:محەمەد زەنگەنە
ماوەی چەند ڕۆژێكە بە داوەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نووسەر و مێژوونووسی ناوداری تورك و دۆستی كورد ئیسماعیل بێشكچی میوانی هەرێمی كوردستانە ودوێنێ دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكی كوردستان و وەرگرتنی میدالیای بارزانیی نەمر لە هۆڵی ڕۆشنبیریی زانكۆی سەڵاحەددین كۆڕێكی بۆ ڕێكخرا. لەو كۆڕەدا كە ژمارەیەكی زۆری ڕۆشنبیر و مامۆستای زانكۆ و ئەكادیمیكارانی كوردستان ئامادەی بوون، د.بێشكچی تیشكی خستە سەر ئەو قۆناغە مێژوییانەی كە كورد پێیدا تێپەڕیوە بەتایبەتی ئەو قۆناغانەی خۆی تیایدا ژیاوە و تیایدا شایەدحاڵ بووە.
لەباشووری كوردستانم لەخاكی كورد
بێشكچی خۆشحاڵیی خۆی بە بوون لەباشووری كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا خۆی لەكورد بە دوور وبە نامۆ نازانێت ونیشانیدا لەساڵی 1962-1964 خزمەتی سەربازیی لەنێو خاكی كورد لەتوركیادا كردبوو بەتایبەتی لەبەدلیس وشەمزینان ولەوكاتەدا شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لەباشووری كوردستان بەڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر بەرپا ببوو هەروەها گوتی:ئەوكات دەوڵەتی توركیا پێشمەرگەی بە تێكدەر لەقەڵەمدەدا و فەرمانی بەسوپا دا كۆنتڕۆڵی سوپا بكات بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێنەدەن بێنە نێو خاكی توركیا وتەگەرەیان بۆ دروستبكات ولەسەر سنوور سەرباز لەبەدلیس ومووش هەبوون بەڵام هێزی زیاتریان دەنارد و ئەو كات من لەلیوای بەدلیس بووم ولەهاوینی 1963 چەندین ناوچەی باكووری كوردستان بۆ خزمەتی سەربازی گەڕاوم وحكوومەتی عێراق بەیارمەتیی ژمارەیەك لە جاشان ناوچەكانی پێشمەرگەی لەسەر سنوور بۆردومان دەكرد كە خاكی توركیاش پێیەوە كاریگەر دەبوون منیش لەوكاتەدا زۆر بەدوای ئەوە بووم ئەو شەڕانە واتایان چییە وئەم خەڵكە كێن وچۆن دەژین و حاڵیان لەو ناوچانە چییە بەتایبەتی لەناوچەی ڕووبارۆك كە لادێیەكی سنوورییە وئەوكاتەیش هیچ سیمێك لەسەر سنوور نەبوو و ئەم لادێیە نزیكەی 2 كیلۆمەتر لەسنوورەوە دوور بوو، ئەوكاتیش من بەرپرسی مەفرەزەیەكی 11 نەفەری بووم وجارێكیان بە هەڵە هاتینە نێو سنووری كوردستانی عێراق وپێشمەرگە ڕایانگرتین ومن لەقسەكانیان تێنەگەیشتم ولەوێ من یەكەمینجار زانیم پێشمەرگە چین وكێن لەوكاتەدا سەربازێكی خۆم كە خەڵكی قارسە لەگەڵ پێشمەرگەیەكی بارزانی قسەی كرد منیش لام سەیر بوو چۆن كەسێكی خەڵكی قارس لەگەڵ كوردێكی بارزانی قسە دەكات و لەیەكتر تێدەگەن؟،ولەساڵی 1963 شدا پڕۆپاگەندەیەكی زۆر بەوە هەبوو كە كورد وجوودی نییە و ئەوان توركی چیایین وشتێك نییە بەناوی كورد، تەنانەت دەیانگوت كورد زمانی ڕێكوپێكیان نییە و لەیەكتر تێناگەن بۆیە ئەوەی بینیم پێچەوانەی هەموو ئەو قسانە بوو.
سوپای توركیا زۆر ئەشكەنجەی كوردی دا
بێشكچی نیشانیدا گەلی كورد گەلێكە ژیانی خۆشدەوێت ولەهەموو بارودۆخە ناخۆشەكاندا ژیانی خۆی بەڕێوە دەبات وچۆك دانادات وسەرەڕای هەموو ئەشكەنجەكانی بەسەریدا هاتووە كورد بەردەوامیی خۆی پاراستووە ونیشانیدا لەوكاتەی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی لەبارزان تێپەڕین سوپای توركیا دەیویست ڕێگری لە پێشمەرگەی كورد بكات بۆ ئەوەی نەگەنە ڕووسیا و ناكۆكیی عەشایەرییان بۆ ئەو مەبەستە دەقۆستەوە و گوتی: من لەساڵی 1963 یەكەمینجار كوردم بینی و یەكەمین دیدارم لەگەڵ پێشمەرگە چاك لەیادم ماوە بەتایبەتی كە پێشمەرگەیەكی بارزانم بینی بارزانیش زۆر لەشەمزینانەوە دوور نییە، ئەو هەموو شتە وای لە من كرد بەدوای ڕاستیی دۆزی كورد بگەڕێم بەتایبەتی لەساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستەم . لەساڵی 1930 ڕۆژنامەی میللیێت دەرچوو لەیەكێك لەژمارەكانیدا كاریكاتێرێك هەبوو تیایدا هەردوو چیای ئاگری گەورە و بچووك كرابوو ولەناوەڕاستیدا وێنەی گۆڕێك كێشرابوو لەسەری نووسرابوو كوردستان خەیاڵە،بەڵام بیستەكان بۆ كورد زۆر گرنگ بوو بەتایبەتی دوای بڵاوكردنەوەی خاڵەكانی وێڵسن كە تایبەت بوو بە مافی چارەنووسی گەلان بەڵام هەر لەو كاتەوە كوردستان بە خەیاڵ دادەنرا بۆیە كوردستان دابەشكرا و پارچە پارچە كرا و منیش بە پارچە پارچە كردنی لەشی مرۆڤێكی دادەنێم كە وڵاتانی زلهێز دەستی گەورەیان تیادا هەبوو.
كورد وزلهێزان
د.بێشكچی ئاماژەی بەوەدا كورد كەوتە نێوان دوو دەوڵەتی گەورەی زلهێز كە دابەشكاری یەكەمی كوردستان بوون ئەوانیش دەوڵەتی توركیای عوسمانی و ئیمپراتۆرییەتی شاهەنشاهیی فارسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە جگە لەبەریتانیا وفەڕەنسا وەكو دوو زلهێزی جیهانی و هەر چواریان كوردستانیان دابەشكرد و كوردیان لەمافی بەدەوڵەتبوون بێبەشكرد و میساقی سەرەكیی كۆمەڵەی گەلانیان تێكشكاند كە ئامانجی ئاشتەوایی ومافی چارەنووس بوو بەتایبەتی بەریتانیا كە دانی بە مەملەكەتی كوردستان نەنا بەڕێبەرایەتیی شێخ مەحموودی نەمر بۆیە شەڕی دژوار بەرپابوو و بەریتانیا بە چەكی كیمیایی و بەفڕۆكە كوردستانی بۆردومان كرد، بەردەوامیی ئەو شەڕ و كوشتارەش لەدژی كورد و گەلانی دیكەی جیهان واتا گەلانی چەوساوە وایكرد شەڕی دووەمی جیهان بەرپا ببێت.لەساڵی 1947 یش دەرفەتی سەربەخۆیی لەمهاباد بۆ كورد ڕەخسا وئەو كات نەتەوە یەكگرتووەكانیش دامەزرا بەڵام لەوكاتیش زلهێزانی نەتەوە یەكگرتووەكان كوردیان پشتگوێخست وجیهان بەگشتی گۆڕانكاریی گەورە ڕوویدا و زۆر میللەتانێك سەربەخۆییان وەرگرت بەڵام كورد ئەوەی بۆ نەبوو.
بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەتاوانەكانی دژ بەكورد
بێشكچی دووپاتیكردەوە دابەشكردنی كوردستان شتێكی تازە نییە و لەسەدەی پێنجەمی زایینییەوە كوردستان دابەشكراوە و لەساڵی 1813-1826 لەشەڕی نێوان ڕووس وعوسمانییان دابەشكرا وكوردستان لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەت دابەشكرا.بەڵام دابەشكردنی كوردستان لەبیستەكانی سەدەی بیستەم سێیەمین ودوایین دابەشكاری بوو وسەرەڕای خەباتی گەلی كورد بەڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی لەباشووری كوردستان، بەڕێبەرایەتیی شێخ سەعیدی پیران لەباكووری كوردستان دابەشبوونی كوردستان هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهات بەڵكو خاك وهۆز و خانەوادە و عەشیرەتیش دابەشكران وهەریەكەیان كەوتنە لایەك و بوونە بەشێك لەدەوڵەتێك هەروەها گوتی: دابەشكردنی كوردستان واتای ئەوەیە ئەم خاكە و ئەم وڵاتە خەڵكێكی بەهێزی تیادایە بۆیە دەرفەتی لاوازبوونی تیادا دەقۆزرێتەوە وهەر ئەوە بوو وایكرد كوردستان دابەشبكرێت بۆیە دەبێ كورد پەند لەوە وەربگرێت و ئیتر ڕیزەكانی خۆی بەهێزبكات، من باشم لەیادە چۆن هەڵەبجە لە16ی ئاداری 1988 جینۆساید كرا بەڵام هیچ دەوڵەتێكی زلهێز بەرامبەر بەم تاوانە یە هەڵوێستیشیان نەبوو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ دەنگێكی لێوە نەهات. لە 19ی ئاداری هەمان ساڵ كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی لە كوێت بەڕێوەچوو بەڵام لەوێشدا هیچ یەك لەو 53 دەوڵەتە بەشداربووە یەك هەڵوێستیشی نەبوو و هیچیان باسی ئەو ڕووداوەیان نەكرد بەڵام لەو كۆنگرەیەدا هەڵوێستی بوڵگاریا بەرامبەر بە توركیا كە هەڵوێستی نەرێنی بوو زۆر بە ڕوونی سەركۆنەكرا وهەڵەبجە پشتگوێخرا تەنانەت لەساڵی 1983ـەوە سەددام بووە خاوەنی هەرچی چەكی قورسە و هەرچی چەكی بكوژە و كاریگەرە و خەڵكێكی زۆر دەكوژێت وشار وشارۆچكە و لادێكانی كوردستان تێكدران ولەهەڵەبجە 5000 هەزار كەس شەهید بوو ولەدەستپێكی ئەنفال تا كۆتاییهاتنی سەدان هەزار كورد شەهید بوون وهیچ یەك لەو ڕووداوانە یەك وشەی ئیدانەیشی بەخۆیەوە نەبینی، دوای مانگێك لەكیمیابارانكردنی هەڵەبجە كۆمبوونێكی نێودەوڵەتی لەبارەی هەڵەبجە بەڕێوەچوو كەچی قبووڵنەكران وپێیان گوترا دەبێ بەناوی حكوومەتی عێراقەوە بەشدارببن وحكوومەتی عێراق نوێنەرایەتیی كورد بكات لەكاتێكدا كە حكوومەتی عێراق خۆی ئەنجامدەری ئەو تاوانەیە.كەواتە هەموو وڵاتانی زلهێز بۆ تێكنەدانی بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرامبەر كورد دا بێدەنگ بوون. بۆ زانیاریشتان چەكی كیمیایی تەنها لەهەڵەبجە بەكار نەهات بەڵكو لەسەر بەندكراوی كورد لەمووسڵ تاقیكرایەوە لەكاتێكدا لەجیهان چەكی كیمیایی لەسەر مشك بەكاردەهێندرێت وعەلی كیمیاوی بە ئاشكرا دەیگوت ئێمەی حزبی بەعس چەندینجاری دیكە بە كیمیایی بۆردومانیان دەكەین تا ئەو میللەتە تەواو دەبێت.
یەك ملیۆن كورد لە ئەڵمانیا
بێشكچی نیشانیدا سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە یەك ملیۆن كورد لەئەڵمانیا كەچی حكوومەتی ئەڵمانیا بە چاوی تورك وفارس وعەرەب بەچاوی عێراقی وئێرانی وتوركیایی وسووریایی لەقەڵەمدەدات و گوتی: 4 دەوڵەتی یەكێتیی ئەورووپا كە مۆناكۆ و ئەندۆرا و لیشتنشتاین و سان مارینۆن هەرچواریان دەوڵەتی سەربەخۆن بەڵام سەرژمێریی هەر چواریان ناگاتە 250 هەزار كەس كەچی لەئەڵمانیا یەك ملیۆن كورد هەیە و سەرژمێریی ئەو چوار دەوڵەتە چارەگی تەنها پەنابەری كوردن لەئەڵمانیا، ئەم ڕەفتارەش تەنها لەئەڵمانیا ڕەنگدانەوەی نییە بەڵكو لەهەموو وڵاتانی جیهان، بەڵام دوای بوونی كوردستان بە هەرێمێكی فیدراڵی هەر كوردێك لەكوردستانی عێراقەوە بچێتە ئەورووپا بە كورد ناونووس دەكرێت، بەڵام دوای شەڕی ڕووخاندنی سەددام دەرفەتێكی باش بۆ كورد هاتە ئاراوە كە ئەمەش بووە خاڵێكی ئەرێنی لەمێژووی كورد بەتایبەتی بە داننان بەعێراقی فیدراڵی و داننان بە هەرێمی كوردستان وەكو حكوومەتێكی فیدراڵ لەچوارچێوەی عێراقدا بەڵام بەداخەوە ئەویە ئێستا هاتۆتەدی دوای سەد ساڵ لەدابەشبوونی كوردستان هاتەدی.
گەشبینم بە ئایندەی كوردستان
بێشكچی گەشبینیی بە ئایندەی گەلی كورد نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كورد ئایندەیەكی گەشی لەبەردەمدایە و دەتوانێت بگاتە مافی خۆی و ویستەكانی خۆی بهێنێتەدی وئەمڕۆ كوردستان لەزۆر ڕووەوە پێشكەوتووە وئێستا خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزە ئاماژەی بەوەشدا دەرفەتێكی زۆر مەزن لەبەردەم نەوەی ئێستای گەلی كوردە و واخەریكە پاشەڕۆژی گەلی كورد بەڕوونی دەبیندرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار