سەرکەوتنێکی هەم نیشتیمانی و هەم دەستووری لە پرسی نەوتدا

بڵند نەوڕەس
بەشێک لەوانەی لەسەر ئاستی جۆراوجۆر بە تانەوە پرسیاری ئەوە دەکەن و دەڵێن مادام رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵی لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێم دەستکەوت و سەرکەوتنە، بۆ پێشتر ئەم رێککەوتنە نەکراوە؟
وەڵامەکەی زۆر بە سانایی ئەمەیە: سەرجەم حکومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا دەگات بە حکومەتی بەڕێز سودانی، هەموویان کارییان دەکرد لەسەر پێشێلکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بارگاویبوون بە عەقڵییەتی شۆڤێنی و کاریان بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەکرد، لە بری کارکردن لەسەر پرەنسیپی هاوسەنگی و هاوبەشی دوولایەنە لە عێراقدا، هەروەها هەمیشە پەیڕەوی پرەنسیپی مەنتیقی هێزییان دەکردوو هێزی مەنتیقییان وەلاوەنابوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.
هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی دەستووری کردووە لە عێراقدا و سەرجەم کێشەو ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش لە رابردوودا لەسەر پێشێلکردنی دەستوور بووە لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە کە زیاتر لە ٥٠ مادەی دەستوورییان پێشێلکردووە.
ئێستا زەمینەکە چ رەخسابێت و چ رەخسێنرابێت بۆ هەردوو حکومەت، دەرگایەکی نوێی کردۆتەوە بە رووی هەردوو لادا و بۆ یەکەم جارە جۆرێک لە راستگۆیی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەدیبکرێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک ئەم تێگەیشتنە تێکنەدرێت لە لایەن هەندێک لە عەقڵ دۆگماکانی عێراقەوە لە ژێر پاساوی جۆراوجۆردا.
بەڵێ دەبوایە لەسەرەتای رێکخستنەوەی عێراقی نوێدا کە لەسەر بنەمای هاوبەشی دوو لایەنەی کورد و عەرەب دامەزرایەوە، هەر لەو کاتەوە عێراق بە هاوبەشی بەڕێوەببرایە، بەڵام نەبوونی نیازپاکی و پشتکردنی لایەنە عێراقییەکان لە واژووەکانی خۆیان و پاشان گرنگینەدان بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێشێلکردنی، ئەو گرێبەستە سیاسییەی تێکدا.
بەڵێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردن بە دۆسییەی نەوتەوە بە شێوەیەکی دەستووری لەگەڵ بەغدادا سەرکەوتنێکی مێژویی تۆمارکرد بە سەرۆکایەتی رێزدار مەسرور بارزانی و بە پشتگیری راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری و دنیا بینی نێچیرڤان بارزانی.
چۆن بڕیاری دەرهێنانی نەوت و هەناردەکردنی و فرۆشتنی لە سەردەمی رێزدار نێچیرڤان بارزانیدا دەستکەوتێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو، لە هەمان کاتدا بە دەستووریکردنی نەوتەکەش و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ نرخی نەوتی عێراقدا سەرکەوتنێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە سەرۆکایەتی رێزدار مەسرور بارزانی بۆ هەرێمی کوردستان.
گرنگ ئەوەیە ئەم متمانەیەی دروستبووە پەرەی پێبدرێت لە لایەن هەردوو حکومەتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشانەوەی زیاتر و خۆشگوزەرانی باشتر ئامێزییان بۆ بکاتەوە.




