روانگەی چارەسەر روانگە راستەکەیە

دیدار و نیوەڕۆخوانی نێوان رێزداران مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆتایی بەو گرژیانە هێنا کە زیاتر لە شەش مانگە بەرۆکی هەموو لایەکی گرتووە.
تەنها وێنەیەکی دەم بە بەخەندەی هەردوو بەڕێزان بەسبوو بۆ ئەوەی شەڕی میدیایی رابوەستێت و دڵنەوایی بگێڕێتەوە بۆ خەڵک و ترس لە بازاڕ ببڕێت و ئارامی دەروونی دەستەبەر بکاتەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
پارتی و یەکێتی هەموو قۆناغێکییان لەگەڵ یەکتریدا تاقیکردۆتەوە بە تاڵ و شیرینەوە، بەڵام هیچ قۆناغێک وەک قۆناغی پێکەوەیی و ئاشتەوایی سودی نەبووە بۆ هەردوو لاو بۆ خەڵکی کوردستانیش.
بەرهەمی ئاشتی و یەکڕیزیش هەمیشە دەستکەوت بووە بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان.
رابردوو گەواهیدەدات کە لە هەموو ناکۆکییەکاندا هەمیشە دەنگێکی زوڵاڵ و بەرز و رێزلێگیراو هەبووە و هەیە کە جاڕی ئاشتەوایی و یەکڕیزی و یەک دەستی دەدات، ئەویش رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
ئەو توانیویەتی بە یەک مەودا لە نێوان سەرجەم لایەنە کوردستانییەکاندا بوەستێت و هەمیشە روانگەی چارەسەری پێ باشتر و لەپێشتر بووە لە هەر روانگەیەکی تر، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز ماندوو نەبووە و نابێت لە پێشکەشکردنی چارەسەردا بۆ سەرجەم کێشەکان.
بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکان چەند گەورەبن و چەند درێژە بکێشن، دواجار دەبێت لە خاڵێکدا بوەستن و چارەسەربن، ئەو خاڵەش گفتوگۆیە، گفتوگۆیەک کە گرنگ نییە ئاکامەکەی چی دەبێت بۆ پارتە سیاسییەکان، بەڵام گرنگ ئەوەیە خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان تیایدا سودمەندبن، ئەمەش ئەو روانگەیەیە کە پشتی پێدەبەسترێت بۆ چارەسەر و لە ئەزموون و تێگەیشتن و تاقیکردنەوەوە ئەم دەوڵەتمەدارە پێی گەیشتووە.
لایەنە سیاسییەکانیش کە دەکەونە کێبڕکێی سیاسی و تەنانەت ئاڵۆزی و بەریەککەوتنی سیاسیش تا دەگەن بە لێکترازان، گرنگە لە میدیاکانییانەوە کارێک نەکەن کە دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن و پاش دانیشتن و گفتوگۆ و رێککەوتنە سیاسییەکان دۆش دابمێنن و نەزانن چۆن دۆکە لە دۆشاوەکە جیابکەنەوە!
دەبێت ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە کە پاش چارەسەری کێشەکان رووی ئەوەیان هەبێت مەرحەبایەکی یەکتری بکەنەوە و خەڵکیش متمانەیان پێبکاتەوە.
هەرێمی کوردستان جوگرافیایەکی گشتییە بۆ هەمووان و هەریەک بە ئاست و ئەندازە و پێگەی خۆی بەشێکی سەرەکی و پێکهێنەرییەتی، هەمووشمان یەک چارەنوسمان هەیە و بەستراوەتەوە بە هەرێمەکەمانەوە، بچوکترین زیان بۆ هەریەکێکمان لە ئەنجامدا گەورەترین زیانە بۆ هەمووان، بۆیە تاکە رێگای بەردەوامی و بەهێزی هەرێمی کوردستان رێککەوتنە بۆ هەمووان سەرەڕای هەموو تێبینییەکانیشمان.
کوردستان بۆ هەمووانە، دەبێ هەمووانیش کوردستان بە هی خۆیان بزانن.




