٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئاراس .. لە نەستەلۆژیای نەتەوەییەوە بۆ دیفاکتۆی سەرکەوتن

سەرچاوە: KDP.info

د. محمد خدرمولود

76 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ وشەی (ئاراس) و واتەکەی هاتۆتە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەبیاتی شۆرشگێری و نیشتیمانی نەتەوەیی کورد و کوردستان.

خودی وشەکە ناوی گەورەترین رووباری ناوچەی قەوقازە کە درێژییەکەی( 666) میلە. نەتەوەکانی ناوچەکە کورد و تورک بە (ئاراس) گۆ- تەلەفوزی دەکەن و فارس بە (ئارس) و ئازەر بە (ئاراز) و ئەرمەنییەکانیش وەک یۆنانییەکان بە (ئاراکس) گوزارشتیان لەو رووبارە مەزنە هاوبەشە کردووە کە دەرژێتە نێو سنووری وڵاتانی تورکیا و ئەرمینیا و ئێران و ئازەربێجان. 

لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەم وشەیە (ئاراس) لە دوای رۆژی 18-6-1947 وە مانا سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و مانای (ئاماژەیی و هێما و سیبمبوڵی) وەردەگرێیت و لە نێو زانستی زمانەوانی و میدیایی دا بۆ مێژوو دەبێتە سیمۆلۆژیا و سیماتیک و بە روخسار و سیما و ناوەرۆکێکی دیکە خۆی دەرازێنێتەوەو دەبێتە ناوێکی ماناداری ئاماژە بە پرۆسەیەکی نیشتیمانی شۆرشگێڕی.

قەدەری کورد لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە 1947 هەروا کەوتەوە کە هزر و نەخشە و پیلان و پلانی وڵاتانی زڵهێز و داگیرکاران لە هزر و نەخشە و دبلۆماسیەتی کورد بەهێزتر و کاریگەرتربێ، مەهابادیش بە گەمەی سۆڤیەتی لەناو بچێ و شکست و نشوستییەکی تر دوای شکستیەکانی شێخ مەحمودی حەفیدزادە و شێخ عه‌بدولسەلام بارزانی و پێشتریش شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری قەدەر و چارەنووسی کورد بخاتە بەردەم دووڕیانی (خۆبەدەستەوەدان - خۆچەماندنەوە) یا (بەرخودان و بەردەوام بوون). 

لەو نێوەندەدا بارزانی نەمر، وەک زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە ئەدەبی و مێژوویی و دیکۆمێنتییەکان ئاماژەیان پێداوە خاوەنی ستراتیژیەتیی رابەرایەتی کردن و ئایندەخوازی بووە و هەمیشە (بەرخودان و بەرگری) بۆ مانەوەو درێژە پێدان بە خەباتی وەک دیفاکتۆ و ئەڵتەرناتیفی سەرکەوتن بینیووە و هیچ کاتێ هزری (چەمانەوەو خۆبەدەستەوەدان)ی وەک ئەگەری (مانەوە و بەردەوام بوون)هەڵنەبژاردووە. 

بۆ سەلماندنی راستی ئەم بۆچوونەش ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی مستەفا بارزانی لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانی بارزاندا لە ناوچەی بارزان و بەرخودان و بەرگری قارەمانە لە کۆماری کوردستان - مەهاباد 1946 لە شەڕی قارەمانانەی (قاڕاوە) دا باشترین بەڵگەی زیندوون کە مستەفا بارزانی خۆی بەدەستەوە نادات و بۆ رۆژگاری جەور و ستەم و دژوار ناچەمێتەوە.

هەرواش کەوتەوە، دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و شکستپێهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بارزانی خۆی بەدەستەوە نادات، داوا لە پێشەوا قازیش دەکات پێکەوە درێژە  بە خەبات و تێکۆشان بدەن و خۆی بەدەستەوە نەداو بە شێوەیەکی کاتی مەهاباد جێ بهێڵێ و بە شێوەیەکی دیکە درێژە بە خەبات بدات جا گەر بارودۆخی پێشەوا جیاوازبووبێ یا دیسان قەدەری کورد وای بۆ کۆماری ساوا نەخشاندبێ، ئەوەیان بابەتێکی دیکەی تایبەتی شۆڕشگیڕی و هەڵوێستی نیشتیمانییانەی تایبەت بە پێشەوا قازی محه‌مه‌دە هیچ تێگەیشتنی دیکەی دژە نیشتیمانانەی دژ بە ڕۆڵی مەزنی پێشەوا هەڵناگرێ.

گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ عێراق و شەڕ و پێکدادانی دژوار لە سەر سنوور لە گەڵ ئێران - عێراق - تورکیا و پەڕینەوە لە رووباری ئاراس و چوونە نێو خاکی سۆڤیەت، داستانێکی قارەمانانەیە لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا لە کات و ساتی خۆیدا 76 ساڵ بەر لە ئەمرۆ جیهانی بەخۆیەوه‌ سەرسام و خەریک کرد. بە جۆرێ وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و ناوچەکە پەند و وانەیەکی کوردی كوردستانی بۆ بەرخودان و بەرگری و مانەوە لە مستەفا بارزانیەوە وەربگرن و بۆ ئایندەی پرسەکە وەک ژمارەیەکی سەنگینی هاوکێشەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. 

ئیدی لەوێ رۆژێوە، ژیانی بارزانی نەمر و یاوەرانی شۆڕشگێری لە شاران و وڵاتانی سۆڤیەت لەگەڵ گرفت و چەرمەسەرییەکانی (باقیرۆف)ەکانی ئەوسا دا ئەوە (ئاراس) ناوە سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و دەبێ بە نازناو و ناونیشان و سیمبول و هێمای مانەوەو بەردەوام بوون بۆ بەرخودان و مانەوە وەک دیفاکتۆ و ئەڵتەرناتیفی سەرکەوتن. 

ئاراس، لە رۆژی 18-6-1947 بەدواوە وە بۆ کورد داستانە، ڕەهەندی شۆڕشگێڕی و بەرخودانی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەروا ئەدەبی بەرگری و شۆرشگێری وەرگرتووە و ئامادەیی کارا و زیندووی لە نێو هزری تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی و ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری کوردستانی دا هەیە.

ئاراس و داستانی پەڕینەوە، لەوساوە بۆ بارزانی باوک بۆتە رابەرایەتی کردنی پرسی مەزنی کوردستان و لە نێو هزر و مێژوودا نەک هەر نەستەلۆژیای نەتەوەییە، بەڵکو دیفاکتۆی شۆرشگێری چەسپاوە، هێما و سیمبوڵی بەرخودان و سەرفرازی نیشتیمانی و سەروەت و سامانێکی شۆرشگێڕی مەزنە بۆ بارزانی کوڕ و بارزانییانی نەوەی سەردەم. 

لەم ڕوانگەیەوە دەبێ هەردەم دەبێ وا سەیری (ئاراس) بکەین و بیخوێنینەوە:

پەڕینەوە لە (ئاراس) ڕیفڕاندۆمی سەرفرازی و خۆنەچەماندنەوەی نیشتیمانی گەل و نەتەوەیێکە، کە 76 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بۆ عەوداڵی سەربەخۆی سنووری زەبەلاحی پڕ لە مەترسی سێ وڵاتی ترسناکی جیهانی بڕی و بە دەستێکی پۆڵاین لە دەرگای کرملینی دا.

ئاراس بۆ ئەمڕۆ، وانەی مێژوویی شۆڕشگێڕیی تەواوی کوردستانیانە هەڵسانەوەی نێو نشوستییە، پۆست مەهابادە و بە پەیامی گەرماوگەرمی چوارچراوە هێنانە ئارای دەرفەت و هەل و مەرجی تازەیە بۆ سەرفرازی و سەربەخۆیی بۆ کورد و لە قۆناغی ئەمرۆی  دوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە 2017 وە بۆ ئێستا و لەمڕۆوەش بۆ ئایندە. نەستەلۆژیایی نەتەوەییە گەر دیفاکتۆ و ئەڵتەرناتیفەکانی ئەمرۆ لە چاو ئەوێ رۆژێی  پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس دژوارتریش بێ و دەوروبەریش پڕاوپڕی (جەعفەر باقیرۆف - بارگینۆف ) بێ خۆری ئازادی و سەرفرازی بۆ کورد نزیکە و دوور نییە. 

هەولێر 20-6-2023

هەواڵی پەیوەندیدار