میدیای سۆشەڵ

بەشی هەشتەم
پ.د.نەزاکەت حسێن
بەگریمانەیی بوون
پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی لە وڵاتی سوید 'Patrik Wincent دەڵێت" ئای پاد' و'ئاپ' ەکان شوێنی دایکان و باوکان و بەخێوکەرانی منداڵانیان بۆ گرتوینەتەوە، بەڵام ئەوە بزانن هیچ کات و هیچ 'ئاپ'ێک نابێت بە 'lap' واتە باوەشی خۆت بۆ منداڵەکەت، ئەم پسپۆڕە دەڵێت "جاران کە منداڵ دەگریا یان دایک و باوک یان کەسێکی تر لە باوەشی دەکرد، یان بەخێوکەرێکمان بۆ دەگرت". ئێستا ئای پادێکی دەدەینێ و دەڵێین با پێوەی سەرقاڵ بێت. هەموومان سۆشیاڵمیدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتیمان وا ناسی و وا پێناسەکرا بۆمان کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست دەکات بۆمان، بەڵام لە راستیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی لاواز کردین. توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە لە %٨٩ نەوەی تەکنەلۆجیا خواستی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی نییە و حەز ناکات بچێتە شوێنی قەرەباڵغی و زۆربەیان خواستیانە لە ماڵەوە بن لە گەڵ مۆبایل یان یاری و گەیمەکان کات بەسەربەرن. هەموومان وامانزانی تۆڕی کۆمەڵایەتی رێگایەکە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێ، راستە بەڵام دوورت دەخاتەوە لە زۆر لە هاوڕێکانت و جۆرێکی تر هاورێت بۆ بەرهەم دێنێت کە هاوڕێیەکی گریمانەیی و بێ هەست و رۆحە، پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا سەکۆی 'چات' واتە گفتوگۆ ناسێنران، بەڵام 'Patrik Wincent دەڵێت توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە نەوەی سۆشیاڵمیدیا و تەکنەلۆجیای نوێ نەوەیەکی بێ دەنگ و کۆمەڵگەیەکی کەم گفت دروست دەکات، چونکە بە بێ دەنگی بە تەنها خۆت گفتوگۆ دەکەیت لە گفتوگۆی کۆمەڵگە رەستەقینەکە دادەبرێت و دەچیتە گفتوگۆیەکی گریمانەیی. ئەم سەکۆیانەمان بە شوێنی کات بەسەربردن و بەزمەسات و پشوودان دامان ناوە، بەڵام ئەو کات بە ئێمە بەسەر دەبات و کە لادەکەیتەوە لە زۆر شتت، زۆرکەس، زۆر کاری گرنگت ون و فەرامۆش کردووە. ئەمانە Tristan Harris فەرمانبەری پێشووی گۆگڵ دەڵێت سۆشیاڵمیدیا نەک وات لێناکات هەست بە خۆشی بکەیت بەڵکو لە ناخدا هەمیشە هەست بە ئازار و قەلەقی دەکەیت، چونکە هەست دەکەیت زۆر کاتت خەرج کردووە، زۆر شتی گرنگت فەرامۆش کردووە و مرۆڤە راستەقینەی جاران نیت، زۆر هاوڕێ و کەست لەخۆت دوورخستوەتەوە چونکە کاتت نییە بچیت بۆ لایان و بە هاورێ گریمانەیەکانەوە سەرقاڵیت. ئەم پسپۆرە دەڵێت سۆشیاڵمیدیا و هاتنی ئینتەرنێتمان بە ژینگەیەکی ئازاد زانی و وامان زانی سەربەخۆییمان دەداتێ، نەمانزانی کۆنترۆڵی ژیانمان دەکات، زۆربەمان وامان زانی سۆشیاڵمیدیا دیموکراسیەتی بۆ هێناین، چونکە بوار دەدات کە خاوەنی میدیایەکی خۆت و دەربڕینی گوزراشتەکانت بیت، بەڵام Jaron Lanier دەڵێت نا نەک سۆشیاڵمیدیا کۆنترۆڵی کردین، بەڵکو کۆنترۆڵی هەموو ژیانی کردین، چونکە کۆنترۆڵی بیرکردنەوەکانی کردووین پێش دەربڕینەکان، ئەو پێمان دەڵێت چۆن بیربکەینەوە، چۆن قسە بکەین، چی قسەی باشە بیکەین، چی بخۆین، چی لەبەرکەین لە ژیانە گریمانەییەکەدا. سۆشیاڵمیدیا لای ئێمە سەرچاوەیەکی فراوانی وەرگرتنی زانیاری بوو، یۆڤاڵ هەراری دەڵیت: ئەو زانیارییەکان لە تۆ وەردەگرێت و سەر لەنوێ ئەو زانیارییەت بۆ بەرهەم دێنێت کە خۆی دەیەوێت پێت رابگەیەنێت و پێتی پەروەردە بکات. بە خۆڕایی بەردەست بوونی ئەم هەموو ژینگە و بوار و زانیارییانە بۆ ئێمە وا بوو خزمەتمان دەکات، Jaron Lanier دەڵێت: "بزنسی سەرکەوتووی گۆگڵ و یوتیوب پەیداکردنی پارەیە لە رێگەی قەناعەت کردن بە بەکارهێنەرەکان بۆ کڕینی شتومەکەکان و ناردنیان بۆ بازاڕ بۆ ئەو کاڵایەی کلیکی لەسەر دەکات و لە رێگەی ئەوانەوە ریکلامی بۆ دەکرێت" واتە پرۆسەی دەرهێنانی پارەیە لە گیرفانت بەڵام لە بازاڕ و کرین و فرۆشتنێکی گریمانەیی. 'Patrik Wincent دەڵێت ئەو مۆبایلەی لە گیرفانت دانراوە پارەی گیرفانتی پێ رادەکێشن بە ریکلامە قەناعەت پێکەرەکان و بازاڕی تەقلیدی بەرەو داخستن دەچێتە بازاڕی دیجیتاڵی قەرەباڵغ بووە. Jaron Lanier دەڵێت" سۆشیاڵ میدیا نەک تەنها کۆمەڵگەیەکی جێگرەوە دروست دەکات، بەڵکو مرۆڤێکی جیگرەوەی تری ئەم مرۆڤە بەرهەم دێنێت لە رەفتار و کردار جیاوازە و بە تەواوەتی گریمانەییە، چونکە سۆشیاڵ میدیا ژینگەیەکی تری جێگرەوەی بۆ پەروەردە و بەرهەم هێنانی مرۆڤ دروست کردووە، بۆ ئەمەش سوودیان لە پرۆسەی Behaviorism واتە رەفتارسازی بینیوە، کە بەپێی ئەم پرۆسەیە مرۆڤ پەروەردەی وابەستەیە بەو ژینگەیەی پەیوەستە پێیوەی، لێرەدا لەم ژینگەی سۆشیاڵمیدیا خولقاندوویەتی تاک پەروەردە دەکرێت.




