٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی موئەید تەییب بۆ “هەولێر”: هیچ تەگەرەیەكی یاسایی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەنووكە عێراق بەو ئاقارەدا دەڕوات، كە هەموو ئامادەكارییەكان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی و دەستەڵاتی تاكڕۆیی كۆتایی هاتووە، كە بووە بە مۆركی هەرە بەرچاوی دەستەڵاتی عێراق و هەموو هەوڵەكان ئێستا چڕ دەكرێنەوە بۆ دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كە لە چەند ڕۆژی كورتی داهاتوودا، ئەو هەوڵانە بگەنە ئەنجام.

لە سەروبەندی ئەو گۆڕانكارییە جیدیانەدا، كورد ڕۆڵی بەرچاوی خۆی لە هاوكێشە سیاسییەكان و پشكداربوون لە نەخشەڕێگەی ئاییندەی عێراق و ڕزگاربوون لە دەستەڵاتی خۆسەپاندن و لادان لە دەستوور دەگێڕێت.

گوتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانییش لە پەرلەمانی عێراق، پێی وایە كە لە چەند سەعاتی داهاتوودا، گۆڕانكاریی جیددی لە نەخشەی دەستەڵاتی عێراقدا دێتە ئاراوە، پاش ئەوەی كە هاودەنگییەكی تەواو لە نێوان سەرجەم كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق، دروست بووە و بۆ بڕیاردان لەسەر نەخشەی داهاتووی سیستەمی حوكم و پاوانخوازی و لێكنزیكبوونەوە و هاوهەڵوێستیی كوتلەكانی ناو پەرلەمان، زەمانەتە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی كە دەتوانم بڵێم، عێراقی بەرەو ئاقارێكی نادیموكراسیی خەتەرناك بردووە و ئەو خۆسەپاندنە بەسەر كورسیی دەستەڵات و بەلاوەنانی هەڵوێست و مافی خەڵكی دیكە بووە بە نیشانەیەكی زەقی ئەو دەستەڵاتە سیاسییە.

چڕكردنەوەی هەوڵەكان
• لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕووداوەكان تیژ تێپەڕ بوون، ئێستا هەموو خەڵك دەپرسن، مەسەلەی ئاییندەی دەستەڵات لە عێراقدا گەییشتە كوێ و پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە كوێ چەقی بەستووە؟

- ئەمڕۆ عێراق بە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێ، كە لە ڕاستیدا بووە بە مایەی ئەوەی كە لە نێوخۆ و هەندەراندا، دوودڵی و ناسەقامگیری ببێتە نیشانەی پرسیاری ڕۆژانە، تەنانەت كاردانەوەیشی لەسەر گەشەی ئابووری و گەشەپێدان هەبووە، چونكە ئەو سیاسەتەی كە مالیكی پێڕۆی كرد، زۆر تاكلایەن بوو و پشتئەستوور نەبوو بە دەستوور كە بنەمایە بۆ ژیانی پەرلەمانی و دیموكراسییەت، چونكە هەموو گەلی عێراق دەنگی بۆ ئەم دەستوورە داوە، بۆیە لە كاتێكدا كە ئاییندەی عێراق كەوتە حاڵەتی خەتەرناكی و زمانی گفتوگۆ نەما، ناچار كوتلەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و هێزە سیاسییەكان كەوتنە خۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كۆتاییهاتن بەو تەنگژە سیاسییانە و ئیمزای پێویست كۆ كرایەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانەكە كە دەگاتە 164 ئیمزا و زیاتریش.

• ئایا ئەو ژمارەیە زەمانەتە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی یان چاوەڕوانی دەرفەتی سیاسیی دیكە دەكرێت؟

- لە ڕووی یاساییەوە، هیچ تەگەرەیەك نەماوە لە بەردەم پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە و دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان و هەر هەموو ئیمزاكانیش گەییشتنە دەست بەڕێز سەرۆككۆماری عێراق، كە بڕیار بدات بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان.

• داواكەی مالیكی بۆ سەرلەنوێ دانانی لیژنە بۆ دڵنیابوون لە ئیمزاكان، دەبێتە مایەی هیچ تەگەرەیەكی نوێ؟

- بە دیدی من، ئەمە تەنیا پاساوە، ئەگینا هیچ جۆرە تەزویرێك لە واژۆكاندا نییە و جەنابی سەرۆككۆمار لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم مەبەستە دانا، بەڵام وای نابینم كە ببێتە تەگەرەیەك لە ڕووی یاساییەوە، چونكە هەموو فڕاكیسۆنەكانی ناو پەرلەمان هاودەنگن لەسەر ئەوەی كە دەبێ عێراق لەو میحنەتە ڕزگار بكرێت، تەنانەت هێزە عێراقییەكان زۆر سوورن لەسەر پەلەكردن لە مەسەلەی لێسەندنەوەی متمانەكە، چونكە هیچ ئاسۆیەك نابینن، جگە لە گۆڕین نەبێت.

نابێ دیموكراسییەت ببێتە قوربانی
• ئەو هەوڵانە بە ڕای تۆ دەگەنە چ ئاكامێك، بۆ كۆتاییهاتن بە فیكری تاكڕۆیی و گۆشەگیركردنی ئیرادەی سیاسی لە عێراق؟

- كێشەكە لەوەدایە، كە ئێستا جگە لەو واقیعە تاڵە، سەرجەم پڕۆسەی دیموكراسییەت لە خەتەردایە، هێزە سیاسییەكان، ئاسانكارییەكی تەواویان كردووە، ئەویش ئەوەیە كە هەر داوایان لە دەوڵەتی یاسا كردووە بۆ كاندیدێكی دیكە، ئەمەیش دەبێتە مایەی گواستنەوەی دەستەڵات بە شێوەیەكی ئاشتیانە و واتای چەسپاندنی چەمكی دیموكراسییەتە لە عێراقدا، چونكە ناكرێ لە هەموو حاڵەتێكدا دموكراسییەت بكرێتە قوربانی، كە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گەورەترین مەرگەسات دەبێتەوە، هەموو پاساوەكان ناگەنە ئەوەی كە دیموكراسییەت پێشێل بكرێت كە گوزارشت لە میللەتی عێراق دەكات بە هەموو نەتەوە و هێزە سیاسییەكانەوە، دەبێ تەقلیدی نەبین لە هەزمكردنی دیموكراسییەت و پیادەكردنی، بە لایەنی كەم، هەوڵی ئەوە بدرێت كە عێراق لە تەنگژەكە رزگار بكرێت، ئەوەی كە ئێستایش داوا دەكرێت، تەنیا جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوورە، هەر كەس و لایەنێكیش هەوڵی لەباربردنی بڕگەكانی دەستوور بدات، مانای وایە دەیەوێت كۆنتڕۆڵی دەستەڵات بكات، بەو ئاقارەیشیدا بەرێت كە ئێستا تێیدا دەژین، كە گەورەترین زەرەری لە پڕۆسەی ئاشتەوایی و سەقامگیری داوە، یان دەتوانم بڵێم بووە بە ئاستەنگێكی گەورە لە بەردەم پڕۆسەی ئاوەدانی و سەقامگیریدا، كەوا بێت كێشەكە، پێوەستە بە ململانێی دەستوور و داكۆیكردن لە دەستوور.

ڕووبەڕووی تەگەرەكان دەبینەوە
• ئایا جگە لە شەرعییەتی ڕێژەی دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە، هیچ تەگەرەیەكی یاسایی دیكە هەیە، كە ببێتە مایەی تانەلێدان لەو پڕۆسەیە، یان باشتر وایە بڵێم، هیچ ڕێگەیەكی دیكە بۆ ڕزگاربوونی مالیكی هەیە؟

- ئەوەی من گوتم حوكمی یاسایە، تاقە ڕێگەیەك پەرلەمانە، هۆڵی پەرلەمانی چارەنووسی دەستوور و ئاییندە دیاری دەكات، ئەگەر دەوڵەتی یاسا پەنا بباتە بەر دادگەی ئیتحادی، ڕەنگە جۆرێك لە پشێوی دروست بێت، چونكە دەستەڵاتی بەرچاوە، بەڵام لەمەدا ناتوانێ رووبەڕووی ئیرادەی ناو پەرلەمان ببێتەوە، كە گوزارشت لە هەموو ئیرادەی عێراقییەكان دەكات.

هاوكات سەربەخۆیی پەرلەمان دیار دەخات بەرانبەر بە پرسە چارەنووسسازەكان، هەڵبەتە متمانەی پەرلەمان و هەموو فڕاكیسۆنەكانی بەوە تاقی دەكرێتەوە، كە تاچەند دەتوانن داكۆكی لە ڕاستی بكەن، چونكە ئەمڕۆ عێراق بە تەنگژەیەكی زۆر گەورەدا تێپەڕ دەبێت، كە تەنیا گەڕانەوە بۆ حوكمی یاسا و دیموكراسییەت دەتوانێ كۆتایی بەم تەنگژەیە بێنێت. هاوكات عێراق لە ژێر تاقیكردنەوەیەكی جیددیدایە، كە ئایا تا چەند دەتوانین سەروەریی یاسا و دەستوور پیادە بكەین. ئەمە پرسیارێكە، كە ڕۆژانی داهاتوو، وەڵامی دەداتەوە.
 

دیمانە: شێرزاد عەبدولڕەحمان

هەواڵی پەیوەندیدار