٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چۆن شكۆی ڕاپە‌ڕین بپارێزین؟

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فاروق

ئێستا كە ۳۲ ساڵ بەسەر مەزنترین و گرنگترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی كورددا تێدەپەڕێت، پێویستە چی بكەین؟ مانەوە لە نێو یادەوەرییەكانی ڕاپەڕین و شەڕكردن لەسەر بەحزبیكردنی ئەو دەستكەوتە نەتەوەییە چی لە واقیعی ئێستەی كۆمەڵگەی كوردی دەگۆڕێت؟

ڕاستەکەی، هەر تەقەڵایەک بۆ بە نەمریی هێشتنەوەی ڕاپەڕین و بە دۆكیۆمێنتكردنی وردەكارییەكانی و دروستكردنی دەیان فیلم و بەڵگە لەسەر ئەو ڕووداوە، كارێكی زۆرباش و مەزنە، بەڵام گرەو لەسەر ئەوەی ڕاپەڕین بکرێتە هۆکارێک بۆ سڕکردنی داخوازییە ڕەواكانی خەڵك، یان شكاندنەوەی پەنجەكانی یەكتر و شێواندنی ڕاستییەكانی مێژوو و بەحزبیکردنی ڕاپەڕین، نادادگەری و بێویژدانییەكی ناشیرینە.

ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕین لە كەشوهەوای ئازادی كوردستاندا پێگەیشتووە، داخوازیی جیاوازی هەیە، پێداویستیی سەردەمییانەی هەیە.. پێویستە لە داخوازییەکانیان و ئەركەكانی ئێستەی بەرەو پێشەوەبردنی كۆمەڵگەی كوردستان بگەین و كار بۆ بەجێگەیاندنیان بكەین.

تاكە ڕێگە بۆ بەمەزنی هێشتنەوەی ڕاپەڕین و یادەوەرییەكانی، بریتییە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

حزبەكان کار بۆ بەهێزیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تاكو بتوانێت داخوازییە هەنوكەییەكانی گەنجانی كوردستان و كۆمەڵگەی دوای ڕاپەڕین بەدی بهێنێنت.

دەبێت ئێستە دید و خەیاڵمان لای ئایندە بێت، کە چۆن بژین و چۆن كوردستان پێش بخەین، نەك شەڕكردن لەسەر ئەوەی ڕاپەڕین سیخناخ بكەین بە دروشمی حزبی.

لە بری ئەوەی ڕاپەڕین بە بۆیاخی خۆمان ڕەنگ بكەین، هەوڵی كۆكردنەوەی پلان بدەین بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردستان پێش بخەین و سیستەم بۆ ژیان و نیشتمان دروست بكەین، چەمكەكانی ئازادی، مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان، مافی منداڵان و ئافرەتان، بە یاسا بچەسپێنین و بیانکەینە بنەمای تێڕوانینمان بۆ ئایندە.

ئەگەر ڕاپەڕین یەكەم وێستگەی هەستانەوەی كورد بووبێت، نابێت ڕێگە بدەین ئەو کاروانە لەو وێستگەیەکدا پەكی بكەوێت، بەڵكو دەبێت بەهەموومانەوە هێز و گوڕی بدەینێ تا دەگاتە دوا لووتکەی مەبەست كە ئەویش ڕزگاریی کورد و کوردستانە لەبن دەستی و گەیشتنە بە سەربەخۆیی یەکجاری..

ڕاپەڕین سەرەتای پرۆسەی ڕزگاریی نەتەوەیەكە، نەك دوا وێستگە. بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان، بە ڕۆحیەتی یەكەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، لە دەوری حكوومەتی هەرێم كۆببنەوە و بیرۆكە و بەشدارییان هەبێت لە پێشخستنی زیاتری ئەزمونی حوكمڕانیی كوردستاندا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار