هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی- سایتی هەولێر
ئێستا میدیای جیهان بە گەرموگوڕی باس لە چەند پرسێك دەكەن، لەوانەیش قەیرانی ئەتۆمیی ئێران، توندوتیژی لە سووریا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە میسر. بەڵام هەر لەم كاتەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەڵگرتنی چەند هەنگاوێكی زۆر گرنگ كردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی لەبەردەم گەیشتن بە ئامانجە گەورەكانی گەلی كورددا سنوردار بكات، لەوانەیش دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی.
كوردستان بووەتە هێزێكی كاریگەر
هێشتا ژمارەیەكی زۆر بەربەست لە بەردەم سەربەخۆیی كوردستاندا ماون، ئەوە جگە لە هەبوونی چەند كێشەیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. دەبێت ئەو ڕاستیەیش لەبەرچاو بگیرێت، كە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی پێویستی بە یەكدەنگیی لایەنە سیاسییە كوردییەكان هەیە. لە ماوەی چەند ساڵ و مانگی ڕابردوودا، گۆڕانكاریی گرنگ لە بواری جیۆگرافی و سیاسی لە ناوچەكەدا ڕووی داوە و ئەمەیش لە بەرژەوەندی گەلی كوردی ناو عێراقدا بووە.ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بووەتە هێزێكی گرنگ و كاریگەری تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم هێز و پێگەیەیش دەتوانێت زۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەكرا ڕێگا بۆ سەربەخۆیی كوردستان خۆش بكات.
سیاسەتی كوردستان سەربەخۆییانەیە
خاكی كوردستان بە سەر 4 وڵاتی عێراق و ئێران و سووریا و توركیادا دابەش كراوە، بەڵام كوردەكانی عێراق هەنگاوی زۆر گەورەیان لە گەیشتن بە بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكانیان بڕیووە. كوردستانی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە هەرێمێكی نیمچە ئۆتۆنۆمییە، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەیپارێزرێت و هەرێمێكی ئارامە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسەتی دەرەوەیشدا هەنگاوی زۆر گرنگی هەڵگرتووە و زۆرجاریش بڕیارەكانی لەو بوارەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان بە حكوومەتی ناوەندییەوە نییە.سەرەڕای ئەوەیش، كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری پێشووی عێراق سەدام حوسێن، لە لایەن سوپای ئەمەریكاوە خزمەتێكی گەورەی بە سەروەریی كوردستان كرد.
ساڵەكانی پاش كۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن سەرەتای قۆناغێكی گرنگ بوون لە هەرێمی كوردستاندا، ئەویش قۆناغی ئاسایشی ناوخۆیی و گەشەی ئابووری بوو. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ناوچەكانی دیكەی عێراق گۆڕەپانی شەڕ و توندوتیژیی نێوان شیعە و سوننە بوون.حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پاش پرۆسەی ڕزگاریی عێراقیشدا توانیی دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا بەهێزتر بكات و ئێستایش بەرپرسانی ئەو هەرێمە خاوەنی بڕیار و دەسەڵاتی گەورەن لە سیاسەتی عێراقدا.
حكوومەتی ناوەندی و كۆنترۆڵكردنی نەوت
لەگەڵ ئەم هەموو پێشكەوتنەدا، پرسی نەوت وەك یەكێك لە سەرەكیترین بەربەستەكان لە بەردەم سەربەخۆیی كوردستان لە عێراقدا ماوەتەوە.كوردەكان پشت بە دراوسێ عەرەبەكەی باشووری هەرێمەكەیان دەبەستن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی دەری دەهێنن. تا ئێستایش كێشەیەكی گەورە لە نێوان كورد و عەرەبدا لە ناو عێراقدا هەیە و ئەمەیش كاریگەریی لە سەر ڕێككەوتنەكانی بواری نەوت هەیە.بەرپرسانی عێراق لەو ڕاستیە تێدەگەن، كە تەنیا كۆنترۆڵكردنی كەرتی نەوت و سنوورداركردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەكەی وا دەكات، حكوومەتی ناوەندی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە، چونكە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت نەوتی خۆی بنێرێتە دەرەوە، ئەوا پشتبەستنی كوردەكانیش بە عەرەبەكان كۆتایی پێ دێت.
دانانی بۆری نەوت و سەركەوتنی پلانی كوردستان
لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ دانانی بۆری تایبەت بە گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەرەكانی توركیا. ئەم پلانە بەرپرسانی حكوومەتی بەغدای تووڕە كرد. ئەوان ڕایانگەیاند ئەم كارە دەستێوەردانی بەرپرسانی توركیایە لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا، بەڵام بەرپرسان و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بیرناكەنەوە و دانانی ئەو بۆریە نەوتانە بە هەنگاوێكی ستراتیژی زۆر گرنگ دادەنێن بۆ كۆتاییهێنان بە قۆڕخكردنی كەرتی نەوتی عێراق لە لایەن حكوومەتی ناوەندییەوە.دانان و پاراستنی بۆریی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی ئاسان نییە. هەربۆیەیش، ئەم پلانە هاوبەشەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا ئەوە پیشان دەدات بەرپرسانی ئەنقەرە متمانەی تەواویان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە لە پاراستنی سنوورەكان تا نەوتی هەرێمەكە بەشێوەیەكی بەردەوام ڕەوانەی دەرەوە بكرێت. بێگومان توركیایش پێویستی بە سەرچاوەی وزەی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی.
دەستكەوتی گەورە بۆ كوردستان
هەبوونی ئەم هاوپەیمانەتییە بەهێزەی نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە واتای ئەوە نایەت، كە توركیا پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، چونكە حكوومەتی توركیا خۆی كێشەی كوردی هەیە. بێگومان هەماهەنگی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا كاریگەریی دەبێت لە سەر بەهێزبوونی پێگەی ئەنقەرە لە عێراقدا. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بێهێزبوون و كەمبوونەوەی دەسەڵاتی سەرۆكوەزیرانی وڵاتیش نووری مالیكی. سەرەڕای ئەم لێكدانەوە و دەرئەنجامانەیش، دانانی بۆڕیی نەوت بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ حكوومەت و دانیشتووانی هەرێم بە تایبەتی لە بواری وزەوە، چونكە هاوپەیمانێتیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا دەبێتە یارمەتیدەرێك بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی قۆڕخكارانەی حكوومەتی ناوەندی لە هەرێمی كوردستاندا.
كوردستان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی
كوردستان هەرێمێكی ئارام و كاریگەر و خاوەن بڕیار و هێزە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی تیایدا بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.دانانی بۆریە نەوتەكانیش سەرەتای هەنگاوێكی دیكەی گرنگن لە پێشكەوتنی هەرێمەكەدا. پێویستە ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیی چەندین كاری زۆر گرنگ بكات بۆ ئەوەی وەك دەرئەنجامی ئەم كارانەیش بتوانێت بەم قۆناغەی ئێستا بگات، لەوانەیش بەدەستهێنانی ئارامی و ئاسایش لە هەرێمەكەدا.
بێگومان حكوومەتی ناوەندی تەواوی هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی بەغدا پێیان خۆش بێت یان پێیان ناخۆش بێت، كوردستان بەرەو جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەڕوات.
دانیال برۆد - ماڵپەڕی ئەلەكترۆنی "میدڵ ئیست ئۆن لاین"ی بەریتانی




