ئەی رەقیب، لە نێوان بەها و ئایدۆلۆژیەتدا

بڵند نەوڕەس
سرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب کە لەلایەن دڵداری شاعیرەوە نوسراوە و شێخ حسێن بەرزنجی ئاوازەکەی بۆ داناوە، وەک شاکارێکی نیشتیمانی خۆی هێشتۆتەوە.
کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ زیاتر لە ٨٠ ساڵ و بە قۆناغەکانی دروستبوونی ئەم سرودەدا دەچینەوە، کۆمەڵێک راستی گرنگ رووندەبێتەوە کە شایەنی باسکردنە، راستە دڵداری گەورە، شیعری ئەم سرودەی نوسیوە، بەڵام کاتێک شێخ حسێن بەرزنجی ئاوازی بۆ دادەنێت، دەقەکە لە شیعرەوە دەگوازێتەوە بۆ سرود، دواتریش تەشەنە دەکات و دەبێت بە سرودێکی نیشتیمانی گشتگیر.
رەهەندە گرنگەکە لەوەدایە کە شێخ حسێن خۆی بیروباوەڕی چەپی هەبووە و بڕوای بە رەوتی کۆمۆنیستی هەبووە، بەڵام پاش دانانی ئاواز بۆ شیعرەکەی دڵدار، ئەم سرودە لە تەکییەی قادری و لە خانەقای نەقشبەندیدا وەک سرود قبوڵدەکرێت و بەردەوام دەگوترێتەوە، هەر لە تەکییە و خانەقاکانەوە دەچێتە دەرەوە، پاشان سنوری جوگرافی ناوچەیی بڕیوە و لە کۆماری کوردستاندا لە مهاباد وەک سرودی نیشتیمانی ناسێنراوە و بە شانازییەوە وتراوەتەوە، پاشان بە پارچەکانی تری کوردستاندا بڵاوبۆتەوە و لە ئێستاشدا سرودی نیشتیمانی و مارشی فەرمی هەرێمی کوردستانە.
ئەم هاڕمۆنییەتە لە نێوان بیروباوەڕی چەپی شێخ حسێن و قبوڵکردنی سرودەکە و وتنەوەی لە تەکییە و خانەقاکاندا، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئاستی هۆشیاری ئەوکاتی تاک و کۆمەڵگەی کوردی چەند پایەبەرز بووە و دوور بووە لە دەمارگیری کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئایدۆلۆژی، بەڵکو وەک ئامرازێک سەیرکراوە بۆ گەشەکردنی بیری کوردایەتی و کوردستانی، سەرەڕای جیاوازی تێڕوانینە ئایدۆلۆژی و ئاینییەکان.
کاتێک بەراوەردێکی دروست بۆ ئەوسا و ئێستای قبوڵکردنی سرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب دەکەین، باش لەوە تێدەگەین کە ئێستا رەوتێک هەیە بەرگێکی ئایدۆلۆژی و ئاینی دەکەن بە بەری ئەم سرودەدا و دەیبەستنەوە بە بیرکردنەوەی تەسک و دەمارگیری کەسی خۆیانەوە، جا یان رەتی دەکەنەوە یان لە بەری هەڵناستن یان داوای لابردنی دەکەن، لە کاتێکدا هەر هەمان سرود قۆناغەکانی تەسەوف و تەکییە و خانەقاکانی بڕیوە ئەوکات بڵاوبۆتەوە بە شایستەییەوە!
ئەم نمونەیە یەکێکە لەو نمونانەی کە پێمان دەڵێت قەتیسبوونی بیروباوەڕ و قبوڵنەکردنی یەکتر و تەسکبوونەوەی مەوداکان و بە سیاسیکردنی زۆربەی جومگەکان چ گۆڕانکارییەکی نەرێنی بەرهەم دەهێنێت لە کۆمەڵگەدا و چۆن کاردەکاتە سەر شیرازی کۆمەڵایەتی و چ رەوایەتییەک دەدات بە نەوەکانی داهاتوو بۆ رەتکردنەوەی بەها نیشتیمانییەکان بە پاساوی دۆگمایی و تەسکبینی و بە سیاسیکردنی ئاین.
هەر بەهایەکی نیشتیمانی کە رێککەوتنی گشتی و فراوانی لەسەربوو، هەروەها بە رێڕەوەکان و قۆناغەکان و وێزگەکانی مێژوودا هاتبێت، ناکرێت بە پاساوێکی ئایدۆلۆژی یان ئاینی یان سیاسی چەپ و راستی بەسەردا بهێنرێت و خاڵی بکرێتەوە لە سەنگ و بەها هەمەچەشن و فرە رەهەندەکانی.
سرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب هاوتای ئاڵای کوردستانە و رێککەوتنێکی خۆڕسکی گشتی لەسەرە و بە فەرمی وەک سرودی نیشتیمانی کوردستان ناسێنراوە و هێزێکی مێژویی و ئێستایی لە پشتە، بۆیە هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.




