٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سیاسەت لە نێوان هێز و لۆجیکی عەقڵ دا

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فارووق

‏‎كەسایەتیی سیاسی دەبێ بەرپرسیار بێت و  دوور لە میزاج و هەڵچوون و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی ڕەفتار بكات، سیاسیی سەرکەوتوو، نابێ سۆز و خوو خاسیەتە تایبەتەکانی خۆی بەسەر لۆجیکی بڕیار و ڕەوتارە سیاسییەكانیدا، ڕەنگ بداتەوە، چونكە دواجار، هەم خەڵك و نیشتمان دەبنە قوربانی، هەمیش سیاسەت بە هاومتمانەی لاواز دەبێت.. كاك فازڵ میرانی گوتی: سیاسەت زانستە، نە میزاجە، نە کار و کاردانەوەیە و نه دەرگە داخراوەکانیشە.

‏‎لە‎ ژیانی سیاسیدا‌ کێشەکان هەتاهەتایی نین، هەموو تەنگژەیەک بە مەنتقی عەقڵی باشی سیاسی چارە دەبێت، بە مەرجێك لە فۆرمێكی ئاشیخوازانەدا بێت، ئاخر لە نێوان هێز و سیاسەتدا، دەبێت لۆژیکی عەقڵ بە سەر یاسا و رێسا و نۆرمەکان زاڵ بێت.

ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر زەمینی واقیعدا بەرپرسیارن لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەم گەلە، ناكرێت بڕیاری سەرپێی و توڕەبوون و حاڵەتی دەروونی بڕیار بدات لە كۆی پرۆسەی سیاسی نەتەوەیەك كە چاوی لەوەیە خزمەتی باشتر بكرێت و لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا بتوانێت بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت و مافەکانی دابین بكات.

لە ڕاستیدا ناكۆكی و هاوڕانەبوون و ململانێی سیاسی، دیاردەی هەرە باوی ناو پرۆسەی دیموكراسییە، خۆ ئەگەر حزبەكان هەموویان بەیەك شێوە بیربكەوەو سیاسەت بكەن، كەواتە یەك حزب بەسە و ئەوانی دی زیادەن! بەڵام گەلی كوردستان لە مێژە بڕیاری فرەحزبی داوە، حزبەكان پێویستە یەكتر قبوڵ بكەن و، پێكەوە بەرژەوەندییەكانی ئەم میللەتە و قەوارەی سیاسی کوردستان بیپارێزن.

هەر جۆرە هەڵەتێگەیشتن و ناكۆكییەكی لابەلا، ناتوانێت مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بسڕێتەوە، یان لە بایەخی هاوڕیزیی و هەماهەنگی و ڕێككەوتنی نێوانیان كەم بكاتەوە. ئەوەی لە كۆی مێژووی سیاسی كورد دێتە دەست ئەوەیە كە پێویستە لایەنەكان سیاسەتی دەرگەكراوەكان بەرامبەر یەكتر پەیڕەو بكەن؛ تا گەیشتنی كورد بە كەناری ئارامی، هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بكەن و سەرەڕای دیدە جیاوازەكان، پێكەوە بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار