هەق و حساب دەگەڵ هەرزەوەکیلان!

هاودەنگ فارووق
ئێستا ئیتر كاتی هەق و حساب و وەستاندنی ئەو كەسانەیە کە تا دوێنێ شین و شەپۆڕیان بۆ هەریسەکەی بەغدا دەکرد. ئیدی كاتی ئەوەیە لێیان بپرسین: فەرموون ئەوەی داواتان دەکرد جێبەجێكرا، بەڵام كوا هێلكەی دوو زەردێنەی كەڵەشێرەكەی بەغدا؟
لەپێناوی چیدا ئێوە بووبوونە كەواسووری بەرلەشكری داگیركەران؟ ئاخر لە پێناوی چی درێغیتان لە شەڕی دەروونی دژی خەڵكی كوردستان نەكرد؟ بۆ کێ و بە چ ئامانجێک ئەوەی لە دەستتان هات کردتان تەنها بۆ ئەوەی لە پێگەی هەرێمی كوردستان بدەن و ڕووی ڕەشی سەد ساڵەی داگیركەران سپی بكەنەوە؟
لەم قۆناغەدا ئەوەی پێویستە بەهەند وەربگیرێت، ئەوەیە ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان پێویستی بەوەیە بەشێوەیەكی ستاندارد و ڕێكوپێك بنووسرێتەوە و وەك پرۆژەیاسا لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی لەمەبەدوا هیچ كەس و لایەنێك جورئەتی ئەوەی نەبێت بنەماكانی ئەو یاسایە پێشێل بكات و بەناوی خەمخواردنی ژیانی خەڵكەوە، ببێتە محامیی داگیرکەر و هەیبەت و شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەکەدار بکات.
لە لایەكی دیكەوە، پێویستە دەزگا میدیایی و ڕۆشنبیری و پەروەردەییەكان، بەرنامەیان هەبێت بۆ ئەوەی جیاوازییەکانی تابووری پێنجەم و خەمخۆرانی نیشتمان بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون بكەنەوە. خەڵك هۆشیار بكەنەوە لەسەر ئەوەی هەركەس باسی مافی خەڵكی كرد، مەرج نییە ڕاستگۆبێت، ڕەنگە پۆپۆلیست و موزایدەچی بێت و بیەوێت بە زمانی شیرین، خەونی هەنگوینی گەلەکەمان ژاراوی بکات.
كارێكی دی كە پێویستە دەزگایەكی تایبەتمەند و خەمخۆری مێژووی ئەم گەلە بیکات، بریتییە لە ئەرشیفكردنی هەموو ئەو لێدوان و نووسین و ئەرگۆمێنتانەی كە ئەو كەسانە لە شەڕی دەروونیی خەڵكی كوردستاندا بەكاریان هێنا، بۆ ئەوەی لانی كەم، نەوەکانی داهاتوو لە مێژووی ئەمڕۆی گەلەکەمان دانەبڕێن و لەم قۆناغەدا كێ سەنگەری دژایەتیی لە خەڵك و حكوومەتی كوردستان گرتبوو؟ ئەوانەی بەناوی (دڵسۆزی)ـەوە شەڕێكی دەروونی بێئامانیان دژی خەڵكی كوردستان دەكرد و بووبوونە داردەستی دوژمنانی نەتەوەی كورد، کێ بوون؟ لە هەمان کاتیشدا بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، كەسە ناوەرۆک بەتاڵەکان نەبنەوە هەرزەوەکیلی خەباتی گەلەکەمان و هەروا سووک و هاسان بەری ڕەنجی دڵسۆزان و پارێزەرانی خاک و خەڵکی کوردستانەکەمان نەخۆن.




