٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەغدا بەرەو تاکڕەوویی هەنگاو دەنێ چاوی بە هەولێر و فیدڕاڵیەت هەڵنایێ

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدرمولود 

لەکاتێکدا بڕیارە رۆژی سێشەممە 18-7-2023  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە داوەتی فەرمی سەردانی کۆماری ئازەربایجان بکات و لە باکۆی پایتەختی ئەو ولاتەدا لە گەڵ ئیلهام عەلیێفی سەرۆکی  وڵات  کۆببێتەوە. 

هەروا بریار وایە هەر رۆژی سێشەممە 18-7-2023 سباستیان لیکۆرنۆ وەزیری بەرگری فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە هەولێری پایتەخت. 

لە نێو گەرمە گەرمی ئەو بزاڤ و جوولە گرنگانەی تڕەفیکی سیاسیی و دبلۆماسیی  ئاسمانی هەولێردا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بەغدا هەواڵی ئەوە بڵاودەکاتەوە کەوا بۆ چەند کاژێرێک گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ڕاگرتووە. 

بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە هەر مەبەستێکی لە پشت بێ، هونەری و تەکنیکییش بێ بەدەر نییە لە نانەوەی نیگەرانی و پەشێوی و دڵەڕاوکێیی و بە کەم سەیرکردنی دەسەڵاتی ئاسمانی کوردستان و پێگەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، بەتایبەتیش فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەخت. 

بە شایەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ناوچەکە و جیهانی و تەواوی و کۆمپانیا پلە یەک و موعتەبەرەکانی جیهانی فڕۆکەوانی ئەوانەی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەغدا و هەولێر دا هەیە  شایەتی ئەو حەقیقەتە دەدەن کە هەموو پرسە پەیوەندارەکانی تایبەت بە گەشت و فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە ئاستی هەرە بەرزدایە و بە ستانداری جیهانی و پرۆفیشناڵی کارەکانی ڕایدەکات، بە پێچەوانەی فڕۆکەخانەی بەغدا هەر ئەوێ رۆژێ بۆ ماوەی چەندین سەعات تەزووی کارەبای لێبڕا و بووە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێیی. بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەغدا هەمیشە چاوی بە هەولێر هەڵنەهاتووەو لە داخی پێگە و کاریگەری سیاسی و لە داخی پێگەی بەهێزی کارگێری و ئابووری و ئارامی و ئاسایشی هەولێرەوە تا پێی کرابێ و بۆی لوابێت لە دژایەتی کردنی کوردستان و هەولێر درێغی نەکردووە و پیلانگێر و شەرنگێزانە ئاین و ئۆین و نەخشە و بەرنامەی  ناوخۆی عێراقی شۆڤینی و ئەجندای دەرەکی دەرهەق بە هەولێری پایتەختی کوردستان  جێبەجێ کردووە. 

ئەو هەواڵەی کاتژمێر 10:00ی ئەم شەو 17-7-2023ی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بەغدا، بە هەر بارێک لێکی بدەیتەوە دەچێتە نێو خانەی زنجیرە هەڵمەتە دژەکان، کە ماوەیەکە لە بەغداوە بە جۆر و شێوازی جیاجیا دژی هەولێر و کوردستان پیادەکرێ. جا ئەو دژایەتییە لە بنمیچی دادگاکەوە یا بنمیچی پەرلەمانەوە بووبێ، یا لە کۆڕ و کۆبوونەودا بێ یا لە نێوەندی ئاینیی دا وەک لەم دواییانەدا هەستی پێ دەکرێ وتاری رۆژانی هەینی نێو هەندێ لە مزگەوتەکانی ناوەراست و باشووری عێراق بە مەبەست دژی هەولێر و کوردستان دەوڕووژێندرێن. 

لەکاتێکدا جەماوەری گەلی عێراقیش ئەوانەی لە ناوەراست و باشوور سەردانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن وەک چاودێران لەو راستییە تێگەیشتوون کە ئەوانە هەموو نەزیرۆکن، بەغدا کوێرایی دایێ، وا خەریکە هەنگاو بە هەنگاو بەڕەو تاکڕەوویی و تۆتالیتاری دەسەڵاتی ناوەندی دەنێ و چاوی بە هەولێر هەڵنایێ.

 

هەولێر 17-7-2023

 

هەواڵی پەیوەندیدار