٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسرور بارزانی .. پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە

سەرچاوە: KDP.info

مەسرور بارزانی .. پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە بەسەر ئەستەم و ئاڵنگارییەکاندا سەردەکەوێ و پڕۆژە ستراتیژییەکان ڕادەگەیێنێ 

د.محمد خدر مولود  

کاتێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستاندا  بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پێشکەش کرد بە بڕوا و متمانەبەخۆ بوونەوە بڕگەکانی بەرنامەی کارەکەی دەخوێندەوە و دڵنیایی ئەوەشی دەدا، کە بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکاندا زاڵ دەبێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتێکدا لەدایک بوو، لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و شکستی هێرشبەرانیان لە پردێ و سحێلا، بەردەوامی لە بڕینی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی کوردستاندا هەر جارێ بە ئاین و ئۆن و هەنجەتێکی بەغداوە، پلان و ئەجندای هەمیشەیی هەمەجۆری ئامادەی دەرەکی و ناوخۆی دژە کورد و دژە کوردستان، ڕووداوی پێشبینی نەکراوی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کۆڤید 19 و تەشەنەسەندی، لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت، هەموو ئەوانە کۆسپ و  لەمپەر و ئاستەنگ بوون لەبەردەم نەخشە و بەرنامەی چاکسازی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریدا تا ئەو دروشمەی خودی سەرۆک وەزیران کە بەرنامەی کاری کابینەکەی لەو پێناوەدا دایرشتبوو، نەخشەڕێگای گەیشتن بە (کوردستانێکی بەهێزتر)، سەختتر و و دژوارتر بێ.   

ئەوسا، چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ کاتێ مەسرور بارزانی بەرنامەی کاری کابینەی حکومەتەکەی راگەیاند، بەرێزیان دەیزانی و هەستی پێکردبوو (نەخشەڕێگای گەیشتن بە کوردستانێکی بەهێزتر) گوڵڕێژ و راخراو نییە بە فەرشی سوور، بەڵکو دژواری و ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە، پلان و ئەجندا دژەکان لە بەغدا و لەو دیو سنوورەوە هاوتەریبی نەخشە ڕێگایەکەی ئەون و تا بکرێ و بۆیان بلوێ و برەخسێ ئەوانیش لە ململانێ  و ڕووبەرووبوونەوەی دادەبن و دەبنە ئاستەنگ و لەمپەری هەمەجۆر.

بۆیە لە بەرامبەر ئەمەدا کەسان و لایەن هەبوون گرەویان لەسەر شکستی  حکومەتەکەی و تەنانەت کەسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش دەکرد.

ئەو هەموو گرفت و تەنگژەو قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداریی و میدیا و سۆشیاڵمیدیا ئاراستەکراوانەی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا هاتنە پێش و وەک فابریقەیەکی زەبەلاح بەگڕ کەوتبوون، گەر بیانژمێرین کەم نەبوون، تا بتوانن تۆوی ڕق و کینە و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و نا ئارامی و تەنانەت ترس و تۆقاندنیش لە نێو ناخی یەک بە یەکی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی دا بچێنن و بڕوێنن. 

لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، ئەجندا دژ و ناحەزەکانی بەغدا و هاوکوفانی لە نێو سنوور و ئەودیوی سنووردا کە خۆیان لە دادگای فیدڕاڵی عێراق دەبینییەوە چما نەیکەن..؟ چ نا دەستووری و نا یەکسانی و نادادپەروەرییەک ما نەیکەن..؟ هەر بۆ هیچ نەبووبێ، تەنیا بۆ ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی کورد و ئەزموونی حوکمڕانی کوردستان و حکومەتەکەی و ناشیرین و ناوزراندنی کابینەکە نەبێ. 

لە بەرامبەردا حیکمەت و وردبینی و ئایندەبینی و ڕوانین و ڕامانی بەرپرسانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم هەموو ئەگەر و پێشهات و خەیاڵ پڵاوی و گرەوەکانی خاوەن ئەجندا دژەکان گۆڕەوشار کردەوە. 

مەسرو بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە سەڵماندنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژاندنەوەی ئابووری، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئاینزا، بۆ دیموکراسیەت و قبوڵکردنی رای بەرامبەر، بۆ تەبایی و مافەکانی ژیانی موزایکی  کوردستانی ڕوون و ڕەوانە، پشت و پەنا و پشتیوانە، ئاوریشمییە و خاوەن میتۆد و هەڵگری کەلتوری باوباپیران و رێبازی پارتی و بارزانییە، ڕاشکاو و ڕاستگۆیە، بوێر و ئازا و زرنگە.

بە دیوەکەی تریش مەسرور بارزانی پۆڵایینە بۆ گەندەڵی و قۆرغکاری و ناحەز و نەیاریش وەک ژمارەیەکی سەنگین سەیری دەکەن.

نهێنی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەر لەوەدانییە وەک هەندێ لە چاودێران تەنیا وای دەبینن کە کوڕی گەورەی سەرۆک و ڕابەر و پێشمەرگەی کوردستان مەسعود بارزانی یە، ئەو خاڵە و ئەو بۆچوونە گەر هۆکارێکی بۆماوەیی و کەلتوری پێشینەی باوانیش بێ بووبێتە خاڵێکی سەرکەوتن، بەڵام کەسایەتی و هەڵکەوتوویی ئەو و ئەزموونی کاری سیاسیی و دبلۆماسیی و چاوکراوەیی و ژیری و بوێری و نەترسان  لە ئەرک و پۆستی ئیداری و سیاسیی و پاراستنی ئاسایشی کوردستاندا لە سەردەمە سەختەکاندا، گەواهیدەری  ئەو ڕاستییەن. 

هەروا گەواهی ئەو سەرکەوتن و ئەو سەرکردایەتییە حەکیم و ژیرانەشی بۆ دەدەن کە رابردوویەکی بەرپرسانەی مەزنی هەبووە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بۆ پاراستنی سەرفرازی و شکۆ و بەرز راگرتنی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلێکی ستەم دیدەی وەک گەلی کوردستان و بۆ ئایندەی ئەو گەل و نەتەوەیەش هەژموون و فشار و قەیران و تەنگژەکان نه‌بوونەتە لەمپەر و بەربەستی  بەردەم ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەی زیاتری کوردستان، بەڵگە و گەواهی نزیکیش بۆ ئەم راستییانە کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر، دانانی بەردی بناغەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین لە بناری سەفین و دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە هەولێر و ئیتریش.   

هەولێر 25-6-2023

هەواڵی پەیوەندیدار