٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هاوکێشەکانی ئاوەژووکردەوە

سەرچاوە: KDP.info

رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هاوکێشەکانی ئاوەژووکردەوە و کەرتی ووزەی کوردستانی بەنێودەوڵەتی کرد 

د.محمد خدر مولود 

بەرلەوەی کابینەکەی محمد شیاع سوودانی ڕابگەیێنرێت، ئەو پارت و هێز و لایەنانەی عێراقی و کوردستانی و تەنانەت هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکەش لە کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هاوکێشەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دا گرەویان لەسەر شکست و کەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد. هەروا گاڵتەشیان بە پارتی دەکرد و بە حزبێکی مەغرور و نەزان و بێ ئەزموون و شکست خواردوو لە قەڵەمیان دەدا. 

ئەوانە، ئەو پارت و لایەن و کەسانە، نەک هەر لە بۆچووندا سەرچیخ و بەهەڵەدا چووبوون بەڵکو هەندێکیان لە گوێی گادا نووستبوون و مەستی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بوون و لە حیکمەت و چۆنیەتی یارییە سیاسییەکان و ژیری و ئایندەبینی سەرۆک و فریادرەس مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەزان و نا بەلەد بوون. 

ئاخر هەر لە دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر پارتی زیرەک و ژیرانە، بە هێمنی و ئایندە بینییەوە توانی شێوازی یاریی و هاوپەیمانە سیاسییەکان بگوڕێ و بەرنامە و نەخشەی ئەم و ئەو و ئەویتریش ئاوەژوو بکاتەوە.

ئاخر ئەو رێککەوتنە مێژوویی و گرنگەی رۆژی 4-4-2023ی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی نەوتی کوردستان و هەناردەکردن و فرۆشتنی یەکێکە لە بەرهەمی ئەو شەرت و مەرج و داواکارییانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر بەر لە پێکهێنانی کابینەکەی شیاع سوودانی هەیبوو وەک مەرجی پێشوەختەی بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق لە بەغدا.

وا لەمڕۆوە، لەدوای رۆژی 4-4-2023 وە، دوایی چەندین مانگ لە پێکهێنانی کابینە و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی یەکێک لە شەرت ومەرج و داواکارییەکانی پارتی هاتە دی.

گرنگی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە و واژۆکردنی دەقی نامەی رێککەوتنەکە لە لایەن بەرێزان مەسرور بارزانی و محمد شیاع سوودانی گەر لە هەر لایەنێکی ئابووری و سیاسیی و یاساییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەو جۆرە ڕێککەوتنەیە کە دۆڕاو و زەرەرمەندبووی تێدا نییە و، بەڵکو هەردوولا، هەولێر و بەغدا تیایدا براوە و سوودمەندن، گەر واژۆی رێککەوتنەکە دوایی دادگاکەی پاریسیش هاتبێ، لە بارەی فرۆشتنی نەوتی کوردستانەوە لە لایەن بەغدا و بەرێز محمد شیاع سودانی  لێککەوتەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و فرۆشتنی لە ساڵی 2014 و شەری داسەپاوی تیرۆرستانی داعش و هاتنی ملیۆنان ئاوارەی عێراقی و سووری و لە ئامێزگرتنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەواندنەوەیان لەبەرچاو گیراوە و بە بایەخەوە وەرگیراوە.

گەر لەو ڕوانگەیەوە سەیری هاوکێشەکە بکەین و سوود و سەرکەوتنەکانی هەولێر و بەغدا لە گەڵ یەک بەراورد بکەین، هەست دەکەین هەولێر براوەتر و سوودمەندترە لە چاو بەغداوە. دەپرسین بۆ؟ ئایا لەبەر دەنگ و دۆر و قسە و قسەلۆکانەی لە پای  ئەو گرفتانەی لە کوردستاندا لەمەر پرسی نەوت و فرۆشتنی هەبوون..؟ یا هۆکاری سیاسیش سامانی سروشتی و نەوت دەبێتە پاشخانێک و لە تێروانین و بەرنامەی ئایندەبینی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی کوردستاندا، نەوت و سامانی ژێر زەوی کوردستان چۆن پرسێکی ئابووری گرنگن ئاواش پاشخانن و بارگاوین بە چەندین ڕەهەندی سیاسیی گرنگی ناوخۆ و دەرەکی و سەرچاوەو هۆکارن بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا.

بۆیە کە لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئەو بابەتە دەکەین، ژیری و ئایندەبینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکومەتمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ کە چۆن ژیرانە توانیان کەرتی ووزە و نەوتی کوردستان لە ژێر کارتی فشار و هەژموونی ئەم و ئەو دەربێنن و زیاتر ڕەهەندی یاسایی و دەستووری مافی گەلی کوردستانی بە تەواو پێکهاتە نەتەوەیی و ناوچەیی و ئاینیی پێ ببەخشن و نەفتی کوردستان لە ناوچەگەرێتی و بەرتەسکكردنەوە و قەتیس ماوی جوگرافی رزگاری بکەن و، ڕەهەندی نەفت وەک سامانێکی گرانبەهای مافی نیشتیمانی و نەتەوەیی سەیر بکرێ و مامەلەی ئێستایی و ئایندەیی لەگەڵ دا بکرێ. 

ئەوەیان خاڵێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکان کە هەولێر و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەتوانێ لاف و پۆزی سەرکەوتن لە بەرامبەر بەغدا لێ بدا و لە هەمان کاتیشا هەولێر زیاتر هەست بە سەرکەوتن بکات کاتێ هەست دەکات لە سایەی ئەو رێککەوتنە مێژووییەی 4-4 ی نێوان هەولێر و بەغدادا وا دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان زیاتر رێچکەی یاسایی و دەستوری دەگرێتە بەر و بڕیارە هەمەجۆرەکانی دادگای فیدراڵی عێراق  لە بەغدا نەک هەر ناگەنە هەولێر، بەڵکو لەو بەری دیجلەوە ناپەڕنەوە  ئەوبەری دیجلە. 

لە کاتێکدا نەوتی هەرێمی کوردستان پێشتر لەسەر نەخشەی ووزەی جیهانی بوو، لە ئێستادا تەواوی وڵاتانی زیندووی دونیا ئاگاداری پرسی فرۆشتنی نەوتی کوردی بوون بە بۆڕی کوردستان - بەندەری جەیهانی تورکی بەو بەند و برگە یاساییانەی دادگای پاریس بریاری لێ دا.  

وڵاتانی ئەوروپا دوای تەقینەوەی بۆڕییەکانی نۆرد ستریم-2 و شەڕی داسەپاوی ڕووس بەسەر ئوکراینا چاوێکیان لە ووزە و گازی هەرێمی کوردستان بوو وەک جێگرەوەی گازی ڕووسیی و لەو ڕۆژە به‌دواوەش زیاتر لە جاران چاویان لەسەر ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان دەبێ.  

ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێوان کێشمەکێشمی زلهێز و وڵاتانی سەردەستەی ناوچەکە و جیهاندا و وەک ژمارەیەکی سەنگین لەگەڵ ژمارە سەنگین و قوڕسەکاندا هەژمار دەکرێ.

هەر رۆژی 7-4 ی ئەم مانگەش بوو، ئەمریکا بە ئاشکرا پێشوازی و پیرۆزییان لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کرد و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە مێژوویی ناوبرد و پێشبینی ئەوەشی کرد کە ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری درێژخایەنی کەرتی وزە.

جا وا هەولێرە، پشتی سەری بڵند و ڕووی لە خۆرە، لە قەیران و گرفتەکاندا دەرفەت دادەهێنێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دێنێ و لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەتە تێکۆشەره‌کەی کوردستان دا پێگە و شان و شەوکەتی خۆی، نەک هەر لە گەڵ پێگە و شانی بەغدای پایتەختی عێراق، بەڵکو لە گەڵ پێگە و شانی پایتەختانی ناوچەکەش بەراورد ناکا. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار