په‌یامێك له حزبه‌كانی كوردستانه‌وه بۆ سه‌رۆك بارزانی گەیشت

هەولێر -KDP.info- سه‌رۆك بارزانی له دواین په‌یامی خۆیدا له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌شێك له نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له كوردستان باس له‌وه ده‌كات کە ده‌بێت ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه بچێت، به‌شێك له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانیش پشتیوانیی ئه‌و په‌یامه ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بکرێت.
سه‌رۆكی خۆشه‌ویستمان، سه‌رۆك بارزانی، له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیی له شاندێكی هاوبه‌شی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی وڵاتان له هه‌ولێر كرد و دووپاتی كرده‌وه كه لەپێناو پاراستنی شەرعیەت و بەهاكانی دیموكراسیدا پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان دووپات كردەوە كە کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوەیە و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش ڕایگەیاند، پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان چ بڕیارێك بدەن، ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین.
دوای په‌یامه‌كه‌ی سەرۆک بارزانی، سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان پشتیوانیی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی کە هه‌ڵبژاردن له كات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونكه ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ست بكات به ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، هاوكات ڕۆژی یەکشەممە ٢٦-٣-٢٠٢٣، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دیاری کرد، هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانیشی ڕاسپارد، کاری پێویست بۆ ئاماده‌کارییەکانی بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردن بکەن.
ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له كاتێكدا بوو كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردن له كوردستان ده‌كات و له ئاستی ناوخۆش پارتی دیموكراتی كوردستان فشاره‌كانی ده‌ست پێ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بێنه سه‌رخه‌ت و ڕێكه‌وتن بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردن. ئاری نانه‌كه‌لی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی بەشی رێکخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''په‌یامی سه‌رۆك بارزانی زۆر گرنگ بوو كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان خستییه ڕوو، بەوەی کە ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و چیی تر به هیچ بیانوویه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كان دوا نه‌خرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی نه‌رمیی زۆری نواندووه بۆ داواكاریی لایه‌نه‌كان له پرسی هه‌ڵبژاردن، هه‌ر له ڕه‌زامه‌ندبوون به فره‌بازنه‌یی و پرسی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پرسی داتاكانی به‌غدا كه بكرێته پێوه‌ری هه‌ڵبژاردن و پرسی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی پێكهاته‌كان كه دواجار نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش له‌و بارەیە‌وه كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون، پارتی دیموكراتی كوردستان نایه‌وێت له‌ژێر هیچ بیانوویەك چیی تر هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت.''
ڕایشیگه‌یاند: ''ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له ئاستی شه‌قام و حزبه‌كانی كوردستان پشتیوانیی فراوانی لێ كراوه و خه‌ڵك و حزبه‌كان چاوه‌ڕێن كه هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئه‌و حزبه، یان ئه‌و لایه‌نه‌ی نایه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، یان به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه داده‌نێت، خۆی به‌رپرسیاره و په‌یامی سه‌رۆك بارزانی ڕوونه، ئه‌مه به‌شێكه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تێبینییان هه‌یه له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت له كوردستان بكرێت، به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ش بۆ ناوخۆ و بۆ حزبه‌كانی كوردستان بوو، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایەش ئێمه وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردن و گرنگه له‌و كاته‌ی بۆی دیاری كراوه، بەڕێوە بچێت.''
هاوكات ڕه‌فعه‌ت محه‌مه‌د، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''بۆچوونی حزبیمان له ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردن له كات و واده‌ی خۆیدا بەڕێوە بچێت و چیی تر دوا نه‌خرێت و گرنگه لێك نزیكبوونه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان له نێوان خۆیاندا هەبێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێك دروست بێت هه‌ڵبژاردن به‌بێ گرفت تێ په‌ڕێت، ئه‌مه ئامانجی سه‌ره‌كیی ئێمه‌یه و ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین له كات و ساتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت و له‌گه‌ڵ دواخستنی نین.''
ڕایشیگه‌یاند: ''هه‌ڵبژاردن كه دوا كه‌وتووه له كاتی خۆی بۆ ئه‌وه بووه كه شیرازه‌ی سیاسی نه‌پچڕێت له كوردستان و ئاڵۆزی دروست نه‌بێت، به‌داخه‌وه گرژی هه‌یه و ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گرژییانه به‌لاوه بنرێن و هه‌ڵبژاردن بكرێت.''
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و په‌یامه‌كه‌یشییەوە كه ئه‌مڕۆ ئاشكرای كردووه بەوەی کە ده‌بێت ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بكرێت، ده‌ڵێت: "هه‌ر په‌یامێك له‌و بارەیە‌وه بدرێت بۆ هه‌ڵبژاردن، ئێمه پشتیوانیی ده‌كه‌ین و ئیستا كاك مه‌سعود بارزانی له‌م كۆبوونه‌وه‌یەی ئه‌مڕۆ پێداگریی كردووه و گرنگه، چونكه دوا بكه‌وین له هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌ی دیموکراتی كاڵ ده‌بێته‌وه و خودی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ئه‌وه‌یە كه ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی هه‌مانه له كوردستان له‌ده‌ست نه‌چن و كوردستان سیمایه‌كی دیموكراتیی هه‌بێت، بۆیه ئێمه وه‌ك حزب جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه کە هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكرێت.''
هاوكات سه‌عد خالد، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هه‌ڵبژاردن بنه‌مایه‌كه بۆ سیسته‌مێكی دیموكراتی و یه‌كێك لە بابەتە گرنگه‌كان بۆ كوردستان ئه‌وه‌یه كه لایه‌نه‌كان ڕێك که‌ون بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ناو حكوومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تیش ده‌بێت مولزه‌م بن به‌و خشته‌یەی كه سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریی كردووه، چونكه ئه‌مه گرنگه بۆ جوان نیشاندانی ئه‌زموونی كوردستان و هه‌ر بیانوویەك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، زیان به ناوبانگ و سومعه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌گه‌ر ورده گرفتیشمان هه‌بێت گرنگه له‌سه‌ر بنه‌مای دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، چونكه زیانی زۆری لێ ده‌كه‌ین.''
له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، سه‌عد خالد ده‌ڵێت: ''به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كوردستان و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان پێویسته تێكه‌ڵ نه‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ململانێی سیاسی، چونكه هه‌ڵبژاردنە و لایه‌نێك كه‌متر، یان زیاتر ده‌نگ ده‌هێنێت و پێویسته لایه‌نه‌كان بیانوو نه‌هێننه‌وه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، چونكه ئه‌وه‌تا پلاسخارت نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕۆژهه‌ڵات، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی كردووه بۆ ئەوەی كه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه ئه‌و داواكارییه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ كردوویه‌تی، گرنگ بوو.''
هاوكات، سوبحی مه‌هدی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''ئه‌گه‌ر سیسته‌می دیموكراتی له وڵات بچه‌سپێت، یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆی بكرێت، پێویسته كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه هه‌نگاو بنێت و حزبه ناكۆكه‌كان كه‌مێك له سه‌قفی داواكاریی خۆیان بێنه خواره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له هه‌نگاوێك بێته خواره‌وه و له یه‌ك خاڵدا پێكه‌وه بڕیار بده‌ین و دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر حسابی ده‌نگی گشتی له‌پێناوی شه‌خس و حزب مه‌ترسیداره، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و خاكی كوردستان له سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به دڵسۆزانه و خه‌مخۆرانه بیری لێ بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئیستا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه ڕه‌نگه له كاتی خۆیدا گفتوگۆكان ته‌واو نه‌بن و نه‌گه‌نه ڕێككه‌وتن كه گۆڕانكاری له یاسای هه‌ڵبژاردن بكرێت و گۆڕانكاری له كۆمسیۆن بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه گرفتێك هه‌یه له‌وه‌ی بتوانرێت له كاتی خۆی بكرێت.''
ڕایشیگه‌یاند: ''وه‌ك حزبی شیوعی پێمان باش بوو ساڵی پێشوو هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام كه دوا كه‌وت ناڕەزاییمان ده‌ربڕی و پێمان خۆشه له كات و ساتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت.''
له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌وه، سوبحی مه‌هدی، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: ''په‌یامه‌كه په‌یامێكی باشه و كاك مه‌سعود بارزانی ده‌یه‌وێت ته‌رجومه‌ی ئه‌م په‌یامانه بكات بۆ ئه‌وه‌ی بكرێنه پراكتیك و له كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.''
به‌پێی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بوو پار ڕۆژی 10ی 10ی 2022 هه‌ڵبژاردن له كوردستان بەڕێوە بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكیی سیاسییه‌وه نه‌توانرا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكرێت، دواتر ئه‌مساڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژی 18ی 11ی دیاری كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان.




