بارزانی: بزانم چوونم بۆ به‌غدا ئه‌نجامی ده‌بێت ئه‌وا به‌بێ دوودڵی ده‌ڕۆم

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ رێگرییه‌كی نییه له‌وه‌ی بچێته هه‌ر شوێنێكی دنیا، ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وتی بۆ گه‌لی كورد تێدا بێت و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر بزانم چوونم بۆ به‌غدا ئه‌نجامی ده‌بێت ئه‌وا به‌بێ دوودڵی ده‌ڕۆم". بەڵام دەپرسێت: "چ زه‌مانه‌تێك هه‌یه من بچمه به‌غدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر دەكرێن."
بەپێی هەواڵێکی ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌دا دێت كه دوێنێ چوارشەممە، ئاراس شێخ جه‌نگیی برازای مام جەلال، له هەمان ڕۆژنامەدا ئاڕاسته‌ی بارزانی كردبوو و تێیدا گوتبووی: "پێشنیاز ده‌كه‌م جه‌نابت ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ مێژوو بكه‌یت و جارێكی تر كه‌س نه‌ڵێت ئه‌م میلله‌ته ناتوانێت خۆی ئیداره‌ی خۆی بكات".
هاوکات داوای له بارزانی كردبوو بچێته به‌غدا و تا چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی كێشه‌كان نه‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر. ئه‌و ده‌ڵێت: "ده‌زانم جه‌نابت به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه گه‌وره‌تر ده‌بیت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه جه‌نابتان وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كسه‌ر بێ هیچ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن و له‌وێ دانیشن و رایبگه‌یه‌نن تاكو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێر".
لە بەرانبەردا، بارزانی، له وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی ئاراس شێخ جه‌نگیدا، ڕایدەگەیەنێت: "من هیچ مانعێكم نییه بچمه هه‌ر شوێنێكی دنیا ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وتی بۆ گه‌لی كوردستان تێدابێت. ئه‌گه‌ر بزانم چونم بۆ به‌غدا ئه‌نجامی ده‌بێت ئه‌وا به‌بێ دودڵی ده‌ڕۆم، به‌ڵام هه‌موتان ده‌زانن چه‌ندجار چووم، چه‌ندین جار به‌ڵێنیاندا و رێکكه‌وتین له‌سه‌ر زۆر شت، كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان و پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق بوو، به‌ڵام ئیحتیرامی ئیمزای خۆیان نه‌گرت و پشتیان له به‌ڵێنه‌كان كرد و، چ زه‌مانه‌تێك هه‌یه من بچمه به‌غدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر دەكرێن".




