بەغدای خاتوو حەلیمە لە بەردەم ئایندەیەکی نادیاردایە

د. محمد خدر مولود
بەغدای ئێستا پێک دێت لەو زنجیرە بڕیارانەی نێو بنمیچی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەرهەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی تا ئەو بڕیارانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دراون. هەروا بەو بڕیارانەی لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتەکەی شیاع سوودانیەوە تا دەگاتەی بڕیاری رۆژی 21-5ی کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تەمەنی درێژکراوەی یەرلەمانی کوردستانە لەلایەک.
لەولاوەش لە بنمیچی پەرلەمانی عێراقەوە بە دەستکاری کردن وهەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئیرادە، لە پرۆژەی بودجە دا، چ لە مادەی 13و لە هەمووان گرنگتریش مادەی 14 یە بە برگەکانییەوە، سەرباری مادەکانی دی پرۆژەکە کە تەژییە لە گرفت و ئاستەنگ نانەوە و گرتنەبەری رێ و شوێنی ( یاسای گەڵەگایی زۆرینەی پەرلەمانی ) و وەلانانی هاوپەیمانی و شکاندنی وەعد و بەلێن و پێشێلکردنی هەموو جۆرە رێککەوتنێ، بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدای رۆژی 5ی نیسانی 2023 وە یش.
هەموو ئەمانە سەرەتای دارشتن و بەرنامە رێژین بۆ لاوازکردن و کۆنترۆڵکردن و لە قاڵبدانی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەو بڕیارانەی لە ژێر هەردوو بنمیچی (دادگای فیدرالی و پەرلەمانی)دا لە بەغدای عێراقی تازە دراون و دەدرێن و لە نێو ئەو تەوەرە دەخوڵێنەوە کە ماوەی چەندین ساڵە رێک لە دوای پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا و دوای شکستیان لە پردێ و سحێلادایە. بەغدا لە بەغدای مالیکی وعەبادییەوە تا رۆژی ئەمرۆ، ئەوە هەر ئەو بەغدایە (بەغدای خاتوو حلیمە، زوو زوو دەگەڕێتەوە سەر عاداتی قەدیمە) و لە دەرفەتێک دەگەرێ تۆڵەی شکستی 16 ئۆکتۆبەر بکاتەوە و گورزی کەمەر شکێن لە هەولێر بوەشێنێ و بە جیاکردنەوەی سلێمانی لە کوردستان قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکا و نیشتیمانی کوردان دوو لەت بکات.
ئەوەیان جوولەی ئێستای بەغدایە بەرامبەر ئایندەی هەرێمی کوردستاندا لە نێو (سەنگەری پەرلەمانی و دادگایی) دا چێنراون بە کۆمەڵێک تەونی پیلانگێڕی ناوخۆ و دەرەکی بە ناوی ماددە و برگەی یاسایی دادگایی و پەرلەمانی خۆیان مەڵاس داوە.
لە کاتێکدا، بەغدا خۆی لە بەردەم ئایندەیەکی نادیاردایە و ئەو بنەمایانەی عێراقیان سەر لە نوێ لە دوای 2003وە لەسەر بنیاتناوەتەوە هەرەشەیان لەسەرە، بە جۆرێ ئەو وڵاتەی ناوی عێراقی خاوەن سیادە و سەربەخۆییە ...!! لەژێر مەترسی دایە ..
چونکە زۆربەی بنەما دەستوورییەکان وەلانراون و بە جۆرێک هەژموون و دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی تاران بە سەر حکوومەت و پەرلەمان و دادگاوە لە بەغدا رۆژ بە رۆژ لە هەڵكشاندایە و بۆ کاتی یەکلایکردنەوەی پرسە گرنگ و هەستیارەکاندا هەر دەبێ گوتاری تاران دوا قسە و بڕیار بێ.
عێراقیک ئەوە حاڵی بێ و رۆژ بە رۆژ هێزە هاوپەیمانەکانی سەر بە ئێران لە بەغدا دەسەڵاتی تەواویان بەسەر پەرلەمان و دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی جێبەجێکاری- ئەنجوومەنی وەزیران دا زاڵ بێیت، هەژموون و فشاری ئێرانی رۆژانە لە هەڵكشاندا بێ و وەک جەیک سۆلۆڤیان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا گوتەنی:
عێراق وێڕای ئەوەی سێیەمین گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتە لە جیهاندا ئایندەی نادیارە و بەرەو داروخان دەچێ.
هەولێر 10-6-2023




