٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

داگیركاریی فەرهەنگی، هەرەشەی داهاتووی پرسی نەتەوایەتی

سەرچاوە: KDP.info

رەشید مەلاعەلی كۆلەكی

هەرچەند ماوەیەكە بە ڕەواڵەت و بە شێوەیەكی كرداری هیچ شەڕێك لە ئارادانییە و لە ڕووی سەربازییەوە ماوەیەكە ئارامییەكی ڕێژەیی باڵی بەسەر بارودۆخەكەدا كێشاوە، بە دڵنیاییەوە كەس هیوا بۆ شەڕ ناخوازێت، بەڵام ئەوەی لە پشت ئەم ئارامییە سەربازییە دەگۆزەرێت، بەڕێوەچوون یان بەڕێوەبردنی دوو شەڕی بە دەنگ و بێ دەنگی مەترسیدار و هەرەشەئامێزی گەورەترە لە شەڕی سەربازی و شەڕی گەرم، كە بریتین لە شەڕێكی سیاسیی ئاشكەرا و بە دەنگ و هێرش یان داگیركاریی فەرهەنگیی بێ دەنگ و لە سەرخۆ.                

مەبەست لە نووسینی ئەم دێرانە باسكردنێكی كۆرتی ئەو شەڕە فەرهەنگی و كلتوورییە كە لە ناوچەكە بە گشتی و كوردستاندا بەتایبەتی بەڕێوەدەچێت و ناوچەكە ڕووبەڕووی هێرشێكی بەربڵاوی كلتووری و فەرهەنگیی بووتەوە، بەڵام سروشتی كاری فەرهەنگی لە بێ دەنگی و بە نهێنی بەڕێوەچوونی دایە، بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەری هەرەشە و شەڕە جیاجیاكاندا لەسەر كۆمەڵگاكاندا بەڕوونی دەركەوتووە كە هیچ شەڕ و هەرەشە و مەترسییەك وەك داگیركاری و هێرشیی فەرهەنگی كار لە سەر كۆمەڵگا ناكات و كۆمەڵگا لەبەر یەك هەڵناوەشێنێتەوەو ئاسەوارەكانی بەجێ ناهێڵێت. هێرش و داگیركاریی فەرهەنگی بنیاتی كۆمەڵگا و شیرازەی خێزان و عەقڵ و هۆش و بیری تاكەكان لە بنەڕەتەوە لە بەر یەك هەڵدەوەشێنێتەوە و هەڵی دەتەكێنێت و بەردی بەسەر بەردەوە ناهێڵێت.                                  

من ئێستا و لەم قۆناغەدا زیاتر لە كاتی شەڕی گەرم و سەربازی هەست بە مەترسی و كاریگەری و ئەنجامەكانی ئەم هێرشە فەرهەنگییە دەكەم بۆ سەر پرس و بابەتی نەتەوەیی لە داهاتوودا و بە مەترسیی جددیی دەزانم كە لەم قۆناغ و بارودۆخەدا ڕووبەڕوومان بووتەوە. بەڵام لە هەموو كۆمەڵگاكاندا داگیركاریی فەرهەنگی پڕۆسەیەكی درێژخایەن و بەردەوام و بەشاراوە مانەوەیە و لە ماوەیەكی زوو و كۆرت خایەن دا هەستی پێ ناكرێت.                                               

داگیركاریی فەرهەنگی جۆڵەیەكی شاراوەو بە سیستماتیك و ڕێكخراو و بە بەرنامەڕێژییەكی دەقیق و ووردە بە سوود وەرگرتن لە هەموو شێوەو ئامراز و توانا و ئیمكاناتە جیاجیاكان بە مەبەستی لاوازكردنی باوەڕ و بیروڕاكان، گۆڕانكاریی بەهاكان و بەلاڕێدا بردنی بیروبوچوونەكان و سەراوژێركردن و ئاوەژووكردنی داب و نەریت و لەناوبردنی بەها ئەخلاقییەكانی كۆمەڵگایەك. 

هێرش و داگیركاری فەرهەنگی دەبێتە هۆی كەمكردنەوەو بەرتەسك كردنەوەی گۆڕەپانی بیركردنەوە و تێڕوانین و عەقڵ و فەرهەنگ و كلتوور و شارستانییەتی نیشتمانی و نەتەوایەتیی نەتەوە و كۆمەڵگای بەئامانج كراو، لە ئەنجامدا لاوازكردن و بچووك كردنەوەو كەمكردنەوەی كەسایەتیی مرۆڤیی داگیركراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئالۆگۆڕی فەرهەنگی و داگیركاریی فەرهەنگی دوو بابەت و دوو شتی تەواو لێك جیاوازن، ئالۆگۆڕی فەرهەنگی دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتری فەرهەنگیی كۆمەڵگایەك و دۆستایەتیی زیاتری نێوان نەتەوە خاوەن فەرهەنگە جیاوازەكان، بەڵام داگیركاریی و هێرشی فەرهەنگی یەك لایەنەیە و بارودۆخەكە بە سوودی داگیركارە فەرهەنگییەكە بە كۆتا دێت. 

داگیركاری و هێرشی فەرهەنگی، جیاوازییەكی گەورەو بەرچاوی لە گەڵ داگیركاریی سەربازی و ئابووری هەیە و تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەم تایبەتمەندییە تایبەتانە پێویست دەكات بە جددی ڕووبەڕووی داگیركاریی فەرهەنگیی ببینەوە.

بەشێكی ئەم تایبەتمەندیانە بریتین لە:

1- شاراوەیی بوون و هەست پێنەكراو

جیاوازی و جیاكاریی سەرەكی هێرش و داگیركاریی فەرهەنگی لەگەڵ هێرش و داگیركاریی سەربازی هەست پێنەكردن و شاراوەیی بوونی داگیركاریی فەرهەنگییە، لە داگیركاریی سەربازیدا دوژمن بە كەل و پەل و ئامرازی سەربازی و چەك و تۆپ و تانك و مۆشەك و فڕۆكە دێتە گۆڕەپانی شەڕ، بەڵام پێكان و داگیركاریی فەرهەنگی پێویست بە لەشكركشیی سەربازی و خەرجی زەبەڵاحی سەربازی نییە، لەم هێرش و داگیركارییەدا چەكی دوژمن بریتییە لە كۆمەڵێ ئامرازی یاسایی و كاریگەری وەك فیلم و دیدار و قسەكردن و چاوپێكەوتنەكان، چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب و گۆڤار و وێنە و شیعر و چیرۆك و شانۆگەری، هەموو ئەم جۆرە هێرش و داگیركارییانە لە چوارچێوەی ئازادیی ڕاگەیاندن پەخش و بڵاودەكرێتەوە كە بە پلەی یەكەم مەبەست لێی لە بەریەك هەڵوەشاندنەوەو لەبەر یەكهەڵتەكاندنی بەها ئەخلاقی و بابەت و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی نەتەوەیەكە، دوای ماویەك كەش و هەوایەكی تایبەت دێتە ئاڕاوە كە تاك بە كەم و سووك سەیری هەموو كلتوور و بەهاكانی بكات، بە واتایەكی تر داگیركاری فەرهەنگی و كلتووری دەبێتە هۆی لە "خۆبێگانەبوونی تاك" بە واتای ئەوەی لە هەموو شتەكانی بێگانەیە و تاك لە خۆی و كۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتمان و گەلەكەی بێگانە دەبێت، غافڵ لەوەی كە داگیركراوە.

تایبەتمەندییەكی مەترسیداری هێرش و داگیركاریی فەرهەنگی ئەوەیە كە ئەنجام و كاریگەرییەكانی زۆر دوادەكەوێت و بەزوویی دەرناكەوێت و كۆمەڵگا درەنگتر هەستی پێ دەكات، كاتێك هەستی پێ دەكرێت كە كاریگەرییەكی زۆری كردووتە سەر كۆمەڵگا.       داگیركاریی فەرهەنگی وەك بۆمەلەرزەیەك وایە كاتێك دێت بنیات و باڵاخانەی كلتووری نەتەوەیی و نیشتمانی نەتەوەیەك دەڕۆخێنێت كە چارەسەركردنی بە ئاسانی نابێت.

2- درێژخایەن بوون و دواكەوتوویی

وەك چوون ئەنجامەكانی داگیركاریی فەرهەنگی لە درێژمەودا دەردەكەوێت بەو شێوەیەش كاریگەریەكانی درێژخایەن و درێژ مەودان و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەمێنێتەوە و بە ئاسانی لە ڕۆح و گیان و دەروون و بیر و ناوەڕۆكی كۆمەڵگا دەرناكەوێت، بەپێچەوانەی داگیركاری سەربازی كە ئاسەوارەكانی بە زوویی هەڵدەگیرێت، تووی داگیركاری فەرهەنگی بۆ چەندین نەوە دەمێنێتەوە.

3- بەڕەگ و ڕیشەیی و قۆڵی بوونی داگیركاری فەرهەنگی

ئەگەر فەرهەنگ بە بەردی بناغەی هەر كۆمەڵگا و شارستانیەتێ بژمێردرێت (كە هەر وایە) و هەروەها كاتێك فەرهەنگ وەك خوێنێك لەبەرچاو بگیرێت كە بە كۆی ڕەگ و ڕیشەی سیاسیی و ئابووری و تاك و كۆمەڵایەتیی پێكهاتەی كۆمەڵگادا دەسۆڕێتەوە، زیاتر هەست بە كاریگەرییەكانی داگیركاریی فەرهەنگی دەكرێت. داگیركاری فەرهەنگی هەوڵدەدات ئەم بەردە بناغەیە بە ئاڕەزووی خۆی و لەبەر بەرژەوەندیی خۆی بنیات بنرێت و داهاتووی كۆمەڵگا لە بەرژەوەندیی خۆی بنیات بنێتەوە.           

ئەوەی هەستی پێدەكرێت لەم قۆناغەدا ناوچەكە بەگشتی و گەلی كورد و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بەردەم هێرش و داگیركارییەكی فەرهەنگی و كلتووری تەواو دایە و لە زۆر لاوە هەوڵی داگیركردنی كوردستان و گەلی كورد دەدرێت لە ڕێگای داگیركردنی فەرهەنگی و كلتوورییەوە بەبێ ئەوەی خۆمان هەستی پێ بكەین یان حسابی بۆ بكەین، بەڵام بە پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەكی سەرپێی ڕووداوەكان و تێگەیشتن و دەربڕینی ووشەكان لەلایەن تاك و هاووڵاتیانەوە (ئەڵبەتە هەموو شتێك ڕێژەییە) هەست بەم هێرش و داگیركارییە فەرهەنگی و كلتوورییە دەكرێت، كەمڕەنگ كردن و كەم بایەخ كردنی پرس و بابەت و پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لەبەرچاو كەوتنی بەها كۆمەڵایەتییە ڕەسەن و نەتەوەییەكان، كەم بایەخدان بە زمان و ڕۆشنبیری و جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی، كەمبوونی ناوی كوردی لەناو منداڵە تازە لەدایك بووەكان، لاوازبوون و كەم بایەخ بوونی شێرازەی خێزان و دووركەوتنەوەی دەروونیی ئەندامانی خێزان لە یەكتر، زۆر بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و.....هتد دەرئەنجامی ئەو هێرش و داگیركارییە فەرهەنگییەن كە لەم قۆناغەدا ڕووبەووی كوردستان و گەلی كورد بووتەوە، ئەگەر هەوڵێكی جددی نەدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرش و داگیركارییە فەرهەنگییە، كاریگەری و ئاسەوارەكانی لە داهاتوودا زیاتر دەردەكەوێت.            

بۆیە پێویستە بە پلەی یەكەم پارتە سیاسییەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و حكوومەت و مامۆستایانی پەروەردە و سەنتەرە ڕۆشنبیری و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان بەتایبەت ئەوانەی لە بواری كلتوور و فەرهەنگ كاردەكەن ڕووبەڕووی ئەم هێرشە فەرهەنگییە ببنەوە و هەوڵێكی تەواو بدرێت بۆ ئەوەی سەر لە نوێ تاكی كورد بە فەرهەنگ و داب و نەریت و كلتووری كوردی و نیشتمانی گۆش بكرێت و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لەبەرچاو ڕێزلێگیراو پیرۆز بكرێتەوە و كەسایەتی كوردیی بە كوردان و بە كوردیی بنیات بنرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەی بەرگری فەرهەنگی و ڕووبەڕووی هێرشی فەرهەنگی ببینەوە.                                                  

 

هەواڵی پەیوەندیدار